
ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی خەرمانان هێزەکانی سپای پاسداران لە نزیک کانگای زێڕی قوڵقوڵە لە نێوان ئاواییەکانی پیرۆمەران و قوڵقوڵە هێرشیان کردە سەر خەڵکی ناڕازیی ئەو ناوچەیە و لە ئاکامدا کەسێک بە ناوی محەممەد ڕەشیدی گیانی لەدەست دا و چوار کەسی دیکەش بریندار بوون.
کانگای زێڕی قوڵقوڵە یەکێک لە کانگا زێڕەکانی کوردستانە کە کۆماری ئیسلامی لەمێژە لە ڕێگای مافیاکانی سپای پاسدارانەوە خەریکی کار لەسەرکردن و بەتاڵانبردنیەتی و هەر چەشنە ناڕەزایەتییەکی خەڵک و کۆمەڵگەی مەدەنیی شاری سەقزیان بەتوندی وڵام داوەتەوە. ڕووداوەکەی ئێوارەی دووشەممەش هاوشێوەی ئەوانە بووە و کاتێک خەڵک بۆ ناڕەزایەتی بە تێکدانی زەوی و زار و ڕێگاوبانیان ویستوویانە ناڕەزایەتی دەرببڕن، هێزەکانی سپای پاسداران خەڵکیان وەبەر دەسڕێژی چەکەکانیان داوە، و دوای گیانلەدەستدانی هێزەکانی ڕێژیم تەنانەت ڕێگەیان نەدا تەرمی محەممەد ڕەشیدی بە شێوەیەکی ئاسایی ئەسپەردە بکرێ.
بێگومان ئەوە یەکەم جار نییە کە ڕووداوی هاوشێوەی وەها لە کوردستان ڕوود دەدا، بۆ وێنە لە چەند ساڵی ڕابردووشدا خەڵکی ناوچەی هەوشاریان لەسەر ناڕەزایەتیدەربڕین بە تاڵانکردنی کانگای زێڕی زەڕەوشان دایە بەر لێدان و بێڕێزیکردن و چەندین کەس بریندار و دەسبەسەر کران.
ناوەندی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای بەداخبوون بۆ ڕووداوەکەی کانگای زێڕی قوڵقوڵە، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی محەممەد ڕەشیدی دەکا و هیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ بریندارەکان دەخوازێ.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کۆماری ئیسلامی و سپای پاسداران لەو ڕووداوەدا بە تاوانبار و بەرپرسیار دەزانێ و داوا لە خەڵکی کوردستان دەکا لە هەر کام لە ناوچەکانی کوردستان دژ بە بەتاڵان بردنی سەروەت و سامانی خەڵکی کوردستان و تێکدانی ژینگەی وڵات دژکردەوەیان هەبێ و لە ئاست ئەم کردەوانەی ڕێژیمدا بێدەنگ نەبن.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
ناوەندی تەشکیلاتی نهێنی
٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٤