
هەردی سەلیمی
٢٦ـی خەرمانانی ئەمساڵ هاوکاتە لەگەڵ ٣٣ـیەمین ساڵڕۆژی تێرۆری دوکتور سادقی شەرەفکەندی. دوکتور شەرەفکەندی پلەی دوکتورای لە وڵاتی فەڕانسە بەدەست هێنابوو و پێش لە شۆڕشی گەلانی ئێران لە تاران مامۆستای زانکۆ بوو؛ بەڵام چەند ساڵ پێش لە سەرکەوتنی شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧، هەر لە فەڕانسە لەگەڵ دوکتور قاسملوو ئاشنا دەبێ و لەو کاتەوە دەبێتە ئەندامی حیزبی دێموکرات.
دوکتور شەرەفکەندی پاش ئەوەی دەچێتە تاران پێوەندیی خۆی لەگەڵ حیزبی دێموکرات و هەروەها چالاکانی سیاسیی کوردی نیشتەجێی تاران ناپچڕێنێ، بۆیە هاوکات لەگەڵ مامۆستایەتی بە شێوەی نهێنییش چالاکیی سیاسیی خۆی بەڕێوە دەبات؛ هەتا ئەو جێیەی لە پێوەندی لەگەڵ هێنانەوە و ناشتنی شەهید عەزیزی یووسفی لە تارانەوە بۆ کوردستان کە یەکەم چەخماخەی ناڕەزایەتیدەربڕینەکانی کوردستان دژ بە ڕێژیمی پەهلەویی لێ کەوتەوە؛ یەکێک لەو سێ کەسە دەبێ کە پێشوەختە دەچنە مەهاباد بۆ ڕێکخستنی خەڵکی ئەو شارە بەمەبەستی بەشداریکردن و بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمێکی شیاوی خەباتی چەندین ساڵەی عەزیزی یووسفی.
دوکتور سەعیدی شەرەفکەندی کە لە دوای سەرکەوتنی شۆڕش و ڕووخانی پاشایەتی هەتا دوای شەڕی سێمانگەش هەر لە تاران مابووەوە، وردەوردە بەهۆی ئاڵۆزیی زۆرتری وڵات و سەرکوتی بەرینی کۆماری ئیسلامی، هاتەوە کوردستان و لەوێ درێژەی بە چالاکییە سیاسییەکانی دا. دوکتور سەعید کە کەسێکی بەتوانا و شیاو بوو، هەر زۆر زوو و لە ماوەیەکی کەمدا توانیی خۆی و تواناکانی بسەلمێنێ و پلەکانی سەرکەوتن لە حیزبدا زۆر بەپەلە ببڕێ، هەتا ئەو جێیەی لەدوای کۆنگرەکانی پێنجەم و هەشتەمدا بۆ دوو جار توانیی ببێتە جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران. هەر بەو هۆیەوە دەبێ بڵێین لە پاش شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧، دوکتور شەرەفکەندی بووە یەکێک لە داڕێژەرە سەرەکییەکانی سیاسەتەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران.
دوکتور سادقی شەرەفکەندی کە بە کەسێکی قاتع ناوبانگی هەبوو، ئەم تایبەتمەندیی قاتعیەتەی تەنیا تایبەت بە نێوخۆی تەشکیلاتی حیزب نەبوو، بەڵکوو لە دەرەوەش و بەتایبەت ڕوو لە چالاکانی سیاسیی نەتەوەی فارسیش هەیبوو و لە سیاسەتکردن و بردنەپێشی بەرنامە و ئامانجەکانی حیزبەکەی و هەروەها بەدەستهێنانی مافە نەتەوەیییەکانی نەتەوەکەیدا هیچ تەعارفێکی لەگەڵ هیچ کەس و لایەنێک بەتایبەت لایەن و کەسایەتییەکانی نەتەوەی فارسدا نەبوو.
هەر لەم پێوەندییەدا سەرنج دەدەینە بەشێک لە وتووێژی دوکتور سەعید لەگەڵ "علی کشتگر": "وشەکانی ئازادی و دێموکراسی زۆر لێڵ و ناڕوونن. حەمەڕەزاشاش باسی ئازادیی دەکرد، بۆ ئێستا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی باسی ئازادی و دێموکراسی بە شێوەی خۆی ناکات؟ بەتەنیا ئیدعای دێموکراسی مەسەلەیەک چارەسەر ناکا، مەسەلەکە نێوەرۆکی ئەو ئازادی و دێموکراسییەیە. بۆ وێنە ناکرێ بە کەسێک کە حاشا لە مافی نەتەوەییی خەڵکی کوردستان و نەتەوەکانی دیکە دەکا، بگوترێ دێموکرات، کەوابوو هۆیەک بۆ هاوکاری لەگەڵ ئەو جۆرە هێزانەمان پێ شک نایە. بۆ ئێمە سەرنجدان بە چارەسەری عادڵانەی مەسەلەی نەتەوایەتی مەرجی سەرەکیی بەشداریکردنمان لە هەر بەرەیەکدایە."
یان هەر لە شوێنێکی تری ئەو وتووێژەدا لە وڵامدانەوەیەک بەوەی کە دەڵێن نەتەوەکانی نێو جوغرافیای ئێران بە شێوەی مێژوویی پێکەوە گرێ دراون و هەتا سەر دەبێ پێكەوەش لە چوارچێوەی وڵاتێکدا بمێننەوە، دەڵێ: "پێکەوەژیان تەنیا لە ڕێگەی لەیەکترتێگەیشتنەوەیە و هیچ پێشینیەیەکی سەد یا هەزار ساڵە ناتوانێ پاساوی بۆ بێنێتەوە. ئەمە وەک ئەوە وایە بە منداڵانی بنەماڵەیەک بگوترێ چونکە لە تەمەنی هەژدە ساڵاندا لە ماڵێ جیا نەبوونەتەوە، ئێستا لە تەمەنی بیستوپێنج ساڵاندا ئیدی مافی جیابوونەوەیان نییە! ئەمە نەبوو بە ئیستدلال."
شیاوی وەبیرهێنانەوەیە لە سەردەمێکدا کەوا زۆربەی لایەنە سیاسییەکان بە کۆمەڵێک تیۆرییەوە سەرقاڵ بوون و دەیان وتار و کتێب و گۆڤار و وزەیان تەرخانی ئەوە دەکرد بیسەلمێنن دژایەتیی سەرەکیی کۆمەڵگەی کوردستان چییە و باوەڕی نەتەوەیییان بە باوەڕێکی ئیرتجاعی و دواکەوتووانە دەزانیی! دوکتور سەعیدی شەرەفکەندی لە ڕێبەندانی ساڵی ١٣٦٠ و لە گوندی شیوەجۆ خەریکی نووسین و ئامادەکردنی کتێبی "کورتەمێژووی بزووتنەوە نەتەوەیییەکانی نەتەوەی کورد" بوو.
لە هەمان کاتدا و لەگەڵ ئەوەی کەسێکی پێداگر بوو لەسەر دابینکردنی مافە نەتەوایەتییەکانی نەتەوەی کورددا، لە پێوەندی لەگەڵ عەداڵەتی کۆمەڵایەتییشدا کەسێکی بەهەڵوێست و بەباوەڕ بوو و شێلگیرانە بەدوای نەهێشتنی ستەمی چینایەتییەوە بوو، لە ڕاپۆرتی سیاسیی کۆنگرەی نۆهەمدا کە دوکتور سەعید ئامادەی کردووە، هاتووە: "ئەمڕۆ گرینگترین و لە هەمان کاتدا پڕداخ و دەردترین مەسەلە لە جیهاندا مەسەلەی نەبوونی هیچ پارسەنگێک لە نێوان دابەشبوونی هەژاری و دەوڵەمەندیدایە، لە حاڵێکدا بەشێكی کەم لە خەڵکی دنیا خاوەنی زۆربەی سەروەت و سامانی گشتیی جیهانن، بەشێکی هەرە زۆر لە ڕووتی و هەژارییەکی یەکجار دڵتەزێندا دەژین. ئەو جیاوازییە کە ئەمڕۆ بە جیاوازیی شیمال و جنووب ناوی دەرکردووە (شیمال بۆ وڵاتانی تێر و جنووب بۆ وڵاتانی برسی) سەرەڕای ئەو هەموو قسە و باسەی لەسەری دەکرێ ساڵ بە ساڵ پتر دەبێ." هەر بەم پێیە ئەم لایەنەی تریش لە کەسایەتیی سیاسیی دوکتور سەعیدمان بۆ دەردەکەوێ؛ ئەو کەسایەتییە سیاسییەی کەوا تێرۆرکردنەکەی ڕووڕەشییەکی مێژوویی و هەتاهەتاییی بۆ کۆماری ئیسلامی بەدواوە بوو.