کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆمانی "زستانی سەخت" هاتە نێو کتێبخانەی کوردییەوە

13:11 - 27 خەرمانان 2725

ڕۆمانی "زستانی سەخت" لە وەرگێڕانی شەریف فەلاح شاعیر و نووسەری دیاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، چاپ و بڵاو کرایەوە.

ڕۆمانی "زستانی سەخت" یەکێک لە بەرهەمە گرینگ و کاریگەرەکانی "ئیسماعیل کادارێ"، ڕۆماننووسی خەڵکی ئەڵبانییە. ڕۆمانێکی مێژوویی و ئوستوورەییە کە بواری دژەدیکتاتۆرانە لەخۆ دەگرێت.

"کادارێ" لەم ڕۆمانەدا بە وردی ئەپەرژێتە سەر مێژوو، شۆڕش و بزووتنەوەکانی گەلی ئەڵبانیا و چەقی ڕۆمانەکە دەپەرژێتە سەر ڕەهەند و لایەنەکانی دابڕان و ڕابوونی ئەڵبانیا لە یەکێتیی سۆڤیەت لە زستانێکی تووشدا.

وەرگێڕ لەبارەی هۆکار و گرنگیی وەرگێڕانی "زستانی سەخت" بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی ڕاگەیاند: "لێکچوونی خەباتی هەر دوو نەتەوەی کورد و ئەڵبانیا لەپێناو سەروەریی سیاسیدا، سروشتی وڵات و ئەو نەهامەتی و چەرمەسەرێیانەی ئەڵبانییەکان بۆ ڕزگاری لە ژێردەستی چەشتوویانە زۆر هاوشێوەی نەتەوەی کوردە".

ئەمە یازدەیەمین بەرهەمی وەرگێڕان و نۆزدەیەمین کتێبی چاپکراوی شەریف فەلاحە.

چاپ و بڵاوکردنەوەی ڕۆمانی "زستانی سەخت" دەزگای "سەردەم" گرتوویەتە ئەستۆ و بڕیارە لە حەوتەمین پێشانگای نێونەتەوەیی سلێمانی بۆ کتێب بڵاو ببێتەوە.