کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەڕانەوەی گەمارۆکان بۆ سەر ئێران لە هەموو کاتێکی دیکە نزیکترە

11:19 - 29 خەرمانان 2725

پاش پەسەندنەبوونی پێشنووسی بڕیارنامەی پێشنیاریی شۆرای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە درێژەدان بە ڕاگرتنی گەڕانەوەی گەمارۆکان بۆ سەر ئێران، نوێنەری کۆماری ئیسلامی لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمریکا و سێ وڵاتی ئورووپایی بە بەرپرسیاری لێکەوتەکانی ئەم بڕیارە زانی.
سەعید ئیرەوانی پاش لە پەسەندنەبوونی پێشنووسی بڕیارنامە شۆرای ئەمنییەت بە هەواڵنێرانی وت: "ئەمریکا، بریتانیا، فەرانسە و ئاڵمان لە لێکەوتە مەترسیدارەکانی گەڕانەوەی گەمارۆکان بۆ سەر ئێران بەرپرسیارن".
پاش ئەوەی کە سێ وڵاتی ئورووپایی لە سەرەتاکانی خەرمانانی ئەمساڵ پڕۆسەی کاراکردنی مێکانیزمی ماشە و گەڕاندنەوەی هەموو گەمارۆکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر ئێرانیان دەست پێ کرد، کۆرەی باشوور وەک سەرۆکایەتیی ئەم خولەی شۆرای ئەمنییەت، ڕۆژی هەینی ٢٨ی خەرمانان پێشنووسی بڕیارنامەیەکی ڕادەستی ئەندامانی شۆرا کرد تاکوو پێش بە گەڕانەوەی گەمارۆکان بۆ سەر ئێران بگرێت.
ڕووسیە، چین، پاکستان و ئەلجەزایر دەنگیان بە بڕیارنامەکە دا و لە بەرامبەریشدا ٩ ئەندامی دیکەی شۆرا دەنگی نەخێریان بە بڕیارنامەکە دا تاکوو گەڕانەوەی هەر ٦ بڕیارنامەی شۆرای ئەمنییەت و گەمارۆکانی بەر لە ساڵی ٢٠١٥ی زایینی بۆ سەر ئێران، لە هەموو کاتێکی دیکە نزیکتر بێت.
لە ئێستادا ئەگەر تا کۆتایی مۆڵەتی سێ وڵاتی ئورووپایی ناسراو بە ترۆئیکا، کۆماری ئیسلامی لەسەر چالاکییە ناوکییەکان و بەرنامە مووشەکییەکانی لەگەڵ ئورووپا ڕێک نەکەوێت و دانوستان نەکات، هەموو سزا نێودەوڵەتییەکان دەگەڕێندرێتەوە سەر تاران.