
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "کاروون" لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە زیاتر لە نیوەی بەندکراوانی زیندانی شەیبان لە ئەهواز بە هۆی خواردنی خۆراکی پیسەوە تووشی ژەهراویبوونی سەخت بوون.
بەپێی ئەم ڕاپۆرته ژمارەیەکی زۆر لە بەندکراوان تووشی نیشانەکانی "سکچوون و ڕشانەوە" بوون، بەڵام بەرپرسانی زیندان هیچ ڕێوشوێنێکیان بۆ گۆڕینی کوالێتیی خواردمەنییەکان و چارەسەری بەندکراوان نەگرتووەتە بەر.
بەندکراوان جەختیان لەوە کردووەتەوە کە ئەو مریشکەی وەک ژەمی سەرەکی دابەش کراوە، ڕەنگێکی ناسروشتی و قاوەیی تۆخی هەبووە، ئەمەش گومانی ئەوە بەهێزتر دەکات کە مریشکەکان نەخۆش بووبێتن.
زیندانی شەیبان کە نزیکەی چوار هەزار بەندکراوی تێدایە، ساڵانێکی زۆرە بەهۆی بارودۆخی نامرۆڤانە و چەندین ڕاپۆرتی پێشێلکردنی مافی زیندانییەکان، ڕەخنەی زۆری لێ دەگیرێت.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کاروون لە ڕاپۆرتی ئەم دواییەیدا نووسیویەتی: "لەم زیندانەدا تەنیا یەک پزیشک و یەک پزیشکی شیفتی ئیداری و کادرێکی دەرمانی بەرپرسیارەتی تەندروستیی ئەو زیندانەیان لە ئەستۆیە، کەمیی بەرچاوی پزیشک وای کردووە بە کەمتەرخەمییەوە هەڵسوکەوت لەگەڵ باری سەختی زیندانیان بکرێت".
بەندکراوانی شەیبان چەندین جار لەبارەی خراپیی دۆخی خۆراک و پیسبوونی ئاوی خواردنەوە و نەبوونی خزمەتگوزاریی پزیشکی هۆشدارییان داوە، لەگەڵ ئەوەشدا کەمترخەمیی بەئەنقەستی بەرپرسانی ڕێژیم ڕۆژ بە ڕۆژ دۆخەکەی قەیراناویتر کردووە.
ئەم سیاسەتە بەئەنقەستە بەشێک لە هەڵسوکەوتی سیستماتیکی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە گوشار خستنە سەر بەندکراوانی سیاسی و زەوتکردنی سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤە.