
لە ساڵڕۆژی تێرۆری دوکتور "سادق شەرەفکەندی"، سکرتێری پێشووتری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و سێ کەس لە هاوڕێیانی لە چێشتخانەی میکۆنۆس لە بێرلینی پێتەختی ئاڵمان، کۆمەڵێک لە خوێندکارانی زانکۆکانی ئیلام و کرماشان بەیاننامەکیان بڵاو کردەوە.
لەو بەیاننامەیەدا بە ئاماژەدان بە کارەساتی ١٧ی سێپتامبری ١٩٩٢ هاتووە کە تێرۆری دوکتور شەرەفکەندی و هاوڕێیانی، "فەتاح عەبدولی"، "هومایون ئەردەڵان" و "نووری دێهکوردی"، نە تەنیا جینایەتێکی سیاسییە بەڵکوو بەڵگەیەکی ڕوونی سیاسەتی سیستماتیکی تێرۆری دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامییە.
نووسەرانی ئەو بەیاننامەیە پێداگرییان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە دادگای میکۆنۆس لە ئاڵمان بە مەحکوومکردنی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران، ڕاستییەکی لەقاو دا کە نەتەوەکانی ئێران چەندین ساڵە بەدڵ و گیان ئەزموونیان کردووە، ئەو ڕێژیمە، دوژمنی ئازادی، دادپەروەری و مرۆڤایەتییە.
بەیاننامەکە هەروەها بە ئاماژەدان بە ڕۆڵی دوکتور شەرەفکەندی وەکوو درێژەدەری ڕێگەی دوکتور "قاسملوو" باسی لەوە کردووە کە هەموو کات لەسەر پێویستیی ئازادی، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و بەفەرمیناسینی مافی نەتەوەکان لە ئێران پێداگری دەکردەوە و لەسەر ئەو باوەڕە بوو بەبێ لابردنی هەڵاواردن و سەرکوتکردن لە ئێران و کوردستان داهاتوویەکی ڕوون مسۆگەر نابێت.
خوێندکارانی زانکۆکانی ئیلام و کرماشان لە درێژەی ئەو بەیاننامەیاندا زانکۆیان وەکوو سەنگەری ئەندێشە و ئازادی لەقەڵەم داوە و پێداگریی خۆیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە تێرۆر و سەرکوت ناتوانێت ئاگری ئاگایی و خەبات بکوژێنێتەوە.
ئەوان خوێنی دوکتور شەرەفکەندی و هاوڕێیانی وەکوو هۆکاری پێداگری و سووربوون لەسەر ڕێگای خەبات زانیوە و نووسیویانە: "هەر فیشەکێک کە لە میکۆنۆسەوە تەقێندرا، هەزاران پێنووس و هاواری ژیاندەوە".
لە کۆتایی ئەو بەیاننامەدا هاتووە کە "ئەرکی نەوەی ئێستا درێژەدان بە بەرخۆدان لە بەرانبەر ستەمکاری، پیاوسالاری، هەڵاواردن و کۆنەپەرەستییە و ئێمە لەپاڵ ئازادیخوازان و شەهیدانی میکۆنۆس بۆ زیندووهێشتنەوەی زانکۆ وەکوو ماکەی ئاگایی و بەرخۆدان دەروەست دەمێنینەوە.