کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژمارەی دەسبەسەرکراوانی شاری شنۆ گەیشتە ٤ کەس

10:57 - 29 خەرمانان 2725

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی خەرمانانی ١٤٠٤، مێرمنداڵیکی تەمەن ١٧ ساڵ بە ناوی "زانیار شادیخا" کوڕی حامید و "موحسن دەهار" تەمەن ٢٤ و کوڕی سلێمان، خەڵکی گوندی "سینگان" سەر بە شاری شنۆ، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

کوردپا ڕایگەیاندووە هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعات هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەم دوو هاووڵاتییە و بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەریان کردوون و بۆ شوێنێکی نادیار ڕایانگواستوون.

پێشتر کوردپا بڵاوی کردبوویەوە کە سەرلەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی خەرمانانی ١٤٠٤، دوو مێرمنداڵی تەمەن ١٦ ساڵ بە ناوەکانی "دیار گەرگول" و "ئالان تابناک" خەڵکی گوندی "سینگان" سەر بە شاری شنۆ دوابەدوای هێرشی هێزە هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵەکانیان و بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی ئەم هاووڵاتییانە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.