کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرکوتکردنی زمانی گیلەکی و هەوڵدان بۆ سڕینەوەی ناسنامە

01:48 - 28 خەرمانان 2725

ئەسکەندەر جەعفەری

گیلان، خاکی سەوز و سەرنجڕاکێشی گیلەگییەکان، تەنیا جێگەیەکی جوان و پڕ لە دارستان و دەریا نیە. ئەم ناوچەیە بە سەدان ساڵان ماڵی خەڵکێک بووە کە ناسنامە، کولتوور و زمانی تایبەتی خۆیان هەیە. خەڵکێک کە بە ناوی گیلەک ناسراون و زمانی دایکیان گیلەکییە. بەڵام لە سەدساڵی ڕابردوودا، ئەم ناسنامە ڕەسەنە بەردەوام بووە بە ئامانجی سیاسەتەکانی یەکسانسازیی دەستەڵاتە ناوەندییەکان واتە داگیرکەری ئێرانی.

ئەوەی کە لە سەرەتادا لای گیلەکییەکان وەک بێئاگایی لە زمان و ناسنامە وێنا دەکرێ، لە ڕاستیدا بەشێک لە پرۆژەیەکی سیستماتیکی داگیرکەریی ناوەندگەرایە. ئەم پرۆژەیە، لاوازکردنی زمانی گیلەکی، سووکایەتیکردن بە کولتووری ئەم خەڵکە، گۆڕینی پێکهاتەی ناوچەی گیلەک، سڕینەوەی زۆرەملێی ناسنامەی خەڵکی گیلەک و تواندنەوەیان لە پرۆژەی نەتەوەیی-فارسی ئێرانییە.

دوو ڕێژیمی ناوەندگەرای ئێرانی، هەم پەهلەوی و هەم کۆماری ئیسلامی، لە ڕاستیدا سیاسەتێکی هاوشێوەیان لە بەرانبەر زمانی گیلەکی هەبووە. لە سیستمی پەروەردەییدا، ڕێژیم ڕێگەی نەداوە کە گیلەکی ببێتە زمانی پەروەردە. لە مێدیاکانی فەرمیشدا، ئەم زمانە یان سانسۆر دەکرێت، یانیش هەوڵ دەدرێ وەک کاریکاتۆرێکی سووک پێشانی خەڵک بدرێ. پەیامەکە ئاشکرایە و داگیرکەر دەیهەوێ بڵێ "گیلەکی، زاراوەیەکی پاشکەوتوویە و تاکە زمانی شیاوی ژیانی مۆدێڕن، زمانی فارسییە."

ئەم سیاسەتانە بوونە هۆی ئەوەی کە زۆرێک لە بنەماڵەکان بۆ ئەوەی منداڵەکانیان سووکایەتیان پێ نەکرێ، منداڵەکانیان لە زمانی دایکیان بێبەش بکەن. ئەنجامی ئەم پرۆسەیە، ئەوەیە کە پەیوەندیی خەڵک لەگەڵ زمان و ئەدەبیاتی گیلەکی ڕۆژ بە ڕۆژ لاوازتر دەبێت. ئەمە هەمان پرۆسەی کلاسیکی ئاسیمیلاسیۆنە کە داگیرکەران لە سەرانسەری جیهان بەکاریان هێناوە. واتە سڕینەوەی زمان و سڕینەوەی بیرەوەریی گشتی.

بەڵام سیاسەت و کردەوەکانی داگیرکەری ئێرانی تەنیا لە بواری زماندا نین. یەکێک لە پرۆسە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی داگیرکەر لە گیلان، گۆڕینی دێمۆگرافی و گواستنەوەی دانیشتوانە. لە دەیەکانی ڕابردوودا، هەزاران کۆچبەری فارس بۆ گیلان گوێزراونەتەوە یان زەویی بەپیت و ئەرزانی ئەم ناوچەیەیان کڕیوە. ئەم سیاسەتە لە ڕاستیدا پێکهاتەی دانیشتوان دەگۆڕێت و گیلان دەکاتە "حەوشی پشتەوەی تاران". واتە جێگەیەک بۆ دروستکردنی ڤیلا، پەرەپێدان بە پرۆژەی شاری فارسەکان و دوورخستنەوەی گیلەکییەکان لە خاکەکەیان.

بۆ دەستەڵاتی ناوەندی، گیلان ناوچەیەکی ژێئۆپۆلیتیک، سەرچاوەی ئابووری و هێڵی بەرگریی ستراتێژییە. بەم هۆیەوە هەر دوو ڕێژیمی ڕابردوو و ئەمڕۆ بە هەموو توانایانەوە هەوڵیان داوە ئەم ناوچەیە ئاسیمیلە بکەن. ئابووریی ناوخۆیی گیلەکیان خستۆتە خزمەتی تاران و ناوەند. هەروەها هەر جۆرە جووڵانەوەیەکی سەربەخۆییخواز یان تەنانەت کولتووریان سەرکوت کردوە.

زەویە کشتوکاڵییەکانی گیلەکییەکان بەخێرایی لەناو دەچن. لە ئاکامدا سەربەخۆیی ئابووریی خەڵکی گیلەک کۆتایی پێ دێت. ئەم پرۆسەیە، وەک ناوچەکانی تری ژێر دەستەڵاتی داگیرکەری ئێرانی، ئامرازێکە بۆ شکاندنی بەرگریی کۆمەڵایەتی و کولتووری.

لە بەرانبەر ئەم سیاسەتانەدا، جووڵانەوەی جۆراوجۆری ناسنامەخواز و سەربەخۆییخواز لە گیلان پێکهاتوون. لە جووڵانەوە کولتوورییەکان کە هەوڵی فێرکردنی زمانی گیلەکی و پاراستنی ئەدەبیات و مۆسیقای گیلەک دەدەن، تا جووڵانەوە سیاسییەکان کە داوای خۆبەڕێوەبردن یان تەنانەت سەربەخۆیی گیلان دەکەن.

مێژوویی گیلان خۆی شاهیدی ڕۆحی بەرگری ئەم خاکەیە. سەرھەڵدانی جەنگەڵ بە سەرکردایەتیی میرزا کووچک خان، وەک یەکێک لە گەورەترین جووڵانەوەکانی دژی داگیرکەریی سەدەی بیستەم لە گیلان دەناسرێ. هەرچەندە ئەو جووڵانەوەیە ڕووخا و کۆتایی پێ‌هات، بەڵام هێشتا لە بیرەوەریی گشتیی کۆمەڵگەی گیلەکدا وەک نیشانەی سەربەخۆییخوازی و تێکۆشان دژی داگیرکەر وێنا دەکرێ. تا ئێستاش، زۆرێک لە چالاکوانانی گیلەک میراتی میرزا وەک دەسکەوت بۆ بەردەوامیی خەباتی خۆیان پێناسە دەکەن.

ئەگەر داگیرکەری تەنیا وەک دەسەڵاتی وڵاتێکی دەرەکی لەسەر وڵاتێکی تر پێناسە بکرێ، دەکرێت وشەی داگیری لێرەدا زۆر گونجاو نەبێ. بەڵام ئەزموونی گیلان نیشان دەدات کە داگیرکەری دەتوانێت "ناوخۆیی"ش بێت. بەم واتایە کە دەستەڵاتی ناوەندی، بە بەکارهێنانی ئامرازی وەک کولتوور، ئابووری و حەشیمەت، خەڵکێک لە ناسنامەی خۆیان دوور دەخاتەوە و خاکەکەیان دەخاتە خزمەتی پرۆژەی نەتەوەی ناوەند، ئەمەش دەبێتە داگیرکەری.

لەم چوارچێوەیەدا، خەڵکی گیلەک نەک تەنیا لەگەڵ جیاوازیی کولتووری، بەڵکوو لەگەڵ داگیرکەری ناوخۆیی بەرەوڕوو دەبنەوە. ئەمە هەمان ئەزموونە کە زۆرێک لە نەتەوەکانی مافخوراو لە جیهان هەیانبووە.

ڕێگەچارەی گیلەکیەکان دژوار، بەڵام ڕوون و ئاشکرایە. جووڵانەوەکانی ناسنامەخوازی گیلەکی پێویستیان بە ڕێکخستنی زیاتر، پشتیوانیی نێودەوڵەتی، و پەیوەندی لەگەڵ جووڵانەوەکانی تری دژی داگیرکەری لە ناوچەکە هەیە. زمانی گیلەکی دەبێت جارێکی‌تر بگەڕێتەوە بۆ ژیانی ڕۆژانە، لە قوتابخانەکان فێر بکرێت و لە مێدیاکاندا بە کار بهێنرێ. گرنگتر لە هەمووان ئەمەیە کە خەڵکی گیلەک دەبێ جارێکی‌تر ببێتە خاوەنی خاک و چارەنووسی خۆی.

ئەمڕۆ گیلان لە بەردەم دوو ڕێگەی مێژووییدا وەستاوە: یان قبووڵکردنی بەردەوامیی پرۆسەی ئاسیمیلاسیۆن و لەدەستدانی ناسنامەی گیلەکی، یان بەرگری و دووبارەگرتنەوەی مافە کولتووری و سیاسییەکان. ئەزموونی جیهانی نیشانی داوە کە هیچ زمانێک و هیچ نەتەوەیەک، تا ئەوکاتەی خەڵکەکەی داوای ئازادی دەکەن، لەناو ناچێ. وەک ئەوەی دکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو دەیگوت: "نەتەوەیەک کە ئازادیی دەوێ، دەبێت نرخی بۆ بدات".