کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

واڵ ستریت: ئورووپا پێشنیاری دابەزاندنی ئاستی پیتێندراویی پاشەکەوتی ئورانیۆمی ئێرانی ڕەت کردووەتەوە

17:18 - 29 خەرمانان 2725

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی واڵ ستریت ژۆرناڵ، کۆماری ئیسلامی وەک دوایین هەوڵەکانی خۆی بۆ ڕاگرتنی پڕۆسەی چالاککردنی مێکانیزمی ماشە و گەڕانەوەی گەمارۆکان، پێشنیاری بە ئورووپا کردووە کە پاشەکەوتی ئورانیۆمی پیتێندراوی خۆی بهێنێتە ئاستی ٢٠ لەسەد، بەڵام سێ وڵاتی ئورووپایی ئەم پێشنیارەیان ڕەت کردووەتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی ئەم ڕاپۆرتە، تاران ئامادەیی خۆی بۆ دابەزاندنی ئاستی ئورانیۆمی پاشەکەوتکراو لە ٦٠ لەسەدەوە بۆ ٢٠ لەسەد دەربڕیوە، بەڵام ئورووپا بەم پێشنیارە ڕازی نەبووە.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی، ئەم پێشنیارەی بە وەزیرانی دەرەوەی سێ وڵاتی بریتانیا، فەرانسە و ئاڵمان دابوو تاکوو لەپێناوی ئەم هەوڵەدا، ئورووپا پێش بە گەڕانەوەی گەمارۆکان بۆ سەر تاران بگرێت.
لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە تاران بەڵێنیشی داوە کە لەگەڵ ستیڤێن ویتکاف، نوێنەری تایبەتی سەرۆککۆماری ئەمریکا بۆ وتووێژە ناوکییەکان چاوپێکەوتنی هەبێت.
وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ڕەتکردنەوەی ئەم پێشنیارەی لەلایەن ئورووپاوە بە لەبەرچاونەگرتنی پێشنیارێکی لۆژیکی لە قەڵەم دابوو.
لە ئیستادا بە ڕەتکردنەوەی ئەم پێشنیارە لەلایەن ئورووپاوە و هەروەها پەسەندنەبوونی پێشنووسی بڕیارنامەی شۆرای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە پووچەڵکردنەوەی گەمارۆکانی سەر ئێران، ئەگەری هەیە تا کۆتاییهاتنی مۆڵەتی ڕێککەوتننامەی بەرجام لە ڕۆژانی داهاتوودا و بە هۆی کاراکردنی مێکانیزمی ماشە، هەموو گەمارۆ نێودەوڵەتییکان بۆ سەر ئێران بگەڕێنەوە.