کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیندانییانی سیاسیی ئێڤین لەسەر دزینی کەلوپەلەکانیان سکاڵایان لە بەرپرسی ئەو زیندانە کرد

10:49 - 26 خەرمانان 2725

ژمارەیەک لە زیندانییانی سیاسیی زیندانیی ئێڤین بە هۆی دزینی کەلوپەلی تاکەکەسیی خۆیان دوای گواستنەوەیان بۆ زیندانی تارانی گەورە، سکاڵایان بۆ دادگاکانی دادوەری لە دژی هیدایەتوڵڵا فەرزادی بەرپرسی ئەم زیندانە تۆمار کردووە.

ئەم زیندانییانە باس لەوە دەکەن کە دوای بۆردومانکردنی زیندانی ئێڤین و گواستنەوەی خێرایان بۆ زیندانی تاران، کەلوپەلەکانیان دزراوە و هیدایەتوڵڵا فەرزادی بەرپرسی سەرەکی ئەو دزییانە بووە.

تا ئێستا پێنج سکاڵای فەرمی لەسەر هیدایەتوڵڵا فەرزادی کە لە مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ خرایە نێو لیستی گەمارۆکانی یەکیەتیی ئورووپاش، لەلایەن زیندانییانی سیاسییەوە تۆمار کراوە.

بە وتەی سکاڵاکاران، دوای گەڕانەوەیان بۆ زیندانی ئێڤین، لە جیاتی ئەوەیکە بۆ بەندی پێشوویان(٤ و ٨) بگەڕێنەوە و بۆ بەندی ٧ گواستراونەتەوە ئەمەش وای کردووە نەتوانن بەهیچ شێوەیەک دەستیان بە کەلوپەلەکانیان بگات کە لە ژوورەکانیاندا بەجێ مابوو.

لە دەقی سکاڵاکەدا هاتووە کە بەرپرسی زیندان بەهۆی خراپ بەڕێوەبردن و خیانەت لە ئەمانەت و دزینی کەلوپەل تۆمەتبار کراوە و بە پشکنینی کامێرای زیندان دەتوانێت ڕۆڵی ئەو کەسانە کە لەم دزیانەدا تێوەگلاون دیاری بکات.

جێگای ئاماژەیە ونبوونی کەلوپەل تەنیا لە زیندانییانی سیاسیدا ڕووی نەداوە و بەشێک لە زیندانییانی دیکەش ئیدیعای هاوشێوەیان هەیە.