کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات: کۆنفڕانسی هاوبەشی لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان مزگێنیدەری قۆناغێکی نوێ لە هاوخەباتیی هێزە سیاسییەکانی کوردە

15:50 - 28 خەرمانان 2725

٧ حیزبی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سێهەمین ساڵیادی بزووتنەوەی ژینادا کۆنفڕانسێکی هاوبەش لە کۆڵنی ئاڵمان بەڕێوە دەبەن.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) و کۆمەڵە، ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران پێکهێنەری ئەم کۆنفڕانسەن کە ڕۆژی یەکشەممە، ٢٨ی سێپتامبر بەڕێوە دەچێ.

محەممەدنەزیف قادری

محەممەدنەزیف قادری، بەرپرسی ناوەندی پێوەندییە کوردستانی و ئێرانییەکانی حیزبی دێموکرات لە لێدوانێکدا بۆ "کوردستان‌مێدیا" ڕایگەیاند پێکهێنانی ئەم کۆنفرانسە لە بارودۆخی سیاسیی ئێستای ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا هەنگاوێکی نیشتمانی و خەباتگێڕانەیە و هاوکات دەربڕی یەکگرتوویی و یەکیەتیی بەکردەوەی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانە. هاوکات ئەم کۆنفڕانسە کە لە سێهەمین ساڵیادی شەهیدکرانی ژینا و بزووتنەوەی "ژن، ژیان. ئازادی"دا دەبەسترێ، مزگێنیدەری قۆناغێکی نوێ لە هاوخەباتیی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی ئێرانە کە بە هەماهەنگی و یەکڕیزیی زیاترەوە لەپێناو دەستەبەری دەسکەوتی سیاسی و نەتەوەییەکانی کورد بەرەوپیلی گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ئێران و کوردستانەوە بچن.

ئەندامی دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا هیوای خواست ئەم یەکیەتی و یەکڕیزییەی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەوێنی دەستەبەری مافە نەتەوەیی و ئازادییە سیاسی و مەدەنییەکانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دڵی ئاڵوگۆڕە سیاسییەکانی ئێستای ئێران و ناوچەدا و، هەروەها یارمەتیدەری سەرخستنی ڕەوتی دێموکراسیخوازی لە ئێران لەپێناو بنیاتنانی نیزامێکی سیاسیی دێموکرات، سێکۆلار و فیدڕاڵ بێت.

بەرپرسی ناوەندی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لەبارەی ئامانجی ئەم کۆنفڕانسە ڕوونی کردەوە ئامانج لەم کۆنفڕانسە کە بە بەشداریی نوێنەرانی هەر ٧ لایەنە سیاسییەکە و هەروەها کۆمەڵێک کەسایەتیی سیاسی و ئاکادێمیی کورد بەڕێوە دەچێ، یەکگرتوویی زیاتری هێزە سیاسییەکانی کوردستان لە مەیدانی خەباتی بەکردەوەیان لە ڕۆژهەڵاتی کورستانە و دەبێتە تریبون و مینبەری دەرخستنی پەیامی بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لەودا تاوتوێی دۆزی سیاسیی کورد لە ئێران بەتایبەت پاش بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی و دوورەدیمەنی خەباتی مافخوازانەی کورد لە ئێراندا دەکرێ.

لە پانێلی یەکەمی ئەم کۆنفرانسەدا د. کۆیستان گادانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران باس و وتاری حیزبی دێموکرات پێشکێش دەکا و بەڕێزان سیامەند موعینی (پژاک)، عادل ئەلیاسی (کۆمەڵە، ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیست)، بێهرووز مەلەکشا (کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان)، جەمیلە ڕەحیمی (کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران)، میلاد ئەفراز (سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران) و شەماڵ پیران (پارتی ئازادیی کوردستان) نوێنەرایەتیی حیزبەکانیان لە باسە سیاسییەکانی ئەم کۆنفرانسەدا دەکەن. لە پانێلی دووهەمی کۆنفڕانسەکەشدا  د. ئازاد محەمەدیانی، عەزیز مامەلێ، عوبەید سۆرخابی، سەحەر باقری، ڕەشید کرمانج و فەراز فیروزی باس و وتاریان دەبێ.