کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی پێشمەرگەیەکی پێشووی حیزب لە پیرانشار

16:52 - 27 خەرمانان 2725

ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٤، پێشمەرگەیەکی پێشووی حیزب بە ناوی کاک خدر محەممەدی، ناسراو بە خدر سەلیمی، خەڵکی سوورەبانی ناوچەی سەردەشت و دانیشتووی پیرانشار، بە هۆی ڕووداوی هاتوچۆ کۆچی دوایی کرد.

ناوبراو لە سەرەتای ساڵی ١٣٦٠‌ی هەتاوی بەرگی پیرۆزی پێشمەرگایەتیی لەبەر کرد.

کاک خدر بەهۆی ئازایەتی و بوێری لەنێو ڕیزەکانی پێشمەرگاییەتیدا ناو و ناوبانگی تایبەتی هەبوو.

ناوبراو لە هێزی شەهید موعینی و دواتر لە لکی ٢‌ی قارەمانان کە پاشان بوو بە هێزی شەهید مینەشەم و لە لکی ٣‌ی ئەو هێزە پێشمەرگایەتیی کرد و  دواتر لەسەر ئیزنی حیزب  گەڕایەوە نێوخۆی وڵات .

ئەو مرۆڤە نیشتمان‌دۆستە، هیچ کات پەیوەندی خۆی لەگەڵ کادرە تەشکیلاتییەکان نەپچڕاند و بە بەردەوامی بەپێی هەلومەرج لەگەڵیان لە پێوەندیدا بوو و هەر کات ئەرکی بۆ دیاری دەکرا بەوپەڕی لەخۆبردووییەوە بەجێی دەگەیاند و لە هیچ دڵسۆزیەک لەپێناو ڕێگا و ڕێبازی کوردایەتیدا، کۆتایی نەدەکرد.

 ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.