
سەرلەبەیانیی ڕۆژی هەینی ٢٨ی خەرمانانی ١٤٠٤ی هەتاوی، نۆیەمین کۆنگرەی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەژێر دروشمی "لاوانی دەروەست" دەستی بە کارەکانی کرد و دوای ڕۆژێک کاری چڕوپڕ کۆتایی بە کارەکانی خۆی هێنا.
سەرەتای کۆنگرەکە بە سروودی نەتەوایەتیی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.
دواتر پەیامی کرانەوەی کۆنگرە لەلایەن "ڕەحمان سەلیمی"، سکرتێری پێشووی یەکیەتیی لاوانەوە خوێندرایەوە.
هەروەها پەیامی دەستەی کارگێڕیی حیزب لەلایەن بەڕێز "مستەفا مەولوودی" ئەندامی دەستەی کارگێڕی و جێگر سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە پێشکەش بە بەشداربووانی کۆنگرە کرا و وێڕای هیواخواستن و سەرکەوتن بۆ کۆنگرەی نۆیەمی لاوان، باسی لە ڕۆڵی گرنگی لاوان لەنێو کۆمەڵگە و پێویستیی کاری ڕێکخراوەیی کرد و هەروەها پشتیوانیی دەستەی کارگێڕی و ڕێبەریی حیزبی لە ڕێکخراوی لاوان وەکوو ڕێکخراوێکی کارا و پڕوزە دووپات کردەوە.
چەپکەگوڵی دەستەی کارگێڕیی حیزب لەلایەن بەڕێز "کاوە بەهرامی" ئەندامی دەستەی کارگێڕی و بەرپرسی ناوەندی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە بە نوێنەرایەتی لە ئەندامانی کۆنگرەی یەکیەتیی لاوان پێشکەش بە "پێشەوا عەلیپوور" سکرتێری پێشووی ڕێکخراوەکە کرا.
لە بڕگەی دیکەدا بەڕێز "سمایل شەرەفی" بەرپەرسی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وێڕای پێشکەشکردنی چەپکەگوڵی پیرۆزبایی بە کۆنگرە، پەیامێکی ڕوو لە بەشداربووانی کۆنگرە پێشکەش کرد.
پێشەوا عەلیپوور سکرتێری پێشووی ڕێکخراو و ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات، پەیامی خۆی پێشکەش کرد و باسێکی چڕوپڕ لەبارەی دۆخی لاوان لە ڕۆژهەڵات، ئاستی یەکیەتیی لاوان لە کۆڕوکۆمەڵە نێونەتەوەییەکان، دۆخی نائاسایی کۆنگرە، دۆخی لاوان لە نێوخۆی وڵات و کۆمەڵگەکانی حیزبیدا کرد و پێداگریی لەسەر بەردەوامبوون لە خەباتی لاوان بۆ بەدەستهێنانی مافی توێژی لاو و مافە نەتەوەییەکان کردەوە.
بڕگەی دواتری ڕێوڕەسمی کردنەوەی کۆنگرە تەرخان کرابوو بۆ نیشاندانی دێکۆمێنتاریی مێژووی یەکیەتیی لاوان لە ئامادەکردنی بەشی ڕاگەیاندنی ڕێکخراوی یەکیەتیی لاوان.
لە بەشێکی دیکەدا پەیامە بەرچاوەکانی ڕێکخراو و کەسایەتییە کوردستانی، ناوچەیی و نێونەتەوەییەکان کە بە مەبەستی پیرۆزبایی لە کۆنگرەی نۆیەمی لاوان بەڕێ کرابوون، ئاماژەیان پێ کرا.
هەروەها پەیامی یەکیەتیی نێونەتەوەیی لاوانی ئینتێرناسیۆناڵ سۆسیالیست بۆ بەشداربووانی کۆنگرە خوێندرایەوە.
لە دوای وەرگرتنی دەنگی "ڕەوایی" بە کۆنگرە، نۆیەمین کۆنگرەی لاوان دەستی بە کارەکانی خۆی کرد.
دوای هەڵسەنگاندن و ڕەچاوکردن و باسکردن لەسەر پێشنیار، ڕەخنە، تێبینی و ڕاوبۆچوونە جیاوازەکان، بڕیارنامەکان و بەرنامە و پێڕەوی نێوخۆیی یەکیەتیی لاوان پەسەند کرا.
لە بڕگەی کۆتایی کاری کۆنگرەدا لە ڕەوتی هەڵبژاردنێکی ئازاد، نهێنی و دێموکراتیکدا و بە سەرپەرەشتیی ناوەندی هەڵبژاردنی حیزب، بەڕێوەبەریی سەرەکی و جێگرەکان هەڵبژێردران.
هەروەها بەڕێوەبەریی نوێی یەکیەتیی لاوان هەڵبژێردراوی کۆنگرەی نۆیەم لە یەکەم کۆبوونەوی خۆیاندا، بە تێکڕای دەنگ، "بێهزاد قادریـ"ـیان وەکوو سکرتێری یەکیەتیی لاوان هەڵبژارد.