
عەلی بەهرامی
کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەرەتایی بە دەسەڵات گەیشتنیەوە، حیجابی زۆرەملێی وەکوو ئامرازێک بۆ سەرکوتی ژنانی ئێران بەکار هێناوە و بۆ سەپاندنیشی چەندین ئۆرگانی سەرکوتگەری دامەزراندوە و لەو چوارچێوەیەدا زەبروزەنگێکی زۆریشی لە هەمبەر ژنان ئەنجام داوە. لە بەرانبەردا ژنانی ئازادیخوازیی ئێران لە بەرانبەر سیاسەتی ناڕەوای حیجابی زۆرەملێی ئاخوند ساختە، زۆر بە توندی هاتنە دەنگ و لە تاران و ناوچەکانی دیکەی ئێران ڕاپەڕین و ناڕەزایەتیی بەرینیان بەڕێوەبرد. ئەگەرچی ئاخوندەکان توانیان ناڕەزایەتیی ژنان دژ بە حیجاب سەرکوت بکەن، بەڵام نەیانتوانی ژنانی ئازادیخواز لە ویستەکانیان پاشگەز یان دەستەمۆ بکەن و ئەم توێژە دەروەستەی کۆمەڵگەی ئێران هەر دەرفەتێکیان بۆ لوابێ نەک هەر سەرپۆشەکانیان فڕێداوە، بگرە ئەوەی لە توانایاندا بووبێ بۆ ژێرپێنانی قانوون و یاساکانی ئاخوندان درێغییان لێ نەکردوە و پێداگریان لەسەر خواستی ئازادیخوازیی خۆیان کردوەتەوە. ئەم مێتۆدەی خەباتی ژنان لە ئێران بەو شێوەیە درێژەی کێشا، هەتا ئەوەی کە هێزە سەرکوتگەر و جینایەتکارەکانی ڕێژیمی ئاخوندی لە ٢٢ی خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاوی لە تاران، کچە کوردێکی "سەقزی"یان بە ناوی "ژینا ئەمینی" لەسەر چەند تاڵەموویەک، لە لایەن هێزە جینایەتکارەکانی ڕێژیمی ئاخوندی دەکەوێتە بەر پەلامار و بەهۆی زەربەیەک کە بەر سەری ژینا دەکەوێ و ناوبراو لەسەر خۆ دەچێ و ڕەوانەی نەخۆشخانە دەکرێ. لە ئاکامدا مخابن دوای ٣ رۆژ و لە ٢٥ی خەرماناندا، ژینای کوردان گیانی لەدەستدا و بەرەو کاروانی شەهیدانی کورد و کوردستان لە شەقەی باڵیدا. هەواڵی شەهیدکرانی بە ناڕەوای ژینا وەک بروسکەیەک هەموو شار و ناوچەکانی کوردستان و ئێرانی گرتەوە. شەهید بوونی ژینا ئەویش بەوجۆرە غەریبانە و بە بێتاوان، ڕقی پەنگ خواردووی چەند ساڵەی خەڵکی کوردستان و ئازادیخوازی ئێرانی هێنایە کڵپە و هەموو تاكێک خاوەندارێتی لە ژینا دەکرد و کۆمەڵگە ئامادەبوو وەک گڕکانێک بە ڕووی دەسەڵاتی جەور و ستەمیی ئاخوندیدا تەقییەوە. بوونی زەمینەی ڕاسان و ڕابوون وەک دژکردەوە بە شەهیدکرانی ژینا لە کۆمەڵگەی کوردستان، بەتایبەت ڕاپەرینی خەڵکی سەقز لە دوای بە خاکسپاردنی تەرمی ژینا و پەلاماردانی فەرمانداریی شار لە لایەن لاوانەوە و پشتیوانیی شارەکانی دەورووبەر لەو حەرەکەتەی سەقز، ناوەندیی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران و هێز و لایەنە سیاسییەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ مەحکوومکردنی ئەو جینایەتە نوێیەی هێزەکانی ڕێژیم، لە بڕیارێکی بەجێ و دروستدا، ٢٨ی خەرمانانیان، بۆ مانگرتنی گشتیی لە کوردستان ڕاگەیاند و بۆ سەرخستنی ماگرتنەکە ئامادەکاریی تەواویان کرد. ڕۆژی ٢٨ی خەرمانان لە باکوور بۆ باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، مانگرتنی گشتیی بە سەرکەوتوویی بەڕێوەچوو و زۆرێک لە ناوچەکانی دیکەی ئێرانیش بوێرانە هاتنە پاڵ مانگرتنەکە و پشتیوانییان لە کوردستان ڕاگەیاند. بۆ ئێوارەی هەمان ڕۆژ لاوانی سەقز لە چەند شوێنی شاردا جوانمێرانە هێرشیان بردە سەر دامودەزگا داپڵۆسێنەرەکانی ڕێژیم و هاوکات لە سنە و بۆکان و چەند ناوچەیەکی دیکە، کچان و کوڕانی کوردەواریی ڕاسان و ئاگری شۆڕشی ژینایان هەڵگیرسان. تەوژمی شۆڕشی ژینا بە ڕادەیەک بەهێز و کاریگەر بوو، کە دەسەڵاتی جینایەتکاری ئاخوندی تووشی قەیرانی گەورە کرد و بە شێوەیەکی بەرچاو کونتڕۆڵی بەسەر وەزعی ناوخۆدا لە دەستدا، بەشێک لە هێزەکانی خۆی لێی هەڵگەڕانەوە و چوونە بەرەی گەل، دروشمی ڕووخانی ڕێژیم بووە خواستی تێکڕای گەلانی ئێران، ئەگەرچی دەسەڵاتی ئاخوندی لە دوای ماوەیەک توانی ڕاپەرین بۆ کوردستان و بەلووچستان سنووردار بکات، بەڵام بۆ هەمیشە لە مەسەلەی حیجابی زۆرەملێ پاشەکشەی کرد و نەیتوانی دۆخەکە بگێڕیتەوە بۆ پێش شۆڕشی ژینا. بە ڕووی دەرەوەیشدا شۆڕشی ژینا هاوسۆزییەکی زۆری ڕای گشتیی جیهانیی بۆ پرسی ژنان لە ئێران، مافی نەتەوەکان و قوربانییانی دەستی دەسەڵاتی جینایەتکاری ئاخوندی ڕاکێشا و لە باری سیاسیشەوە زۆرێک لە دەوڵەتەکان پشتیوانییان بۆ شۆڕشی ژینا و خواستەکانی شۆڕش دەربڕی و گوزار لە دەسەڵاتی ئاخوندان بوو بە باسێکی وتار و پەیامی دەسەڵاتدار و گەورە بەرپرسانی ڕۆژاوایی. لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە پێش کە وێڕای ئەو پەرەسەندنە بەرچاو و ئەو کاریگەرییانەی شۆڕشی ژینا کە باس کرا، هۆکانی پاشەکشەی ئەو شۆڕشە و مانەوەی دەسەڵاتی ئاخوندی چ بوون؟ لێرەدا و لە چەند خاڵدا بەکورتی ئیشارە بەو هۆ سەرەکییانەدا دەکرێ کە بوونە هۆی لاوازکردنی شۆڕشی ژینا و پاشەکشەی ئەو شۆڕشەی ببووە هیوای گەلانی بندەستی ئێران و خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئەو وڵاتە. یەکەم: لە پێشدا ئیشارە بەوە کرا کە ناوەندیی هاوکاری چەندە دەوری گرنگی لە سەرکەوتنی مانگرتنی گشتیی ٢٨ی خەرمانانی ١٤٠١دا گێڕا، مخابن دابەشبوونی ناوەندیی هاوکاریی و لاوازبوونی ئەو هاوکاری و هەماهەنگییەی لە سەرەتاوە لەنێوان ئەحزابدا هەبوو بۆ نێڵدان و بەردەوامیدان بە شۆڕش و گشتگیرکردنی، دەوریی زۆر خراپ و نێگەتیڤی هەبوو لە خاوبوونەوە و لاوازبوونی شۆڕش. دووهەم: درێژەکێشانی شۆڕشەکە بۆ ماوەی چەند مانگ، ئەو دەرفەتەی بە دەسەڵاتدا هێزە وەفادارەکانی جارێکی دیکە ڕێک بخاتەوە. سێهەم: شکڵ نەگرتنی ئاڵتێرناتیڤ بۆ دەسەڵات. چوارەم: نایەکگرتوویی و پرشوبڵاویی حیزب و ڕێکخراوە ئێرانییە سەراسەرییەکاندا. پێنجەم: هەوڵی لایەنە فاشیستە ئێرانییەکان بۆ بەلاڕێدابردنی جەوهەری شۆڕش، لە شۆڕشێکی ڕادیکاڵی ڕووخانخواز، عەداڵەتخواز و ئازادیخواز بۆ خۆرووت کردنەوە و پرچ بڕین و... شەشەم: هاوئاواز بوونی کوڕی شا و بەرەی سەڵتەنەت تەڵەب لەگەڵ دەسەڵات، دژ بە شۆڕشی ژینا و ویستەکانی خەڵک. حەوتەم: خاوکردنەوە و بێدەنگ کردنی شۆڕشەکە لە تاران و شارە گەورەکانی دیکەی ئێران و سنووردارکردنی تەنیا لە کوردستان و بەلووچستان. هەشتەم: کەمبوونەوەی سۆز و پشتیوانییە نێودەوڵەتییەکان. نۆیەم: زەبروزەنگی لە ڕادەبەدەری هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕێژیم. دەیەم: تێچووی زۆری لیدر و چالاکانی ناوخۆ، لەو هۆ سەرەکییانەن کە وای کرد شۆڕشی ژینا لەو قۆناغەدا ئامانجەکانی خۆی نەپێکێ و پاشەکشێی پێ بکرێ. شۆڕشی ژینا گەورەترین و بەرفراوانترین و کاریگەرترین شۆڕشی جەماوەریی مێژوویی هاوچەرخی کوردستان و ئێران دژ بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بوو، سەرکەوتنەکانی و پاشەکشەی دەتوانێ لە لایەک خاڵە لاوازەکانی ڕێژیم، لە لایەکی دیکە ویستی جەماوەریی بێزار لە ستەم و پلان و بەرنامەی خەباتی بزووتنەوەی نەتەوەیی و ئازادیخوازیی کورد و ئێرانی باشتر ڕوون کردۆتەوە. هەر بۆیە بە لەبەرچاوگرتنی لایەنە بەهێز و لاوازەکانی ئەو شۆڕشە دەتواندرێ بۆ داهاتوو باشتر و بەهێزتر هەنگاو هەڵگیردرێ و دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئێران زووتر بەرەو نەمان و ڕووخان پەلکێش بکرێ و ئامانجەکانی شۆڕشی ژینا وەدیی بێن