
ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان "سەقز، زێویە، سنە، مەریوان و سەوڵاوا،" ڕۆژی هەینی ٢٨ی خەرمانان ڕایانگەیاند دیوانی عیداڵەتی ئیداریی ڕێژیم دژایەتیی داواکاریی "بڕیاری کاتی"ی ڕاگرتنی جێبەجێکردنی سزای چەند کەس لە مامۆستایانی پارێزگای سنە کردووە.
بە وتەی ئەو ئەنجومەنە، دیوانی عیداڵەتی ئیداریی ڕێژیم بە پشتبەستن بە بەڵگەی تێبینییە "ئەمنییەتیـ"ـیەکان ئەو داواکارییەی ڕەت کردووەتەوە، لەکاتێکدا کە بەرپرسانی ئەو پارێزگایە و بەرپرسانی سەرووتری وڵاتیش لە چاوپێکەتنی پێشووتردا لەگەڵ فەرهەنیگییان، بەڵێنی پشتیوانی و بەدواداچوونی یاساییان دابوو.
بە گوێرەی بەیاننامەی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان، لە دوای دەرکردن و پێداگری لەسەر سزای مەحکوومکران بۆ سەر چەند چالاکێکی سێنفی لە قۆناغی پێداچوونەوەدا، دۆسییەکان بە مەبەستی ناڕەزایەتی ڕادەستی دیوانی عیداڵەتی ئیداریی ڕێژیم کرابوون.
ئەو ئەنجومەنە پێداگرییان لەسەر ئەوە کردووە کە سەرەڕای پشتیوانیی بەربڵاوی کۆمەڵگەی فەرهەنگی، داخوازیی ڕاگرتنی جێبەجێکردنی سزاکان قەبووڵ نەکراوە و تۆمەتی "ئەمنییەتی" بیانوویەکە بۆ ڕەچاونەکردنی مافێکی یاسایی.
ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان لە بەیاننامەی خۆیدا پێداگر بوون کە کۆمەڵگەی فەرهەنگییان لە بەرانبەر ئەو بڕیارەدا بێدەنگ نابێت و بەدواداچوونی یاسایی و مەدەنی هەتا دەستەبەرکردنی ئاکامێکی دادپەروەرانە بەردەوام دەبێت.
دەرکردنی سزای قورس دژی مامۆستایانی کوردستان لەکاتێکدایە کە لەم ساڵانەی دواییدا دەیان مامۆستای لە سەرانسەری کوردستان بەهۆی چالاکییە مەدەنییەکان لەگەڵ سزای یاسایی و ئینزیباتیی قورس بەرەوڕوو بوونەتەوە.