
کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان لە ٨٦ـەمین حەفتەی مانگرتن لە خواردندا و ناڕەزایەتیدەربڕین لەمەڕ سزای لەسێدارەدانەکان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە کە تێیدا ئاماژە بەوە دراوە کە لە ئێستا ئەو کەمپەینە لە ٥٢ بەندیخانەی سەرانسەری ئێراندا چالاکە و لە مانگرتن لە خواردنی خۆیان بەردەوامن.
لە بەیاننامەی ڕۆژی سێشەممە ٢٦ خەرمانانی ١٤٠٤ی کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێداەرەدان ئاماژە بە سێهەمین ساڵوەگەڕی شەهیدکرانی ژینا ئەمینی کراوە و هاتووە کە "بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی" کە بە ڕژانی خوێنی ژینا دەستی پێ کرد و لە ماوەیەکی زەمەنیی کەمدا بووە گەورەترین بزووتنەوەی مێژووی هاوچەرخ لە ئێران.
لەو بەیاننامەدا باس لەوە کراوە کە ئەندامانی کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان لە ٥٢ بەندیخانەدا یاد و ناوی ژینایان بەرز ڕاگرتووە و لەو بارەوە نووسیویانە: "ڕێژیمی سەرکوتکەری کۆماری ئیسلامی بە تەقەی ڕاستەوخۆ دژی لاوان، ژنان و ناڕازییان تەنیا بە ڕواڵەت توانیان ئەو ناڕەزایەتییە بەربڵاوە سەرکوت بکەن بەڵام خەڵکی ئێران یادی ژینا و هەموو شەهیدانی ئەو بزووتنەوەیە لەبیر ناکەن".
هەر لەو بەیاننامەیەدا بەنیسبەت دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ چەند بەندکراوێکی دیکە و مەترسیی جێبەجێکرانی ئەو سزایە هۆشداری دراوە.
هەروەها لە بەشێکی دیکەی ئەو بەیاننامەدا ئاماژە بە کوژرانی محەممەد ڕەشیدی لاوی خەڵكی سەقز کراوە کە لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا و لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکان دژی تێکدانی ژینگەی کوردستان و دزینی کانگاکانی کوردستان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە شەهید کرا و هاوخەمیی خۆیان لەگەڵ بنەماڵەی ناوبراو دەربڕی.
لە کۆتایی ئەو بەیاننامەیەدا پێداگری لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە "هەتا هەڵوەشانەوەی تەواوی سزای لەسێدارەدانەکان و سەقامگیریی ڕاستەقینەی دادپەروەری لە ئێران کۆڵ نادەین و هاواری دادپەروەری و بەرگریی لە ماف و کەرامەتی مرۆڤەکان لە هەر سێشەممەیەکی حەفتەدا بەرز دەکەینەوە".