
فەریاد عیزەتپەنا
لە ماوەی چل ساڵ دەسەڵاتداریی ڕێژیمی ئێران یەکەمجار نیە کە دیاردەی شەڕ و هزری چاندنی تۆی ڕق و قین لە دژی وڵاتان بەتایبەت ئیسڕائیل و ئامریکا لە لایەن ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی و کاربەدەستانی ڕێژیمەوە، کۆمەڵگە و خەڵکی ئێرانی تووشی قەیرانی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسی لە نێوخۆ و دەرەوەی سنوورەکانی ئێران کردوە.
پاش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاویدا، و هاتنە سەرکاری خومەینی، دروشمەکان و ئاواتی مەرگ و نەمان بۆ دوژمنانی شۆڕش " دشمنان انقلاب " بوو بە پێناسەیەک لە سیاسەتی حکوومەت و دروشمێکی باو لەنێو خەڵکی ئێراندا و وردە وردە پەیوەندییەکی دانەبڕاوی لەگەڵ دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران دروست کرد، کە لە ئێستادا ناتوانین ڕێژیمی ئێران بە بێ هزر و ئاواتی مەرگ و نەمان بۆ وڵاتانی دەورووبەر بەتایبەت ئیسڕائیل و ئامریکا بناسین و پێناسە بکەین.
لە ڕاستیدا ئەم دروشم و سیاسەتی شەڕخوازانە دوورە لە ویست و ئامانجی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران و تەنیا ویستی ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامییە، کە لە ماوەی زیاتر لە چل ساڵ دەسەڵاتداریدا بۆتە شوناسێکی ئەم حکوومەتە. هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی و پەرەپێدان بە ئیسلامی شیعە لە ناوچەکەدا لە ڕێگەی دەیان گروپ و میلیشیایی چەکدار لە چوارچێوەی " بەرەی مقاومت" لەپێناو دروستکردنی شەڕ و ئاڵۆزی لە ناوچەکە و بەگشتیی لە جیهاندا بەشێکن لە سیاسەتی گشتیی ڕێژیمی ئێران.
دەسەڵاتە سەرەڕۆکان و حکوومەتە دیکتاتۆرەکان بۆ پاساوهێنانەوە بۆ سەرەڕۆیی و دیکتاتۆری خۆیان بەگشتیی پێویستیان بە دوژمن دروستکردن بۆ خەڵکی خۆیان و حکوومەتەکەیانە، تا بتوانن پێگەی جەماوەری و خەڵکی خۆیان لە کۆمەڵگەدا بەهێز بکەن و دژبەرانی دەسەڵاتەکەیانی پێ سەرکوت بکەن.
لە سێ دەیەی ڕابردوودا شاراوە نیە، کە ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژیای پاوانخوازی و هێرشبەرانە لەپێناو هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی بۆ ناوچەکە ڕاشکاوانە خوازیاری لەناوبردنی دەوڵەتی ئیسڕائیلن. نەهێشتنەوەی سەرچاوە سروشتی و ژێرخانە ئابوورییەکان و بەتاڵانبردنی سەروەت و سامانی خەڵکی ئێران بۆ بووژانەوە و پەرەپێدانی ئابووری وڵات لەپێناو سیاسەتی شەڕخوازانە و ئایدۆلۆژیای هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی بە دژی ئیسڕائیل و ئامریکا لە ناوچەکەدا، سەرەکیترین هۆکاری سەرهەڵدانی قەیرانە سیاسی و ئابوورییەکانی کۆمەڵگەی ئێرانە. لەو پەیوەندییەدا زیاتر لە سێ دەیەیە، خەڵکی ئێران بەهۆی سیاسەتی دەرەوەی حکوومەت تووشی قەیرانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی بوون و کۆمەڵگەی وەرزشی ئێرانیش وەک بەشێک لەم کۆمەڵگایە لە قەیرانەکانی کۆمەڵگە بێبەش نەبووە و بۆتە بەشێک لە قوربانی سیاسەتەکانی حکوومەت.
لەهەر سیستەم و دەسەڵاتیکدا، وەرزش وەک هونەر و مۆسیقا و هەرکام لە دیاردە گرنگ و سەرەکییەکانی کۆمەڵگە، ڕۆڵی سەرەکیی لە پێکهێنانی کۆمەڵگەیەکی تەندروست، ئازاد و پێشکەوتوودا دەگێڕێت. لەو پەیوەندییەدا قەیرانە وەرزشییەکان بەشێوەی ڕاستەوخۆ کاریگەریی نەرێنییان لەسەر تاک و کۆمەڵگە دەبێت.
بۆ باسکردن لە بەشێک لەو قەیرانانەی کە لە ماوەی چل ساڵ دەسەڵاتداری کۆماری ئیسلامی ئێراندا، کۆمەڵگەی وەرزشی ئێرانی گرتۆتەوە، دەتوانین ئاماژە بە: ١. هەڵاواردنی نەتەوەیی، ٢. نەبوونی ئیمکانات و دۆخی لاوازی ئابووری هەیئەت و فیدڕاسیۆنە وەرزشییەکان لە ئاستی پارێزگاکان و بەشداریکردن لە پێشبڕکێیە نێودەوڵەتییەکان، ٣. هەڵاواردنی ڕەگەزی: لەو پەیوەندییەدا سەرەڕای ئەوەیکە ژنان لە ئێراندا زۆر چالاکانە بەشداری گۆڕەپانە وەرزشییەکان دەکەن و زۆر سەرکەوتن بەدەست دێنن، بەڵام بەهۆی بێبەشکردن و ڕێگەپێنەدانیان بۆ بەشداریکردن لە گۆڕەپانە جیاجیاکانی وەرزشی لە ئاستی نێودەوڵەتی بەهۆی حیجابی ئیسلامی و زۆرەملێی لە لایەن حکوومەتەوە سەرکوت دەکردرێن، ٤. ئەرک و بەرپرسیارەتی پێدان بە کەسانی نەشیاو و نزیک لە حکوومەت لە گۆڕەپانە جیاجیاکانی وەرزشیدا، بۆتە هۆی قەیرانی بەڕێوەبەری لە فێدڕاسیۆنەکاندا. لەم پەیوەندییەدا لە چەند ساڵی ڕابردوودا، دەبینین کە فەرماندەکانی سپای تێرۆریست و کەسانی نەشیاو و نزیک لە دەسەڵات بەشێوەی ڕاستەوخۆ بەشداری لە بەڕێوەبەریی فێدڕاسیۆنە وەرزشییەکان دەکەن، کە لە ئێستادا کۆمەڵگەی وەرزشی ئێرانی لەگەڵ قەیرانی بەڕێوەبەری ڕووبەڕوو کردۆتەوە، و بۆتە هۆی ناڕەزایەتی دەربڕینی بەشێکی زۆر لە هەیئەتە وەرزشییەکان و وەرزشوانان لە گۆڕەپانە جیاجیاکانی وەرزشی ئێراندا. هەموو ئەم بابەت و قەیرانانەی کە کۆمەڵگەی ئێرانی بەگشتی بەرەو داڕمان و لاوازی بردوە، ئاکامی زیاتر لە چل ساڵ سیاسەتی هەڵە و ناکارامەیی ڕێبەرانی ئێران لە بەڕێوەبردنی حکوومەت و دەسەڵاتە.
جیایی سیاسەت لە وەرزش، یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی ئاییننامە وەرزشییەکان و ڕاگەیەنراوەکانی ئۆلەمپیک و ڕێکخراوە وەرزشییەکانە، کە بەگشتیی لە ئاستی جیهاندا، وەرزش وەک ئامرازێک بۆ گەیشتن بە ئاشتی و تەبایی و پێکەوە ژیانی مرۆڤەکان پێناسە دەکرێت. بەدرێژایی مێژوو کەسایەتییە وەرزشییەکان و فێدڕاسیۆنە جیهانییەکان داوا لە وڵاتان، سازمان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەن کە وەرزش تێکەڵ بە سیاسەت نەکەن و گۆڕەپانە وەرزشییەکان بۆ ئامانجی سیاسی خۆیان بەکارنەهێنن. لە کاتێکدا دیاردەی وەرزش و گۆڕەپانە وەرزشییەکان لە کاتی ئاڵۆزی نێوان وڵاتان، بوونەتە هۆی سەقامگیری و کۆتاییپێهێنان بە شەڕ و ململانێی نێوان دەوڵەتان و پێکهێنانی ئاشتی نێوان نەتەوەکانی جیهان، بەڵام دەبینین کە زۆر جار وڵاتان وەرزش بۆ ئامانجی سیاسی خۆیان بەکار دەهێنن. کۆماری ئیسلامی ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە لەگەڵ هاتنە سەر دەسەڵاتی، بەشێوازی جۆراوجۆر، وەرزشی بۆ گەیشتن بە ئامانجە سیاسییەکانی بەکارهێناوە. لەو پەیوەندییە زۆر جار بەدەیان و سەدان وەرزشوان و گروپی وەرزشی ئێران لە گۆڕەپانە جیاوازەکان و لە پێشبڕکێیە نێودەوڵەتەییەکاندا لەسەر بڕیاری کاربەدەستانی حکوومەت لە بەرانبەر وەرزشوانانی ئیسڕائیلی ئامادەی بەشداریکردن نەبوون، هەر لەو پەیوەندییەدا لە لایەن فێدڕاسیۆنە وەرزشییە نێودەوڵەتییەکان بە بێبەشبوونی ساڵانە لە بەشداریکردن لە کێبڕکێیە جیهانییەکان سزا دەدرێن، ئەمە لە حالێکدایە کە ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی هەوڵ و ماندووبوون و ئاواتی وەرزشوانان بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن لە گۆڕەپانە نێودەوڵەتییەکان دەکەنە قوربانی ڕق و قین و سیاسەتی شەڕانگێزی خۆیان لەهەمبەر وڵاتانی تر.
کاریگەری نەرێنی شەڕی نێوان دەوڵەتان بە سەر کۆمەڵگەی وەرزشیدا:
١. کاولکردن و تێکدانی ژێرخانە وەرزشییەکان کە دەبێتە هۆی وێرانی ستادیۆم و یاریگا وەرزشییەکان.
٢. دروستبوونی گیروگرفت بۆ بەڕێوەچوونی چالاکییە وەرزشییەکان، بەهۆی مەترسیی گیانی لەسەر وەرزشوانان، دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی پێشبڕکێیە وەرزشییەکان و کەمبوونەوەی بەشداری لە چالاکییەکانی وەرزشیدا.
٣. کاریگەری دەروونی: شەڕ دەتوانێت ببێتە هۆی دروستبوونی ترس و دڵەڕاوکێ و خەمۆکی بۆ خەڵک و بەتایبەتی وەرزشوانان و کۆمەڵگەی وەرزشی.
٤. شەڕ دەتوانێت ببێتە هۆی دوورکەوتنەوە و پەنابەری وەرزشوانان و ڕاهێنەران بۆ وڵاتانی تر، کە دەبێتە هۆی لەدەستدانی بەهرەمەندی وەرزشی و هاتنەخوارەوەی ئاستی وەرزشی کۆمەڵگە.
لە ڕاستیدا شەڕی نێوان دەوڵەتان کاریگەریی نەرێنی و ڕووخێنەری لەسەر تاک و بەشێوەی گشتیی لەسەر پرسی ئابووری، کۆمەڵایەتی، وەرزشی و دیاردە جیاوازەکانی کۆمەڵگە دەبێت. لەو پەیوەندییەدا شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئێران و ئیسڕائیل، کۆمەڵانی خەڵکی ئێران و بەتایبەتی وەرزشوانان و کۆمەڵگەی وەرزشی ئێرانی لەگەڵ قۆناغێکی نوێی قەیرانەکانی پاش شەڕ، ڕووبەڕوو کردەوە.
مەترسی گیانی بۆ سەر وەرزشوانان لەکاتی شەڕدا و هەڵوەشاندنەوە و ڕاوەستانی کار و چالاکی وەرزشوانان و بەشدارینەکردنیان لە پێشبڕکێیە نێودەوڵەتییەکان. دەست لە کارکێشانەوەی چەندین ڕاهێنەر و یاریزانانی دەرەکی(خاریجی) تیمەکانی تۆپی پێی ئێران و گەڕانەوەیان بۆ وڵاتی خۆیان، بەهۆی مەترسی گیانی و نەبوونی ئاسایش و ئەمنییەت لە ماوەی ١٢ڕۆژ شەڕی ئێران و ئیسڕائیل و ...هتد. ئەمانە بەشێک بوون لە دۆخی قەیرانناوی کۆمەڵگەی وەرزشی و بەگشتیی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران کە لە ئاکامی سیاسەتی شەڕخوازانەی ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە سەریاندا سەپاوە.