کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵاواردنی پەروەردەیی لە کوردستان؛ نایەکسانی ڕوون لە خوێندنی باڵای ئێران

14:33 - 27 خەرمانان 2725

ڕەحیم نزهت زادە

خوێندنی باڵا، یەکێکە لە بناغەكانی گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی، کولتووری و ئابووری هەر وڵاتێکە، و دادپەروەری لە تەرخانکردنی سەرچاوە پەروەردەییەکانیش، وەک ڕێكخەری سەرەکی بۆ پێوانەکردنی پێشکەوتنی کۆمەڵگەیەک دێنە هەژمار. بەڵام ڕاپۆرت و لێدوانەکانی ئەم دواییەی بەرپرسانی زانکۆی کوردستان، نایەکسانییەکی ئاشکرا و هەڵاواردنی سیستماتیک، لە کەرتی خوێندنی باڵای ئەم پارێزگایەدا ئاشکرا کردوە.

لە دوایین کۆبوونەوەی زانکۆکان و ناوەندەکانی خوێندنی باڵا کە لە شاری سنە بەڕێوە چوو، سەرۆکی زانکۆی کوردستان جەختی; لە گرنگیدانی تایبەت بە پارێزگا کەم پێشکەوتووەکان کردەوە و ئاماژەی بە کەمترین بودجەی پەروەردەیی بۆ هەر تاکێک، لە بەراوەرد بەو لەنێوان ٣١ پارێزگای وڵاتدا كرد. ئەمەش ئەوە دەردەخات، کە بەپێچەوانەی بانگەشەی فەرمیی دادپەروەری پەروەردەیی، سیاسەتەكانی بودجە و پلاندان، لە پراکتیکدا نایەکسان بووە، و پارێزگای کوردستان وەک هەرێمێکی خاوەن توانای زانستی بەرز، بەردەوام قوربانیی سیاسەتی نادادپەروەرانەیە.

زانکۆی کوردستان بە زیاتر لە ١٢ هەزار و ٤٠٠ خوێندکار، کە ٥٢٠ خوێندکاری بیانی و نزیکەی ٤٠٠ ئەندامی زانستی زانكۆن، یەکێک لە ناوەندە زانستییە پێشەنگەکانی وڵاتە، بە بەردەوامیش لە ڕیزی ١٥ زانکۆی گشتگیر و سەرووتری ئێران، لە ڕووی توێژینەوە و پێوەرەکانی پەروەردەییەوە ناسراوە. سەرەڕای دەستکەوتە زانستییەکان و پێگەی بەرزی زانکۆکە، بەڵام بەداخەوە لە بودجە و ئاسانکاری دادپەروەرانە بێبەشە. کێشەی وێرانبوونی بەشەناوخۆییەکان، نەبوونی شوێنی وەرزشی، تاقیگە و نەبوونی ئامێری پەروەردەیی ستاندارد، فشارێکی زیاتری بۆ سەر خوێندکاران و ئەندامانی فاکەڵتیەكە بەرهەم‌هێناوە.

ئەم دۆخە نموونەیەکی ڕوونی هەڵاواردنی سیستماتیک، دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی ڕوانگەی ئەمنیی و سیاسی پارێزگای کوردستانە. بەپێچەوانەی زانکۆ دەوڵەمەندەکانی پارێزگاکانی دیکە، کە سوودمەندن لە بودجەی زۆر، ئەركگرانییە لەسەر خوێندکارانی کوردستان، هاوكات لەگەڵ کێشەگەلی ئابووری، کۆمەڵایەتییەکان و نەبوونی ئیمکاناتی سەرەتایی پەروەردەیی دا دەست و پەنجە نەرم بكەن. ئەم جۆرە بارودۆخانە، نەک بەتەنیا ڕێگری لە گەشەی زانستی و توێژینەوەی خوێندکاران دەکەن، بەڵکوو پاڵنەرەی بۆ خوێندن و چالاکیی زانستی لای خوێندكاران کەم دەکەنەوە، هاوكات و لە درێژخایەندا، دەتوانن گەشەسەندنی هاوسەنگی نیشتمانیش بخەنە مەترسییەوە.

ناتەواوی بودجە و دامەزراوەی پەروەردەیی، لێکەوتەی دوورمەودای بۆ کۆمەڵگە و ئابووری ناوچەکە هەیە. سنووردارکردنی دەستپێڕاگەیشتنن بە ئامێری تاقیگە و شوێنی پەروەردەیی گونجاو، ڕێگری دەکات لە توێژینەوەی زانستی، دەرئەنجام لە دەرفەتەکانی گەشەپێدان و داهێنان کەم دەکاتەوە. هەروەها دەبێتە هۆی کۆچی نوخبەکان بۆ پارێزگاکانی تر، یان تەنانەت بۆ دەرەوەی وڵات، و پارێزگاکە لە سەرمایەی مرۆیی بێبەش دەکات.

هەڵاواردنی پەروەردەیی لە کوردستان، تەنیا پرسێکی لۆکاڵی نیە، بەڵکوو پرسێکی نیشتمانییە، کە پێویستی بە پێداچوونەوە بە سیاسەتی پەروەردەیی و تەرخانکردنی دادپەروەرانەی سەرچاوەکان هەیە. بۆ ئەوەی هەموو خوێندکاران بەبێ گوێدانە شوێنی نیشتەجێبوون و تایبەتمەندییە ناوچەییەکان، دەرفەتی یەکسانیان هەبێت بۆ خوێندن و توێژینەوە، پێویستە دادپەروەری پەروەردەیی، وەک بنەمایەکی بنەڕەتی وەربگیرێت.

چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، پێویستی بە کردەوەی بەپەلە لە چەند بوارێکی سەرەکیدا هەیە: زیادکردنی بودجەی زانکۆکان لەسەر بنەمای پێوەرە زانستییەکان و پێداویستییە ڕاستەقینەکانی خوێندکاران، ئاوەدانكردنەوە و نۆژەنکردنەوەی بەشە ناوخۆییەکان، شوێنی وەرزشی و تاقیگە، هەروەها دابینکردنی ئاسانکاری زیاتر بۆ خوێندکاران و توێژەران. هەروەها دانانی میکانیزمی شەفاف، بۆ تەرخانکردنی پارە و چاودێریکردنی جێبەجێکردنی دادپەروەری پەروەردەیی، دەتوانێت ڕێگری لە سەرهەڵدانی هەڵاواردنی سیستماتیک بكات.

خوێندنی باڵا، بە تەنیا بە زانکۆکانەوە سنوردار نیە؛ هۆکارێکی حەیاتییە، بۆ گەشەسەندنی کولتووری، کۆمەڵایەتی و ئابووری کۆمەڵگە. جیاکاری لە تەرخانکردنی سەرچاوەکاندا، نەک تەنیا دادپەروەری کۆمەڵایەتی تێک دەدات، بەڵکوو دەبێتە هۆی نایەکسانی دەرفەتەکان، هەروەها بۆشایی لە نێوان هەرێمە پێشکەوتووەکان و کەم پێشکەوتووەکاندا دروست دەکات. بۆیە نەهێشتنی ئەو هەڵاواردنانە، تەنیا مافی خوێندکارانی کوردستان نیە، بەڵکوو بۆ دەستەبەرکردنی داهاتوویەکی گەش و گەشەسەندنێکی هاوسەنگ بۆ هەموو وڵات، بەرپرسیارەتییەكی نیشتیمانی و ئینسانییە.

لە کۆتاییدا، چارەسەرکردنی کێشە پەروەردەییەکانی پارێزگا بێبەشەکان، بە بەهێزکردنی توانای زانستی و توێژینەوە، و تەرخانکردنی دادپەروەرانەی بودجە، دەرئەنجامی لە سەرووی زانکۆکاندا هەیە، و دەتوانێت بناغەیەکی تۆکمە بۆ پێشکەوتنی بەردەوام و دادپەروەری کۆمەڵایەتی لە وڵاتدا بئافرێنێت. پارێزگای کوردستان بە بەهرەی زانستی و توانا مرۆییە فراوانەكانی، شایەنی هەل و پاڵپشتی یەکسان، پاڵپشتی کرداری بۆ گەشەکردن و گەشەپێدانە. پشتگوێخستنی ئەم پێویستییە، نەک تەنیا دادپەروەری پەروەردەیی پێشێل دەکات، بەڵکوو ڕێگری دەکات لەوەی وڵات، بە تەواوی سوود لە توانای زانستی و توێژینەوەی ئەم ناوچەیە وەربگرێت.