
خەڵکی خەباتکاری کوردستان!
هێز و لایەنە سیاسییە کوردستانی و ئێرانییەکان!
٣٣ ساڵ بەر لە ئێستا و لە ٢٦ی خەرمانانی ساڵی ١٣٧١ی هەتاویدا، دوکتور سادق شەڕەفکەندی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وێڕای کاک فەتاح عەبدولی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و نوێنەری حیزب لە دەرەوەی وڵات، کاک هومایون ئەردەڵان، نوێنەری حیزب لە وڵاتی ئاڵمان و نووری دێهکوردی، دۆستی حیزب، بە پیلانی پێشوەختە و پلانبۆداڕێژراوی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری بێرلین تێرۆر کران.
دەزگای دادی ئاڵمان دوای ئەم کردەوە تێرۆریستییەی کۆماری ئیسلامی کە پەروەندە و دادگای ئەو تێرۆرە دەوڵەتییەی کۆماری ئیسلامی بە مێکونووس ناوی دەرکرد، دوای لێکۆلێنەوەەیەکی وردی پێنج ساڵە، بەڕێوەبردنی ٢٤٧ دانیشتنی دادگا و بانگهیشتکردنی ١٧٦ کەس بڕیاری کۆتایی خۆی دەرکرد. بەگوێرەی بڕیاری دادگای بێڕلین کردنە ئامانجی دوکتور سادق و قوربانییانی دیکەی ڕووداوەکە، تێرۆرێکی سیاسی و دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە و بڕیاری ڕاستەوخۆی کاربەدەستانی هەرە سەرووی ڕێژیمی لە پشت بووە. حیزبی دێموکرات هەر ئەوکات بڕیاری دادگای بێرلینی بەرز نرخاند کە سەرەرای گوشاری زۆری سیاسی بەڵام سەربەخۆیی خۆی پاراست و بە دەرخستنی ڕاستییەکان ڕوخساری ڕاستەقینە و تێرۆریستیی کۆماری ئیسلامیی بۆ کۆمەڵگەی جیهانی ئاشکرا کرد.
مەبەستی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو تێرۆرە بەئەنجامگەیاندنی کارێکی نیوەتەواو و ئاکاموەرگرتن لە بڕیارێک بوو کە چەند ساڵ پێشتر لە بەرزترین ئۆرگانی ڕێبەریی ڕێژیمەوە درابوو. ئەویش بەئامانجگرتنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ بەچۆکداهێنانی خەبات و خۆڕاگریی کورد، وەک دواسەنگەری بەربەرەکانی و ئازادیخوازی لە ئێراندا. بڕیارێک کە پێشتر بۆ تێرۆری د. عەبدولڕەحمان قاسملوو، سکرتێری پێشووی حیزبی دێموکرات درابوو، و بە ناوی وتووێژ پەلکێشی بۆسەی ڤییەن کرابوو؛ بەڵام کاتێک بڕیاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی زانییان د. شەرەفکەندی وەک جێگرێکی لێوەشاوەی د. قاسملوو زۆر بەباشی کەلێنەکانی بێئەویی لە ڕێبەریی حیزبی دێموکرات و جووڵانەوەی کورددا پڕ کردۆتەوە، ئەمجارەیان ئەویان کردە ئامانج. بێگومان تیرۆری دوو سکرتێری بەوەج و کاریگەری حیزبی دێموکرات و دواتریش چالاکترکردنی ماشێنی تیرۆر لە باشووری کوردستان بۆ کردنەئامانجی کادر و پێشمەرگە و خەباتکارانی حیزبی دێموکرات، دەربڕی ترسی ڕێژیم لە خەبات و شوێندانەریی ئەم حیزبە و ئاماژەیەکی ڕوونتر بوو بۆ لاوازکردنی حیزب و بزووتنەوەی کورد لە ئێران بوو.
ئەگەرچی تێرۆری دوو سکرتێری گشتیی حیزب ئەویش بە ماوەی سێ ساڵ زەبرێکی قورس لە پەیکەری حیزبی دێموکرات بوو، بەڵام هاوسەنگەران و قوتابییانی ئەم دوو ڕێبەرە بلیمەتە لە مەیدانی خەباتی بەکردەوەی ڕزگاریخوازیدا سەلماندیانەوە کە ئەم بزووتنەوە و خەباتە ڕەوایە لە هەناوی کۆمەڵگەی کوردستانەوە هەڵقوڵیوە و هەتا دێ هەر پتر گەشەی سەندوە. ئەمەش گرێدراوی گەشەی بیروهزری ئازادیخوازی و؛ هیوا و دووڕەڕوانیی تاکوکۆی کۆمەڵگەی کوردستان بۆ گەیشتن بە مافە مرۆیی و نەتەوەییەکانیەتی، ڕوانینێک کە بە وردی و بە ڕوونی لە خوێندنەوەی ڕێبەرانی شەهیدی وەک پێشەوا قازی محەممەد، دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندی و بەرێوەبەریی ئەم حیزبەدا ڕەنگی داوەتەوە.
دوکتور سادق ڕێبەرێکی لێهاتوو، هەڵکشاو لە قەڵافەتی پێشمەرگانە، ئاکادیمیسییەنێکی وردبین و شۆڕشگێڕێکی بەباوەڕو خاوەن پڕەنسیپی سیاسی و نەتەوەیی بوو. دوکتور سادق کەسایەتییەکی بەبڕشت بوو بە مانا بەربڵاوەکەی. ئەو لە بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتدا پێداگرییەکی تەواوی لە سەر هێڵە فکری و تەشکیلاتییەکانی حیزب دەکردەوە. دوکتور شهرهفکهندی لە هەموو ماوەی خەبات و تێکۆشانی خۆیدا خەمی گەورەی بەربڵاوکردنی زیاتری جووڵانهوهی سیاسی و نەتەوەیی کورد لە ئێران بە پشتبەستن بە پشتیوانی و خۆتێدادیتنەوەی زیاتری خهڵک بوو. کەم نووسین و وتاری دوکتور شەڕەفکەندی هەیە کە لەواندا داوی لە خەڵک نەکردبێ جووڵانهوهکە به هی خۆیان بزانن و پشتیوانیی لە بزووتنەوەی سیاسی و نەتەوەیی خۆیان بهربڵاوتر بکهن و پێویستە ههموو چین و توێژ و تاکهكانی کۆمهڵگە له بهرامبهر چارهنووسی گهلدا خۆیان به بهرپرسیار بزانن.
دوکتور سادق، لە پێگەی ئاکادیمیسییەنێکی سەرکەوتوو، زۆری گرینگی بە لایەنی تیۆری و مێژوویی بزووتنەوەی کوردستان و پرسە ڕەواکەی دەدا و بە نووسینی کتێب و وتار، ڕوانگە و بۆچوونەکانی خۆی سەبارەت بە پرسی نەتەوەیی و چارەسەری پرسی کورد شی دەکردەوە. بە تایبەت لە سەروبەندی ڕووخانی دیواری بێرلین و لەبەریەک هەڵوەشانەوەی یەکیەتیی سۆڤییەت و کۆتایی هاتنی جیهانی دووجەمسەری و شەڕی سارد و، له درێژهی ئهو مێتۆده سهربهخۆ و ڕهخنهگرانهیهدا که ساڵانێك بوو له حیزبی دێموکراتدا و لەسەر دەستی ڕێبەرانی وەک د. قاسملوودا نههادینه کرابوو، خوێندنهوهیهکی نوێ و گونجاوی لهگهڵ دۆخی تازهدا دەکرد. لە پەیوەندی لە گەڵ پرسی نەتەوەیی، ڕوانگەیەکی کوردستانیی دیاریکراوی هەبوو. پێی وابوو کە کورد وەک کۆمەڵگە و کوردستان وەک نیشتمانێکی دابەشکراو، خاوەن ناسنامەی نەتەوەیی و شوناسی تایبەت بە خۆیەتی. ئەو بە شارەزایی و خوێندنەوەیەکی قووڵ کە لە مێژووی کورد و بزووتنەوە و ڕاپەرینەکانی کوردستان هەیبوو، گرینگییەکی تایبەتیی بە ناسنامەی نەتەوەیی و پرسی شوناسسازی دەدا. ئەم تایبەتمەندییەی دوکتور سادق وای کردبوو لە پەیوەندی لەگەڵ پێکهێنانی هەر جۆرە بەرە و هەواڵبەندییەک لە گەڵ لایەنە ئێرانیەکان، پرسی مافە نەتەوەییەکان بە بنەما و پێشمەرج وەربگرێت و بەشێکی سەرەکیی بێت لە گوتاری سیاسی ئەم ڕێبەرە مەزنە. بەڵام ئەم بنەمایە، نەبووە هۆی پشتگوێ خستنی پرسە هەستیار و بەها درێژخایەنەکانی دیکەی وەک پرسی دادپەروەری کۆمەڵایەتی ، ستەمی چینایەتی و پرسی ژنان و هتد.
سەبارەت بە دەوری کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵات و چین و توێژە جیاجیاکان و بەشدارییان لە بزووتنەوەی فرەجومگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕوانگەی تایبەت بە خۆی هەبوو. وێڕای گرنگیپێدان بە خەباتی پێشمەرگانە و بەرگریی ڕەوا و چەکداری، پێی وابوو خەباتی چەکداری ڕوانگەیەکە و خۆی گوتەنی "بۆ خەبات چ زۆرە رێگا" و لە ئاکامدا پێداگریی لەسەر پێویستیی بەشداریی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستان لە بزووتنەوەکەدا دەکردەوە.
ڕوانگەیەکی دیکەی دوکتور سادق، جەختکردنەوەی لە سەر پرسی سەربەخۆیی سیاسیی حیزبی دێموکرات بوو و بەردەوام پێی لەسەر ئەوە دادەگرت کە "ئێمە بۆ خۆمان سیاسەتی خۆمان دیاری دەکەین، جا چ حیزبێکی بچووک بین یان گەورە، چ بەهێز بین یان بێهێز، سیاسەتی سەربەخۆیی خۆمان ناگۆڕین، چون ئێمە حیزبێکی سەربەخۆین". هەروەها لە پەیوەندی لەگەڵ چارەنووسی نەتەوەی کورد لە رۆژهەڵات، پێداگریی لە سەر عاملییەتی نەتەوەی کورد دەکردەوە و پێی وابوو ئەوە تەنیا کوردەکانن کە دەتوانن بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن
تایبەتمەندییەکی بەرزی دیکەی دوکتور سادق، ڕوانگەی بۆ لێکنزیککردنەوەی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن و دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەر ئەساسی پڕەنسیپە نەگۆڕەکانی حیزبی دێموکرات وەک مافی نەتەوەیی و بابەتی دێموکراسی بوو. لەم پێناوەش هەوڵی زۆری دا کە سەرووتر لە ئاستی لایەنە ئێرانییەکان، پرسی کورد لە ئاستی ڕێکخراو و کۆمەڵە جیهانییەکان بێنێتە بەر باس و نێوەرۆکی پرسی کورد و سیمای ڕاستەقینەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە ڕای گشتیی جیهانیان بناسێنێت. بە داخەوە لە دوایین هەوڵەکانی و دوای بەشداریکردنی لە کۆنگرەی ئێنتیرناسیوناڵ سۆسیالیست، بە مەبەستی سازدانی پلاتفۆرمێکی هاوبەش لەگەڵ لایەنە ئێرانییەکان، کرایە ئامانجی تێرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران و شەهید کرا.
٣٣ ساڵ بە سەر تیرۆری ڕێبەری هەڵکەوتوومان تێدەپەرێ. لەگەڵ بەردەوامبوون و لە گەشەبوونی بزووتنەوەی نەتەوەیی و جەماوەریی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، حیزبی دێموکرات لەسەر هێڵی نەتەوەیی و بەها و پڕەنسیپە سیاسییەکانی خۆی و ڕێبەرانی شەهیدی پێداگرە. ئەمە ڕێک پێچەوانەی ئەو بۆچوون و ئامانجە نگریسەی کۆماری ئیسلامییە کە ئیستاش پێێ وایە بە ڕێگەی تیرۆر و ڕەشەکوژی و "نیعمەتی شەڕ لە کوردستان"، حیزبی دێموکرات و بزووتنەوەی نەتەوەیی دەسڕێتەوە. وەک چۆن دەبینین سەرەڕای ئەو هەمووە زەبرەی لەسۆنگەی تێرۆریزیمی کۆماری ئیسلامییەوە بەر حیزبی دێموکرات کەوتوە، ئەم حیزبە نەک هەر لەنێو نەچووە، بەڵکوو بیری نەتەوەیی و ئازادیخوازیی کوردستان و پرسە ڕەواکەی بەردەوام گەشەی کردوە و بەرفراوانتر بووە.
٣٣ ساڵ دوای تێرۆری مێکونووس ئەمڕۆکە لە ئاستی جەماوەری و کۆمەڵگەکانی سەر جوغرافیای ئێراندا، هێزو ویستی نەتەوە بندەست و هەرێمە نەتەوەییە پەراوێزخراوەکان، بووەتە هێزێکی شوێندانەری داهاتووی ململانێیەکان. لە ئاستی دەسەڵاتدا، ڕێژیم لەگەڵ زنجیرە قەیرانێکی تێکچڕژاوی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و بەرێوەبەریی بەرەوڕوو بۆتەوە کە دەربازبوونی لێیان مەحاڵە. لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا، تێرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی بە هەموو تۆڕ و هێزە پرۆکسییەکانی نەک هەر ئەوەی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لاوازتر دەبن، بگرە ئێستا قووڵایی بێهێزی و دەستەوەستانیی ڕێژیم پتر لە هەر کاتێک دەرکەوتوە. فراوانخوازی و زێدەڕەوییەکانی لەژێر ناوی هەناردەکردنی شۆڕش و پەرەپێدان بە بەرنامەی ئەتۆمی و مووشەکی و تێکدانی ئاسایشی ناوچەکە لەگەڵ ئاستەنگ و لەمپەری گەورە بەرەوڕوو بۆتەوە و لە کۆی ئەو گۆڕانکارییە نێوخۆیی و ناوچەییانەدا کۆماری ئیسلامیی ئێران چیدی ناتوانێ خۆی بگرێتەوە.
٣٣ ساڵ دوای تێرۆری مێکونووس ئەم ڕاستییە پتر لە هەموو کاتێک خۆی دەرخستوە کە ئەزموونی خەباتی دوورودرێژ بەڵام دەوڵەمەندی کوردستان کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا بزووتنەوەی ژینا لە نموونە بەرچاوەکانی بوو، ئەم ئەزموونە وێنای بەریەککەوتنی هێز و بەهاکانی ئازادی، مافی ژیان و کەرامەتی مرۆڤ و نەتەوەکانە بەرانبەر بە ئەزموونی شکستخواردووی ناوەندگەرایی و پاوانخوازی. بۆیەشە لە ساڵیادی تێرۆری دوکتور سادق و هاوڕێیانیدا، بە ورەی بەرز و بە هیواوە درێژە بە ڕێبازی پیرۆزی ئەو شەهیدە مەزنانە دەدەین و خوو و ڕهوشت و وانەکانی ئهو ڕێبهره مهزنه هەروا مهشخهڵی ڕووناككهرهوهی ڕێگای خهباتمان دەبێ. هاوکات لەسەر بنەمای مافە نەتەوەیی و دێموکراتیکەکان و بنیاتنانی ئێرانێکی دێموکراتیک و فیدڕاڵ، جەخت لە سەر هاوخەباتی و یەکڕیزیی هەموو نەتەوە بندەستەکان و هێز و لایەنە ئازادیخوازەکان دەکەینەوە.
سڵاو لە ڕۆحی پاکی شەهیدانی کوردستان
سڵاو لە ئیرادەی گشتیی و ڕوحی خۆڕاگری و خەباتکاریی خەڵکی کوردستان
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەستەی کارگێڕی
٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٤