کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لوبنان بووەتە قوربانیی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی و حیزبوڵڵا

17:16 - 29 خەرمانان 2725

نەعیم قاسم، سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان لە وتاری ئەم دواییەی خۆیدا، جارێکی دیکە بە ئاشکرا پشتیوانیی لە سیاسەتە فراوانخوازییەکانی کۆماری ئیسلامی کرد و بۆ پاساوهێنانەوە بۆ بوونی سەربازیی حیزبوڵڵا لە لوبنان ئیسرائیلی کردە بیانوو.

ئەو دەوڵەتی لوبنانی بە ئەرکدار زانی کە ڕووبەڕووی ئیسرائیل ببێتەوە و ئیدعای ئەوەی کرد کە چەکەکانی حیزبوڵڵا تەنیا دژی ئیسرائیل بەکار دەهێنرێن؛ لەکاتێکدا کە ئەو چەکانە چەندین جار هەڕەشەیان لە ئەمنییەتی نێوخۆی لوبنان و وڵاتانی عەرەبیی ناوچەکە کردووە.

لەکاتێکدا کە ڕیاز لە ساڵی ٢٠١٦ەوە ئەم گرووپەی وەک ڕێکخراوێکی تێرۆریستی ناساندووە، قاسم داوای لە عەرەبستانی کرد کە لاپەڕەیەکی نوێی پەیوەندییەکانی لەگەڵ حیزبوڵڵا دەست پێ بکات.

عەرەبستان چەندین جار حیزبوڵڵای بە دەستێوەردانی نیزامی لە وڵاتانی عەرەبی و پێشێلکردنی سەروەری ئەو وڵاتانانە تۆمەتبار کردووە و ئەم گرووپەی بە هەڕەشە بۆ سەر ئەمنییەتی ناوچەکە زانیوە.

قسەکانی ئەم دواییەی قاسم هاوکات لەگەل بەردەوامیی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان و کوژرانی خەڵکی مەدەنی بوو؛ دەرئەنجامێک کە لێکەوتەی ڕاستەوخۆی سیاسەتە ئاژاوەگێرییەکانی حیزبوڵڵا و دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە لوبنانە.

حیزبوڵڵا لەبری بەرگریکردن لە خەڵکی لوبنان، بەدواداچوون بۆ بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی دەکات و لوبنانی کردووە بە سەنگەری شەڕی نیابەتی بۆ تاران.