
ئێمانۆێل ماکرۆن سەرۆککۆماری فەرانسە هۆشداریی دا کە بەهۆی ڕەچاونەکردنی ڕێککەوتننامەی ناوکی لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، لە کەمتر دوو حەفتەی داهاتوودا سزا نێونەتەوەییەکان دژی کۆماری ئیسلامی کارا دەکرێن.
سەرۆککۆماری فەرانسە، ئێمانۆێل ماکرۆن لە وتووێژێکدا لەگەڵ کاناڵی ١٢ی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە لە دوای جێبەجێکردنی مێکانیزمی ماشە، گەمارۆکانی پێش ڕێککەوتننامەی بەرجامیش کارا دەکرێنەوە و ئەوەش نیشانەی جیددینەبوون و دەروەستنەبوونی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییە بە ڕێککەوتننامە و بڕیارنامەکان.
شۆرای ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی هەینی ٢٨ی خەرمانان دژی ڕەشنووسی ڕێککەوتننامەی گەمارۆکان دژی کۆماری ئیسلامی خراوەتە دەنگدانەوە و ترۆئیکای ئورووپایی ٨ ڕۆژ دەرفەتیان هەیە لەسەر ڕێکاری جێبەجێکردنی مێکانیزمی ماشە ڕێک بکەون.
سێ وڵاتی ئورووپایی لە ماوەی چەند حەفتەی ڕابردوودا، لە دووتوێی نامەیەکدا بۆ شۆرای ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هەوڵەکانی خۆیان بۆ کاراکردنی ڕێکاری مێکانیزمی ماشە خستە گەڕ و لە ماوەی ٣٠ ڕۆژ و هەتا کۆتایی مانگی سێپتامبر دەرفەتیان بە کۆماری ئیسلامی درابوو کە بگاتە بڕیارنامەی کۆتایی بەڵام بەهۆی جیددینەبوونی کۆماری ئیسلامییەوە، گەمارۆکان دژی ئەو ڕێژیمە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.