کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٥٠هێکتار لە دارستانەکانی گیەڵان لە ئاگردا سووتا

11:58 - 29 خەرمانان 2725

بەرپرسی سامانە سروشتییەکان و بەڕێوەبردنی بەشە ئاوییەکانی شاری گیەڵان سەر بە پارێزگای کرماشان ڕایگەیاند، زیاتر لە ٥٠ هێکتار لە دارستان و لەوەڕگەکانی گەردەنەی "ملیەنێ" لە گوندی "حەیدەریە"ی ئەم شارە ئاگری گرتووە.

لەو پێوەندییەدا فەرزاد ڕەبیعی ڕایگەیاند کە لە کاتی ئاگرکەوتنەوە لە بەرزاییەکانی ناوچەی "نسار قیتول بەهراوەندی" زیاتر لە ٥٠ هێکتار لە دارستان و لەوەڕگە لە گەردەنەی " ملیەنێ " لە گوندی "حەیدەریە"ی ئەم شارە لە ئاگردا سووتا.

ناوبراو لە لێدوانێکی ناڕوون و دووبارکراودا، هۆکاری ڕووداوەکەی بە "فاکتەری مرۆیی" ناو برد، بەڵام ئامادە نەبوو وردەکاریی زیاتر بخاتە ڕوو.

ئەم ئاگرە، کە لە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی خەرماناندا دەستی پێ کرد، بەهۆی بای بەهێز و هەڵەمووتبوونی ناوچەکە کوژراندوەی ئەستەم بوو، دواجاریش لەلایەن ئەنجومەنەکانی ژینگەپارێزی و خەڵکی خۆبەخشی کوردستانەوە کۆنترۆڵ کرا.

لە چەند مانگی ڕابردوودا شەپۆلێکی ئاگرکەوتنەوەی بەئەنقەست لەلایەن دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیمەوە لە دارستان و لەوەڕگاکانی کوردستان دەستی پێ کردووە کە ئەمەش دەرئەنجامی سیاسەتی کاولکارانەی سیستماتیکی ڕێژیم بۆ تێکدانی ژینگەی کوردستانە.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، ئەمە شازدەیەمین ئاگرکەوتنەوەی گەورە لە شاری گیەڵان لە چەند مانگی ڕابردوودایە.

لەم ئاگرەدا زیاتر لە هەزار هێکتار لەوەڕگە و دارستان و ٦٢ هێکتار کێڵگەی دانەوێڵە لەناو چووە.

گیەڵان خاوەنی ٢٠٥ هەزار هێکتار سامانی سروشتییە کە ٧٥ هەزار هێکتاری دارستان و لەوەڕگەیە و لەنێوبردنی ئەو سامانانە نەک هەر گورزێکی جیددی لە ژینگەی کوردستانە، بەڵکوو هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر بژێوی هەزاران جووتیار و ڕەنجدەرە.