کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەوڵە بێئاکامەکانی ڕێژیم بۆ کوژاندنەوەی بڵێسەی ئاگری بزووتنەوەی ژینا لە سەقز

16:56 - 26 خەرمانان 2725

ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٤ و لە سێیەمین ساڵیادی دەسپێکی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا، ڕێژیم کەشێکی تەواو ئەمنییەتیی بە سەر شاری سەقزدا سەپاند.
سەرەڕای هەموو هەوڵە دووبارەبووەکانی ڕێژیم بۆ پێشگرتن لە مانگرتنی خەڵکی سەقز و هەڕەشەکردن لە دووکانداران و بازاڕییان، ڕۆژی ڕابردوو هەموو دووکانەکانی شار بە شێوەیەکی یەکدەست داخران و بازاڕییان مانیان گرت.
بەپێی دوایین زانیارییەکان لە چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار لە سەقز کە بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران گەیشتوون، کەشێکی تەواو ئەمنییەتی تا دوایین ساتەکانی ڕۆژی ڕابردوو بە سەر هەموو شارەکەدا زاڵ بووە و هاتوچۆی خەڵک و ماشینەکان خراوەتە ژێر چاوەدێرییەوە تاکوو پێش بە هەر چەشنە کۆبوونەوەیەک بگیردرێت.
سەرچاوەیەک بە ژووری هەواڵی ڕاگەیاندووە کە شەوی ڕابردوو لە گەڕەکی کەریماوا خۆپیشاندانیک هاتووەتە ئاراوە و تێیدا بە دژی ڕێژیم و بۆ پشتیوانیکردن لە ژینا و بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"، دروشم دراوە.
سەرچاوەیەکی دیکە باسی لە گوشاری ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری سەقز بۆ سەر چالاکوانانی سیاسیی سەقز و بنەماڵەی چالاکوانانی دەرەوەی وڵات کردووە. ئەم سەرچاوە پشتڕاستی کردووەتەوە کە ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز پێوەندیی بە بنەماڵەکانەوە گرتووە و هەرەشەی لێ کردوون کە بە منداڵەکانیان لە دەرەوەی وڵات ڕابگەیەنن بە هیچ شێوەیەک چالاکی لەسەر ساڵوەگەڕی بزووتنەوەی ژینا ئەنجام نەدەن و زیادیشی کردووە، بە هێندێک لە چالاکوانانی نێوخۆ ڕاگەیەندراوە کە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لە شار نەچنە دەرەوە و لە ئەگەری پێوەندیگرتن خۆیان بە زووترین کات ڕادەستی ئەم ناوەندە ئەمنییەتییە بکەن.
گەشتی هێلیکۆپتەر و فڕۆکە بێفڕۆکەوانە چاوەدێرییەکان بە سەر شار و گۆڕستانی ئایچیدا یەکێکی دیکە لە ڕێکارەکانی بەرپرسان بۆ چاوترسێنکردنی خەڵک لەم ڕۆژەدا بوو.
سەرەڕای تێپەڕبوونی سێ ساڵ لە دەسپێکی بزووتنەوەی ژینا و سەرکوتی توندوتیژانەی خەڵک لەلایەن ڕێژیمەوە، هێشتا دروشمە پێکهاتەشکێنەکانی وەک "ژن، ژیان، ئازادی"، زیندووە و لەسەر شەقامەکان و شوێنە گشتییەکان دەنووسرێت و دەوترێتەوە.
لە ئیستادا و پاش شکستەکانی ئەم دواییانەی کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر ئیسرائیل بەتایبەتی لە شەڕی ١٢ ڕۆژەدا و دەرکەوتنی لاوازییەکانی، دەسەڵاتدارانی تاران هەست بە مەترسییەکی بەرچاو لە نێوخۆی وڵات دەکەن و بەردەوامبوونی بزووتنەوەی ژیناش بە شێوەکانی گونجاو لەگەڵ بارودۆخی سیاسیی ئەمڕۆی ئێراندا توانیویەتی پەرە بەم ترسەی ڕێژیم بدات.