کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مامۆستای قوتابخانە و "ئـــــــــــا" وێنەی ئازادی!

01:46 - 30 خەرمانان 2725

(بە بۆنەی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن)

عەلی لەیلاخ

وەرزی پاییز بۆ هەموومان وەبیرخەرەوەی دەستپێکی قوتابخانە و ڕۆیشتن بۆ مەکتەب و مەدرەسەیە. ئەم بیرەوەرییە گشتییە، کاتێک بەشە ناخۆشەکەی هەست پێدەکرێ، کە باشترین قۆناغی فێربوونی نەسڵی ئێمەمانان  بۆ بە سووتەمەنی جێ‌‌خستنی نیزامی "پەروەردە و ڕاهێنان"ی کۆماری ئیسلامی کە هەر لە "بێشکە"وە، تا "مەدرسە" سەربازی دەویست بۆ سەرەڕۆییەکانی خومەینی و خۆویستییەکانی ڕێژیمێکی بێگانە لەگەڵ بەها مرۆییەکان. بەداخەوە ئەمساڵیش لە ئێران و کوردستان هەر لەژێر ئاڵای "دیماگۆژی " و "نەهامەتی"ی کۆماری ئیسلامی شاهیدی کرانەوەی قوتابخانەکانین. لە پاش گۆڕینی ڕێژیم لە ئێران، نیزامی پەروەردە و ڕاهێنانی ئەو وڵاتەش گۆڕانی بەسەرهات و، بەهۆی زاڵبوونی ئایدۆلۆژیای "ئایینی و ئێرانی" بەسەر هەموو جومگەکانی فەرهەنگ و ڕا‌هێنان، هەر زوو قوتابخانەکان  لە ناوەندیکی ئەهوەن بۆ زانست و فێرکارییەکی بنەڕەتی،  بوون بە شوێنێک بۆ سروودی "جمهووری ئیسلامی "و "مەرگ بەر وتنەوەکان"ی منداڵی بێ‌تاوان. لە سەردەمی نوێدا خوێندنگە و قوتابخانەکان ڕۆژبەڕۆژ بەپێی زانستی سەردەمیانە نوێ دەکرێنەوە و سیستەمی ڕاهێنانی وڵاتان بۆ گەشە و نەشەی زیاتری منداڵان  ئاڵوگۆڕیی بەسەر دێ و، تەنانەت لەو بارەوە کەوتوونەتە ڕەقابەتێکی زانستییەوە.

بەڵام لە وڵاتی بەڵالێدراوی ئێران کە کوردستانی ئێمەش بە ناچاری دەگرێتەوە، هەتا ئێستاشی لەگەڵ ‌بێ، نۆرمەکانی "ئامووزش و پەروەرش" لە چاو ڕێسای ستانداردی جیهانی لە سیستەمی ڕاهێنان و فێرکاری مەودای زۆرە و، هەر ئەمەش گەورەترین لەمپەری ڕێی گەشەی زانست و باڵاکردنی فەرهەنگ بە شێوەی بنچینەیی لەو وڵاتەدا داناوە.

ئەگەر بەکورتی قامک لەسەر لاوازی و کەمایسییەکانی نیزامی "پەروەردە و فێرکاری" لە ئێراندا دابنین، بریتین لە:

١.خۆڕێکنەخستن لەگەڵ نیزامی گڵۆباڵ

لە ساڵی ٢٠١٥وە لە سەردەمی سەرۆککۆماری حەسەنی ڕووحانی بڕیار وابوو، پێداچوونەوەیەکی بنەڕەتی بەسەر سیستەمی پەروەردە لە ئێراندا بکرێ و، هەر بۆ ئەم مەبەستەش بۆ خۆڕێکخستن لەگەڵ نۆرمە جیهانییەکان گەڵاڵە ٢٠٣٠ـی یوونێسکۆ کە واژۆ کرابوو، مشتومڕی زۆری لێکەوتەوە و ڕێبەری باڵای نیزام بە ڕاشکاوی بەرەنگاری بۆوە. چونکە یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی ئەو گەڵاڵەیە سڕینەوەی بیروڕای تۆخی ئایینیی و نیزامیگەرییە لە قوتابخانەکان و، بارهێنانی منداڵان بە ڕۆانینی مەزهەبی قەدەغە دەکا و، ئەمەش بە تەواوەتی نیزامی فێرگە و پەروەردەی ڕێژیمی دەخستە مەترسییەوە.

٢. گرنگیدان بە فێرکردنی ڕواڵەتی لە قوتابخانەکان نەک لێهاتوویی بناغەیی.

یەکێک لە ئەرکە گرنگەکانی سیستەمی فێرکاریی لە دنیا، کەشف و دۆزینەوەی توانایی منداڵانە و  ڕاهێنانیانە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ خۆدی ژیان و باوەڕمەندی و ئیرادە بەخشینە کە وەکوو تاکێک هەر لە دەستپێکەوە فێری لێهاتووییەکانی ژیان بن. ڕاست بەپێچەوانەکەی لە سیستەمی پەروەردەی ئێران تەنیا بایەخ بە فێرکردنێکی ڕواڵەتی دەدرێ و بەبێ ئەولەوییەت‌بەندیی زانستەکان، منداڵ لە جیاتی تێگەیشتن، تەنیا هێندێک داتا لەبەر دەکا و، بێ ئەوەی تێبگات لە نێوەڕۆکی وانەکان، بە شێوەی کاتی و ڕواڵەتی و بە ترس لە جێمان لە هاوپۆلەکانی هێندێک بابەت بە شێوەی ڕووکەشی فێر دەبێ. ئەمە کە (دوو بە ئیزافەی دوو دەکاتە چوار) بە بێ فام و تێگەشتنی زانستی دەرچوونی بۆ پۆلێک‌ تر مسۆگەر دەکا و، هیچی دیکەی لێ ‌شین نابێ .

لەکاتێكدا دەڵێن: منداڵ تا میرمنداڵی پێویستی بە فێربوونی هێندێک شت نیە و لەوە خراپتریش کتێب و بابەتە مەزهەبییەکان قورساییەکی نابەجێ و خەسارمەند دەخاتە ئەستۆی نازک و هەستیاری منداڵان.

٣. نەبوونی عەداڵەتی پەروەردەیی لە ئێران

هەر بەپێی ئامارەکانی خۆدی ڕێژیم بڕیارە ئەمساڵ پتر لە ١٦ میلیۆن قوتابی هەبێ و دەگوترێ، زیاتر لە سێ میلیۆن لەم ڕێژەیەدا لە ١٨ هەزار قوتابخانەی نادەوڵەتی واتا (غیر انتفاعی) ناونووسی کراون.

پەرەسەندنی قوتابخانە نادەوڵەتییەکان کە تێچووەکەی دەبێ بنەماڵەکان بی‌بژێرن، ئاماژەیە بە نزم ‌بوونی ئاستی کەیفییەت و چۆنایەتیی پەروەردە دەوڵەتییەکانە.

لە قوتابخانەی نادەوڵەتی، پێڕاگەیشتن بە قوتابیان زیاتر و ئیمکانات و پێداویستییەکان زۆرتر و، کەشی پەروەردە ئاوڵاترە. بێگومان ئاستی زانستییانیش لە چاو قوتابخانە دەوڵەتییەکان لە سەرترە.

هەربۆیە لە ساڵانی پێشوو، بنەماڵە دەسڕۆیشتووەکان لەو خوێندگانە منداڵانی خۆیان وەبەر خوێندن دەنن و ڕێژەیەکی زۆریش لە مامۆستایان یان بۆ خۆیان قوتابخانەیان هەیە یان لەبەر هەقدەستی زیاتر پێیانخۆشە لەوێدا وانە بڵێنەوە هەتا قوتابخانە دەوڵەتییەکان.

ئەمەش هۆکارێکی بنەڕەتییە لە نەبوونی عەداڵەت لە بواری پەروەردە و ستەمێکی دووبەرابەرە لە منداڵانی چینی خواری کۆمەڵگە.

٤. کێشەی پەروەردە لە ناوچە دوو زمانییەکان

منداڵانی ئەو ناوچانەی لە جوغرافیای بە ناو ئێران کە "زمانی دایکی"یان لەگەڵ زمانی پەروەردەی فەرمی جیاوازە،  بەداخەوە بەهۆی سیستەمی ناتەواو و دۆگمی ئامووزشی ئەو وڵاتە زوڵمێکی گەورەیان لێدەکرێ و، ئەم گوێنەدانەش کاریگەریی قووڵی داناوە لەسەر گەشەی زانستیی منداڵان، هەتا شکڵگرتنی چییەتییان لە قوناغەکانی دیکەی ژیان.

لەکاتێکدا زیاتر لە ٤٧ لە سەدەی ڕێژەی قوتابیان لە ئێران  دوو زمانەن، تا ئێستا بە هۆکاری پاوانخوازی فەرهەنگی و زاڵبوونی ئایدۆلۆژیا لە کەرتی زانست و پەروەردە، ڕێگە چارەیەک بۆ ئەو گرفتە گەورە و پڕخسارە نەدۆزراوەتەوە ئەمساڵیش منداڵانی ناوچە "نافارسەکان" بەتایبەتی قوتابیانی کورد ناو لەپی ناسکی "هەست و نەست"یان بە دار و شەلاخی "نابەرابەریی زمانی" دەکزێتەوە.

٥. دابەزینی کوالیتی فێرکاری و نەبوونی ڕەپۆشەیەکی شاد لە قوتابخانەکان و نایەکسانیی زانستی و دەستێوەردانی ناوەندەکانی ئایینی لە کەرتی خوێندن، هۆکارەکانی دیکەن  لەسەر ڕێی ناوەندەکانی بارهێنان و پەروردە لە ئێران و بەتایبەتی‌تر ناوچە پەراوێزخراو و بەشخوراوەکانی ئێران وەکوو کوردستان.

ئێستاکە لە لای حاکمییەت بەرنامەی مووشەکی، سەت قات گرنگترە لە بەرنامەی "پەروەردە و ڕاهێنان" و سێبەری سامناکی سیاسەتی خۆی خستۆتە سەر چارەنووسی منداڵان و، قوتابی و قوتابخانەکانیشی بۆ مەزنخوازی دەوێ نەک خزمەت‌کردن بە ئێستا و داهاتوو فێرخوازان. کەواتە ئەرکی چراهەڵگرانی ئەم شەوەزەنگە واتە مامۆستایان بێگومان قورسترە و، چاوەکان لەسەر ئەوانن کە لە ئەنگۆستە چاوترین دەرفەتیش منداڵانی فێری وانەی ژیان و چاوکراوەیی بکەن.

ڕاستە ژیان و بژێوی خۆدی مامۆستایان لە ئێراندا هێندە نزمە کە بۆ دڵسارد بوونیش دەبێت. بەڵام نابێ فەرامۆش بکرێ، کە ئەوان لە داهاتووی وڵات و چارەنووسی منداڵان بەرپرسیارن. ئاشکرایە دۆخی ژیانی مامۆستایان لە ئێران و بەتایبەتی کوردستان لە چاو  سینف و پیشەکانی دیکە لە ئاستێکی خوار و شیاوی کەسایەتیی ئەوان نیە.

کاتێک پزیشکیکی جوانکاریی لە حەوتەیەکدا بە "لووت و گوێ کۆڵکردنەوە" دوو بەرابەری مامۆستایەکی بە ئەزموون  پارە وەدەست دێنێ. جێی گلەیی نامێنێ کە ئەو مامۆستایەش لە جیاتی گرنگییدان بە پیشەکەی و خۆتەیارکردن بە زانستی زیاتر، لە ڕێگای دیکەوە بە دوای پارووی نانی زیاتر بکەوێ.

سەرەڕای ئەم واقیعە تاڵەی کۆمەڵگەی ئێران کە کۆماری ئیسلامی خوڵقاندوویەتی، بەڵام دیسانەکە وێژدانی ئینسانی و بەرپرساێتی مێژوویی، دەروەستبوونێکی ئەخلاقی بۆ مامۆستایان ساز دەکات، کە بە تەواوی نەبنە بەشێک لە ڕەوتی ناڕێک و نامژمەڵی پەروەردە لەو وڵاتە، بەڵکوو دەبێ وەبیری خۆیان بهێنەوە کە منداڵانی خەڵک لای ئەوان ئەمانەت و هەوێنی بنیاتنانی داهاتوون.

ڤیکتۆر فرانکێل، پزیشک و دەمارناسی ناسراوی ئۆتریشی  کە ماوەی چوارساڵ لە ئۆردووگای کاری زۆرەملێی ئاڵمانی نازیدا ژیاوە و کەسوکاریشی لەوێ لەدەست ‌داوە. پاش ڕزگاربوونی بیرەوەرەییەکانی لە ژێرناوی "مرۆڤ ئەوداڵی مانا" بڵاوکرایەوە و، لە نامەیەک ڕوو بە کۆیی مامۆستایانی جیهان دەڵێ:"من بەم هۆکارانە دڕدۆنگم لە پەروەردە کاتێک بە چاوی خۆم دیتم لە ژووری بە گاز خنکاندنەکان   بەدەستی شارەزاترین "ئەندازیاران "ساز کرابوو، پزیشک و پسپۆڕی وام بینی کە بە لێهاتوویی دیلەکانیان دەرمانخوارد و بێهۆش دەکرد. چیها کۆرپەم بینی بەدەستی پەرەستارە لێهاتووەکان گیانیان ئەستێندرا. کۆیی ئەم مرۆڤانە بەدەستی دەرچووانی قوتابخانە و زانکۆوەکان سوتێندران.

کەواتە ئێوە هەوڵ بدەن لە پێشدا خوێندکاران و فێرخوازان فێری "مرۆڤایەتی" بکەن و هەوڵەکانتان نابێ  ببێتە هۆی پەروەردەکردنی "ئاژەڵانی خوێندەوار" و "دەرون‌شێواوێکی لێهاتوو" !

بەپێی ئەو وتەی "ڤیکتۆر فرانکێل"ە کۆمەڵگەی ئێران و کوردستان لەوانەیە پزیشک و ئەندازیاری زۆری هەبێ کە هەیئەتی و زۆربەیان لە پێوەندی لەگەڵ کارەساتە کۆمەڵایەتییەکان گەر بەشداریش نەبن، خۆدی بێدەنگ‌ بوون و خەمساردییان جێی‌خەسارە.

لێرە دایە ئەرکی بە مرۆڤ‌کردن و پەرەپێدان بە مرۆڤایەتی  لە ئەستۆی مامۆستایانە و هەر چەشنە کەمتەرخەمیی ئەوان بۆ لێ‌خۆشبوون نابێ.

لە ساڵانی ڕابردوو شاهیدی زنجیرە مانگرتن و ناڕەزایەتیی مامۆستایانی ئێران و کوردستان بووین و بەداخەوە ئەو مانگرتنەکانیش بەهۆی خەمساردی چین و توێژەکانی دیکە و بەتایبەتی هاوسینفەکانی خۆیان بەتەنیا مانەوە و سزای قورسی زیندان و دەرکرانیشی لێکەوتەوە.

خاڵێکی جەوهەرییە کە مامۆستایانی بەڕێز دەبێ سەرنجی بدەن، کە ئەگەر بە تەواوی ئەو سیستەمەش پەروباڵیانی کردوە، لانیکەم لە کاتی مانگرتنی هاوپیشەکانیان ئەوانیش بێ‌لایەن نەبن و بە "مانگرتن"یش بووە، دەنگی ناڕەزایەتییان هەڵبڕن و نەهێڵن لە زەینی منداڵی کورد "ئا" وێنەی ئازادی فەرامۆش بکرێ و دەبێ تا گەیشتن بەو بەهاری ئازادی، هەردەم بە شینی و تازەیی ئەم شێعرە بگوترێت و بمێنێتەوە

ئا.وێنەی ئازادی

ئاڵای ئاوات و شادی