
ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٦ی خەرمانانی ١٤٠٤، ٣٣ـەمین ساڵیادی تێرۆرکردنی دوکتۆر سادق شەرەفکەندی، سکرتێری پێشووتری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە دەستی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.
٣٣ ساڵ لەمەوبەر لە وەها ڕۆژێکدا دوکتۆر شەرەفکەندی لە پەراوێزی کۆنگرەی ساڵانەی ڕێکخراوی "ئینتێرناسیۆناڵ سۆسیالیست" لە بێڕلینی پێتەختی ئاڵمان، لە دانیشتنێک لەگەڵ کۆمەڵێک سەرکردە و کەسایەتییە دژبەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بەشداری دەکات.
دانیشتنەکە لە چێشتخانەیەک بە ناوی "میکۆنووس" بەڕێوە دەچێت و تەنیا چەند خولەک پاش گەیشتنی دوکتۆر شەرەفکەندی، چەند تێرۆریستی سەر بە کۆماری ئیسلامی دەچنە نێو چێشتخانەکەوە و دوکتۆر سادق و سێ هاوڕێی دیکەی بە ناوەکانی فەتاح عەبدولی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و نوێنەری حیزبی دێموکرات لە دەرەوەی وڵات، هۆمایوون ئەردەڵان، نوێنەری حیزب لە وڵاتی ئاڵمان و نووری دێهکوردی، دۆستی حیزب، تێرۆر دەکەن.
پاش تێرۆرکردنی ڕێبەری پێشووی حیزبی دێموکرات، دەسەڵاتدارانی تاران هەوڵەکانی خۆیانیان بۆ ڕاگرتنی پڕۆسەی دادوەریی دۆسییەکە خستە گەڕ و سەدان بەڵگەی ساختەیان ڕادەستی دادگا کرد، بەڵام ناسەرکەوتوو بوون و لە کۆتاییدا دادستانیی فێدێڕاڵی ئەو کاتی ئاڵمان لە ڕێکەوتی ٢١ی خاکەلێوەی ١٣٧٦ی هەتاوی بۆ یەکەمین جار دادگایەکی نێودەوڵەتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە "تێرۆریزمی دەوڵەتی" مەحکووم کرد.
ژیانی سیاسیی دوکتۆر شەرەفکەندی بەتایبەتی پاش تێرۆرکردنی دوکتۆر عەبدولڕەحمان قاسملوو، ڕێبەری پێشووتری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و دەسپێکی کاری وەک سکرتێری گشتیی حیزب، یەکێک لە لاپەڕە زێڕینەکانی مێژووی حیزبی دێموکرات بوو.
دوکتۆر سادق شەرەفکەندی لەپێناو هاودەنگی و یەکگرتوویی لایەنە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی هەوڵێکی بەرچاوی دا و لە ماوەیەکی کەمدا بە ڕۆڵی ئەرێنیی خۆی، ترسی خستە دڵی دەسەڵاتدارانی تارانەوە.