کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەمارۆی نوێی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر سەرچاوە داراییەکانی سپای پاسداران

11:02 - 27 خەرمانان 2725

ئەمریکا و ئیسرائیل لە هەنگاوێکی هاواهەنگدا سەرچاوە داراییەکانی سپای پاسدارانیان کردە ئامانج.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٤ ڕایگەیاند، سزای نوێی بەسەر تۆڕێکی نێودەوڵەتیدا سەپاندووە کە لە فرۆشتنی نایاسایی نەوتی ئێراندا دەستیان هەیە.

ئەم تۆڕە کەسانێک و چەند دامەزراوە لە هۆنگ کۆنگ و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی لەخۆ دەگرێت و بە وتەی واشنتۆن داهاتەکانی بۆ دابینکردنی دارایی لقی قودسی سپای پاسداران و وەزارەتی بەرگریی کۆماری ئیسلامی و گرووپە نیابەتییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکەدا بەکار دەهێنرێت.

ئەم کارە لە چوارچێوەی فەرمانی جێبەجێکردنی ١٣٢٢٤ و لە چوارچێوەی سیاسەتی زۆرترین گوشار لە دژی کۆماری ئیسلامی ئەنجام دراوە.

هاوکات ئیسرائیل فەرمانی دەسبەسەرداگرتنی بەسەر ١٨٧ هەژماری دراوی سەر بە سپای پاسداران دەرکرد. بەپێی ڕاپۆرتی شیرکەتی"ئێلیپتیک"، ئەم هەژمارانە لە ماوەی دوازدە مانگی ڕابردوودا نزیکەی یەک میلیارد و نیو مامەڵەیان هەبووە. بەشێک لەم داراییە لەلایەن شیرکەتی تێتێر بلۆک کرا.

ئەمە دوایین خولی گەمارۆ داراییەکانی سەر کۆماری ئیسلامییە کە دەریدەخات ڕێژیم بۆ دابینکردنی دارایی و پشتیوانی لە گرووپە چەکدارەکان پشتی بە قاچاخی نەوت و هەژماری ڕواڵەتی دەبەستێت.

گوشارە نێودەوڵەتییەکان تا دێت سەرچاوە داراییەکانی سپای پاسداران و سیاسەتە ناسەقامگیرکەرەکانی ڕێژیم لە ناوچەکەدا دەکەنە ئامانج.