کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران بەئەنقەست زەینەب جەلالیانی لە وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی بێبەش کردووە

16:53 - 26 خەرمانان 2725

کۆمەڵێک لە چالاکانی مەدەنی و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ و زیندانییانی سیاسی پێشوو لە نامەیەکی سەرئاوەڵادا بە ئاماژە بەبێبەشکردنی سیستماتیک و بەئەنقەستی "زەینەب جەلالیان" لە وەرگرتنی چارەسەریی پزیشکی لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، جەختیان لەسەر پێویستیی ئەم پرسە بۆ ئەم چالاکە کوردە کردووەتەوە.

واژۆکارانی ئەم نامەیە ڕایانگەیاندووە کە ناوبراو تووشی چەندین کێشەی جەستەیی لەوانە نەخۆشییەکانی گورچیلە و هەرسکردن و بینایی، هەروەها خوێنبەربوونی زۆر بووە کە بەهۆی ڕیشاڵی منداڵدانەوە دروست بووە و هۆشداریشیان داوە کە ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی منداڵدانی هەیە.

سەرەڕای چەندین نەخۆشیی چارەسەرنەکراوی ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە، بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران تا ئێستا ڕێگریان لە دەستڕاگەیشتن بە چاوەدێریی پزیشکیی شیاو کردووە.

لەم نامەیەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە کاربەدەستانی ڕێژیم چارەسەر و دەرمانی جەلالیانیان بە مەرجی واژۆکردنی "تۆبەنامە" گرێ داوە و ئەم گوشارە بەشێکە لە سیاسەتی ناچارکردنی زیندانییانی سیاسی بۆ بێدەنگکردن و تۆبەکردنی زۆرەملێ.

هاوکات واژۆکاران باسیان لەوە کرد کە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەوانە ٩ ڕیپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی بانەمەڕی ساڵی ١٤٠٤دا هۆشدارییان بەنیسبەت دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و بێبەشکردنی پزیشکی و ئەشکەنجەدانی جەلالیان داوە و داوای گواستنەوەی دەستبەجێی ناوبراو بۆ نەخۆشخانەیەکی مەدەنی و سەربەخۆیان کردووە.

ئەوان داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە کە گوشارەکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران زیاد بکەن هەتا ڕێگری لەوە بکەن کە جەلالیان هێدی هێدی بەرەو مەرگ بڕوات کە ڕێژیم بەئەنقەست بەسەریدا سەپاندووە.

زەینەب جەلالیان خەڵکی شاری ماکۆ، ڕەشەمەی ساڵی ١٣٨٦ی هەتاوی لە شاری کرماشان دەسبەسەر کرا. دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمی ئێران سەرەتا بە تۆمەتی "موحاربە" و "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان" حوکمی لەسێدارەدان و پاشان زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپاند و ئێستا ١٧ـەیەمین ساڵی بەندکرانی خۆی لە زیندانی ناوەندیی یەزد بەسەر دەبات.