
عەلی مەولاننژاد
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وەک یەکێک لە حیزبە پێشەنگەکانی خەباتی سیاسی و چەکداری دژ بە ڕێژیمی ئیسلامی ئێران، لە ماوەی ٤٧ ساڵی ڕابردوودا هەمیشە جەختی لە گرنگیپێدان بە ئامادەیی جەستەیی و دەرونی ئەندامانی خۆی کردۆتەوە. حیزبی دێموکرات لەسەر ئەو باوەڕەیە کە سەرچاوەی مرۆیی تەندروست و ئامادەکراو، گرنگترین سەرمایەی بزووتنەوەیەکی ئازادیخوازە، هەمیشە هەوڵی داوە وەرزش و پەروەردەی وەرزشی وەک بەشێکی دانەبڕاو لە پەروەردە و ڕاهێنانی کادر و پێشمەرگەکانی بەکاربهێنێت، جگە لە خەباتی سیاسی و سەربازی.
وەرزش وەک بەشێکی دانەبڕاو لە ژیان و خەبات
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی دەستپێکردنی خەباتی چەکدارییەوە، گەیشتە ئەو تێگەیشتنە ڕوونەی کە بۆ درێژەدان و بەردەوامبوونی خەبات، پێویستی بە هێزگەلێک هەیە کە نەتەنیا هەر لە ڕووی فیکری و ئیدئۆلۆژییەوە ئامادەییان هەبێت، بەڵکوو لە ڕووی فیزیکیشەوە لە لوتکەدا بن. لەم ڕووەوە وەرزشی گروپی و تاکەکەسی وەک شاخەوانی، ڕاکردن، ئامادەیی جەستەیی و هونەری شەڕ هەر لە سەرەتاوە بوونە بەشێک لە بەرنامەکانی ڕۆژانەی پێشمەرگە.
چالاکی وەرزشی لە بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات
دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە سی ساڵ و مانەوە و حزووری کادر، پێشمەرگە و بنەماڵەکانی حیزبی دێموکرات لەو بنکە و بارەگایانەی کە دەکەونە هەرێمی کوردستان، ئەم ڕێبازە نەتەنیا هەر پارێزگاری لێکراوە، بەڵکوو فراوانتر بووە. حیزب بە دابینکردن و ئاسانکاری زیاتر و هاوکاری لەگەڵ دامەزراوە ناوخۆیی و ناوچەییەکان، سەرکەوتوو بووە لە فەعالییەتی وەرزش بە شێوەیەکی سیستماتیک و ئامانجدار.
لە درێژەی کار و چالاکییەکانی بەشی وەرزشی سەر بە ناوەندی پەروەردە کە چەندین فستیواڵ و پێشبڕکێی وەرزشی لەنێوان ئەندامانی حیزبدا بەڕێوەچووە، لەوانە فووتباڵ، والیباڵ، تێنسی سەر میز، شەترەنج و لەشجوانی. ئەم پێشبڕکێیانە نەتەنیا یارمەتیدەر بوون بۆ بەهێزکردنی ئامادەیی جەستەیی، بەڵکوو بۆتە هۆکاری بردنەسەری ئاستی ڕوحی تیمی و یەکگرتوویی ڕێکخراوەیی و پەرەپێدانی کێبڕکێی تەندروست لە نێوان ئەندامەکاندا.
چەندین ئامانجی وەرزشی لە حیزبدا
وەرزش لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا تەنیا لە توانای جەستەیی سنووردار نەکراوە، بەڵکوو ئەم چالاکییانە ئامانجی فراوانتری بەدوای خۆیدا هێناوە:
• زیادکردنی نەزم و دیسیپلینی تاکەکەسی و گروپی
• بەهێزکردنی ڕووحی تیمی و هاوکاریی بەکۆمەڵ
• کۆنتڕۆڵکردن و مودیرییەتی دەرونی کە بەهۆی بارودۆخی سەختی سیاسی و سەربازییەوە دروست دەبێت
• دروستکردنی کەشێکی دڵخۆش و پڕ وزە لە ژیانی ڕۆژانەی پێشمەرگانەدا
• دروستکردنی دەرفەت بۆ دۆزینەوە و پەرەوردە کردنی ئیستیعدادە وەرزشییەکان
ڕوانگەی حیزبی دێموکرات بۆ داهاتوو
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پلانە ستراتیژیکەکانیدا، وەرزش وەک چالاکییەکی لاوەکی نابینێت، بەڵکوو وەک بەشێک لە دروستکردنی کۆمەڵگایەکی تەندروست و بەتوانا لە داهاتوویەکی ئازاد و دێموکراتیکدا بۆ کوردستانی ڕۆژهەڵات دەزانێت. حیزب پێیوایە پەروەردەکردنی نەوەی تەندروست، هوشیار و بەتوانا گەرەنتی بەردەوامی لە خەبات بۆ ئازادی و دێموکراسی و دادپەروەری دروست دەکات.