
ێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا ئاماژەی بەوە داوە کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ١٤٠١ـەوە هەتا ئێستا نزیکەی ٣ هەزار بەندکراوی لە سەرانسەری بەندیخانەکانی ئێران لە سێدارە داوە.
ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٤ی هەتاوی، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ڕایگەیاند کە ئامارە تۆمارکراوەکانی ئەو ناوەندە دەرخەری ئەوەن کە لە ڕێکەوتی ٢٦ی خەرمانانی ١٤٠١ـەوە هاوکات لەگەڵ شۆڕشی ژینا هەتا مانگی خەرمانانی ئەمساڵ، لانیکەم ٢٩١٠ بەندکراو لەوانەش ٨٣ ژن لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە لە سێدارە دراون.
ئەو ڕێکخراوە مافی مرۆییە سەرەڕای ناوبردنی لەسێدارەدانەکانی دوای شەهیدکرانی ژینا ئەمینی بە "بڵاوکردنەوەی ترس و دڵەڕاوکێ لەنێو کۆمەڵگە" نووسیویەتی: "لە نێوان لەسێدارەدراواندا، ٣٧ بەندکراوی سیاسی ـــ عەقیدەتی و ١٤ کەسی خۆپیشاندەر هەن کە ١٢ کەسیان بەهۆی شۆڕشی ژیناوە دەسبەسەر کرابوون و ٤ کەسیان منداڵ بوون".
ئەو ڕاپۆرتە ئاماژەی بەوە داوە کە سەرکوتی خەڵکی ئێران لە ساڵی ١٤٠١وە کە بە شۆڕشی ژینا لەژێر دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" ناوی دەرکردووە لەلایەن ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان، ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەندێک لە وڵاتانی جیهان لەوانەش ئەمریکاوە مەحکووم کراوە.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە لەو ڕێژەیە لە لەسێدارەدانەکان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، نەتەوەکانی بەلووچ و کورد بەنیسبەت حەشیمەتیانەوە، پشکی زیاتریان بەرکەوتووە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێراندا ئاماژە بە بەربڵاویی شۆڕشی ژینا کراوە و هاتووە کە "شۆڕشی ژینا گەورەترین و بەربڵاوترین ناڕەزایەتیی سەرانسەریی ئێران دژی نیزامی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی نزیک بە نیو سەدەی ڕابردوو بە ئەژمار دێت".
شایانی باسە سەرەڕای شەهیدکرانی سەدان کەس لە ڕەوتی شۆڕشی ژینا لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، هەزاران کەسی دیکە ئێستاش دەسبەسەرن و بە هەزاران کەسی دیکەش بریندار و کەمئەندام بوونە.
هەر لەو پێوەندییەدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی دووشەممە ٢٤ خەرمانانی ئەمساڵ بە دەرکردنی بڵاوکراوەیەک بەبۆنەی سێهەمین ساڵوەگەڕی قەتڵی حکوومەتیی "ژینا ئەمینیـ"ـەوە، وێڕای بەرزڕاگرتنی یادی ژینا، پێداگریی لەسەر ئەوە کردەوە کە ناوی ژینا هیچکات لەبیر ناکرێت و شەهیدکرانی ناوبراو و هاوشێوەکانی ئەو کچە کوردە، تاوان و جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی دژی مرۆڤایەتییە.