
ڕێک لە بەرەبەری سیهەمین ساڵیادی تێرۆری دوکتور سادق شەرەفکەندی، سکرتێری پێشووی حیزبی دێموکرات و هاوڕێیانی لە لایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە برلینی پێتەختی وڵاتی ئاڵمان، ژینا ئەمینی، کچە کوردی شاری سەقز بە دەستی هێزە سەرکوتکەرەکانی ئەم ڕێژیمە تەنیا بە تاوانی دیاربوونی بەشێک لە قژەکانی گیانی لە دەست دا.
ئەمجارەیان ئەم کردەوە نامرۆڤانەیەی کۆماری ئیسلامی وەکوو هەزاران کردەوەی نامرۆڤانەی دیکە لە چاوی خەڵک نەشاردرایەوە و بەم بۆنەوە ڕاپەڕینێکی بەرینی جەماوەری لە ئاستی کوردستان و ئێراندا سەری هەڵدا و بەخێراییەکی بەرچاو سەرنجی گشت جیهانی بۆ ڕاکێشرا.
ڕاپەڕینی ژینا کە لەژێر دروشمی "ژن ژیان ئازادی"دا توانی کۆڵەکەکانی دەسەڵاتی خۆسەپێن و سەرەڕۆی ڕێژیمی ئێران وەلەرزە بخات، شوێنی سەرهەڵدانەکەی کوردستان بوو کە زیاتر لە چوار دەیە لە هەمبەر ئەم دەسەڵاتە خۆسەپێنەدا خۆڕاگری دەکات و هەزاران ڕۆڵەی بەئەمەگی خۆی پێشکەش بە بارەگای ئازادی و دێموکراسی کردووە کە یەک لەوان دوکتور سادق شەرەفکەندییە کە لە ڕێکەوتی ۲٦ی خەرمانانی ۱۳۷۱ی هەتاوی، لە ڕێستورانی میکۆنۆسی برلین، هاوڕێ لەگەڵ کاک فەتاح عەبدولی، کاک هومایۆن ئەردەڵان و نووری دێهکوردی (چالاکی سیاسی ئێرانی) بە دەستی تێرۆریستانی ڕێژیم شەهید کران.
ئەم کردەوە تیرۆریستییە بۆ یەکەمجار سیمای تێرۆریزمی دەوڵەتیی ڕێژیمی ئێرانی لە دادگای میکۆنووس بۆ جیهان ئاشکرا کرد و سی ساڵ بەر لە ڕاپەڕینی ژینا دەسەڵاتی ڕێژیمی ئێرانی بردە ژێر پرسیار و بە دنیای سەلماند کە ئەم ڕێژیمە تەنیا زمانێک کە دەیزانێ، زمانی کوشتن و تیرۆرە.
لە ۳۳هەمین ساڵیادی تیرۆری دوکتور سادق شەرەفکەندی و هەروەها ۳هەمین ساڵیادی قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمینی، کە ڕێژیم لەوپەڕی لاواز و ئیزۆلەبوونی خۆیدایە و لەژێر گوشاری جۆراوجۆر؛ سیاسی، ئابووری، ژینگەی و کۆمەڵایەتی دا تووشی داڕمان و بێدەرەتانی بووە، باشتر وایە کە دژبەرانی ئەم ڕێژیمە بە یەکگرتوویی و هاودەنگیی کۆتایی بەم دەسەڵاتە ناڕەوایە بهێنن.
بەرز و بەڕێز بێت یادی شەهیدان و قوربانیان دەستی تیرۆر و سەرکووت.
سەرکەوتن بۆ کورد و کوردستان
ناوەندی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
٢٦ی خەرمانانی ١٤٠٤