کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوایین هۆشدارییەکانی ئورووپا بە تاران سەبارەت بە گەڕانەوەی سزاکان

11:05 - 27 خەرمانان 2725

بەرپرسی سیاسەتە دەرەکییەکانی یەکیەتیی ئورووپا لە دوایین پێوەندیی تلفۆنی لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی، سەبارەت بە چالاککردنی مێکانیزمی ماشە و گەڕانەوەی هەموو گەمارۆکان بۆ سەر ئێران هۆشداریی دا.
ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی خەرمانان، هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوە بە دوایین دەرفەرتەکانی ئورووپا بە کۆماری ئیسلامی لە پێوەندی لەگەڵ بەرنامە ناوکییەکانی، کایا کالاس لە وتووێژێکی تلفۆنیدا دوایین هۆشدارییەکانی یەکیەتیی ئورووپای بە عێراقچی ڕاگەیاند.
هاوکات وەزیرانی دەرەوەی سێ وڵاتی بریتانیا، فەرانسە و ئاڵمان لەم پێوەندییەدا بەشدار بوون و باسیان لە دوایین هەوڵەکانی ئورووپا بۆ دیپلۆماسی و وتووێژ پێش لە گەڕانەوەی گەمارۆکان و چالاککردنی مێکانیزمی ماشە کردووە.
وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمان بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک سەبارەت بەم پێوەندییە تلفۆنییەکان ڕایگەیاندووە کە لەم وتووێژەدا هەوڵی ئەوە دراوە کە تاران بۆ دەسپێکردنەوەی هاوکارییەکان لەگەڵ ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی پەلە بکات.
بەرپرسی سیاسەتە دەرەکییەکانی یەکیەتیی ئورووپا و وەزیرانی دەروەی سێ وڵاتی ئورووپایی داوایان لە کۆماری ئیسلامی کردووە تاکوو ڕێگە بدات بە پشکێنەرانی ئاژانس سەردانی بنکە ناوکییە هەستیارەکانی ئێران بکەن و هەروەها تاران سەبارەت بە ئورانیۆمی پاشەکەوتکراوی خۆی کە لە ئاستێکی بەرزدا پیتێندراوە، ڕوونکردنەوە بدات.
سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە کۆماری ئیسلامی زیاتر لە ٤٠٠ کیلۆ ئورانیۆمی پیتێندراو لە ئاستی سەرەوەدای پاشەکەوت کردبوو کە بەرپرسانی ئێران ڕایانگەیاندووە هەمووی ئەم ئورانیۆمە پاش هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە بنکە ناوکییەکاندا ماوەتەوە و ڕێگەکانی دەسپێڕاگەیشتن بەم پاشەکەوتە داخراوە.
هەموو ئەمانە لەکاتێکدایە کە ترۆئیکای ئورووپا لە سەرەتاکانی خەرمانان پڕۆسەی کاراکردنی مێکانیزمی ماشەیان دەست پێ کرد.
لە ئەگەری بەئەنجامگەیشتنی پڕۆسەکە و کارابوونی مێکانیزم، هەموو گەمارۆکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەروەها ٦ بڕیارنامەی شۆرای ئەمنییەت کە پێش لە ڕێککەوتنی "بەرجام"، لە ساڵی ٢٠١٥ی زایینیدا پەسەند کرابوو، بۆ سەر ئێران دەگەڕێنەوە.