کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چرکەساتێکی مێژوویی

02:00 - 30 خەرمانان 2725

چرکەساتێکی مێژوویی:

نووسینەوە دزە پێکراوەکان، ڕاوێژە نهێنییەکانی سەرەتایی دەستپێکی جەنگی ئێران ئاشکرا دەکەن!

 

تایمز ئاف ئیسڕائیل - مایکڵ باخنەر

و لە ئینگلیزییەوە: کەماڵ حەسەن‌پوور

گێڕانەوەکان ترسی مان و نەمان کە بووە هۆی هێرشی ئیسڕائیل، نەخشەی کوشتنی خامنەیی، هەوڵەکان بۆ قەناعەتهێنان بە ترامپ بۆ هێرش بۆ سەر بنکە ناوکییەکەی ژێر زەوی و ناکۆکییەکان لەسەر هێرش بۆ سەر پاڵاوگەکانی نەوت ئاشکرا دەکەن.

ڕۆژی یەکشەممە، ڕاپۆرتێک بڵاو بووەوە کە گێڕانەوە بەرفراوانەکانی ڕێبەرانی ئیسڕائیلی و کاربەدەستە پلەبەرزەکان پێش و لە ماوەی جەنگی ١٢ ڕۆژە لەگەڵ ئێران، هۆی ئەو هێرشە نائاسییانەی شەوی ١٣ی جوون دەستیان پێکرد، هیوای تێوەگلانی وڵاتە‌ یەکگرتووەکان بۆ لەناو بردنی بنکەی ژێرزەویی فۆردۆ، هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی هەلێک بۆ کوشتنی ڕێبەری گەورە عەلی خامنەیی و ناسەقامگیر کردنی ڕێژیمی تاران و هەروەها هەوڵەکان بۆ ناچار کردنی دانیشتووانی تاران بۆ چۆڵکردنی شارەکە، ئاشکرا دەکەن.

ڕۆژی یەکشەممە، هەواڵەکانی کاناڵی ١٣ وردەکارییەکانی بەشێک لە ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە کە قەرارە ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە بە تەواوی بڵاو بکرێتەوە و وتووێژێکی سەرۆک‌وەزیران، بنیامین نەتانیاهوشی پێوە زیاد دەکرێت. لە ڕاپۆرتەکەدا باس نەکرا چۆن نووسراوەکانی کۆبوونەوە فرە نهێنییەکانی پشت دەرگا داخراوەکانیان دەست کەوتووە.

لە ١٢ی جوون، کابینەی ئەمنییەتی کۆبوونەوەیەکی نهێنی لە پەناگەیەکی ژێر گردەکانی ئورشەلیم پێک‌هێنا. نەتانیاهو لە سەرەتایی کۆبوونەوەکەدا گوتی:"ئێمە لە چرکەساتێکی مێژوویی‌داین کە بڕیارێکی یەکلاکەرەوە دەخوازێت. بێتوو ئێمە نەوەستێنین، لە ماوەی چەند ساڵدا، ئەوان دەیان هەزار کیلۆگڕام تەقەمەنی دەبێت. ئێران هەر ئێستا ماددەی پێویست بۆ هەشت تا نۆ بۆمبی پیتاندووە و، ئێستا کار بۆ دروستکردنی بۆمب دەکەن. ئەگەر ئێمە کارێک نەکەین، ئیتر لێرە نامێنین. ئێمە زەرەرەێکی مەزن بە ناوەندیی فەرماندەیی و کۆنتڕۆڵەکەیان دەگەیەنین، هێرش دەکەینە سەر زانستوانە پلەبەرزەکانیان و شوێنی دیکە. بەو هیوایە خودا یارمەتیدەرمان بێت." نەتانیاهو هەروەها گوتی، "ئەوان خەریکە ببنە دووهەمین زلهێزی هاژەکی بالیستیک. دوای ئەوەی ئێمە هێندێک لە بنکە و زانستوانانیانمان لە ناو برد، دانوستانەکان بۆ ڕێککەوتنێک لە واقعێکی جیاوازدا بەڕێوە دەچێت. ئێمە چەند مانگە گفتوگۆی دوورودرێژمان لەو بارەوە هەبوون."

کاربەدەستێکی سەربازیی ناو نەدرکاو بە وەزیرەکانی گوت: کە یەکێک لە ئامانجەکانی ئۆپەراسیۆنەکە خولقاندنی هەلومەرجێکە کە پێش بەوە بگرێت تا تاران لە درێژخایەندا ببێتە ڕێژیمێکی خاوەن چەکی ناوکی و "هاوسەنگیی ستراتێژیکی ئیسڕائیل باشتر بکات."

تەنیا وڵاتە یەکگرتووەکان دەتوانێت فۆردۆ بۆمباران بکات

کاربەدەستەکە گوتی: ئامانج هەروەها ئەوەیە کە بنکەی ناوکی ئێران لە نەتەنز "وێران" بکرێت، هێرش بکرێتە سەر کەسانی بەرپرسی بەرنامەی ناوکی و، هێرش بکرێتە سەر بنکە گۆڕینی ئۆرانیۆمی پیتێندراو بۆ هەناوی کانزایی بۆمبی ناوکی.

کاربەدەستەکە لە کۆبوونەوەکەدا گوتی:"لە تاران، ئێمە هێرش دەکەینە سەر گەلێک ئامانجی جۆراوجۆر، چونکە ئەوێ شوێنی چەقی سەرنجی ئێرانییەکانە." ئەو ئەوەشی زیاد کرد کە "فۆردۆ تەنیا بە هێرشی وڵاتە یەکگرتووەکان وێران دەبێت."

بنکەی ناوکی فۆردۆ لەژێر کێوێک و لەبن هەرد دروست کراوە و تەنیا وڵاتە یەکگرتووەکان بۆمبی بەهێزی ئەوتۆی هەن کە بتوانێت دزە بکاتە نێو ئەو بنکە پتەوە.

ئەو هەروەها هۆشداریی‌دا کە "گریمانەی سەرەکی ئەوەیە کە لە کۆتایی ئۆپەراسیۆنەکەدا، ئێران هێشتا خاوەن ماددەی پیتێندراو دەبێت. لە یەکەم ڕۆژەکاندا، ئەوان دەتوانن سەدان هاژەک ئاراستەی ئیسڕائیل بکەن."

کاربەدەستەکە هۆشدارییدا کە کاردانەوەیەکی هەرگیز نەبیبراو لە خاکی ئیسڕائیل ڕوو دەدات و گریمانە دەکرێت لانیکەم دەیان ئامانج لە ناوخۆیی ئیسڕائیل بە هاژەکی مەزن بپێکرێن و دەیان تا سەدان هاژەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خاوەن  تەقەمەنی سووک دەگەنە نێو خاکی ئیسڕائیل. بەڵام ئەو هۆشدارییەشیدا کە جەنگەکە لە کۆتاییدا پێویستە بە ڕێگە چارەیەکی دیپلۆماتیک کۆتایی پێ بێت. کاربەدەستە سەربازییەکە گوتی: "دەستکەوتەکانی ئۆپەراسیۆنەکە بەس نابن و دەبێت تەواوکەری دیپلۆماتیکیان هەبێت." 

لە زمان کاربەدەستێکی پلەبەرزی هەواڵگریی دەگێڕنەوە کە، گوتوویەتی: "ئۆپەراسیۆنی پەشۆکێنەر بەڕێوە دەچن کە لە ماوەی چەند ساڵدا ئامادەمان کردون. بەشێکیان دژی هاژەکی زەوی-بۆ-زەوین، ئۆپەراسیۆنێکی هەواڵگریی بۆ لێکهەڵتەکاندنی چالاکییەکانی دوژمن، لە ناویاندا چالاکیی ناسەقامگیر کردنی ڕێژیمیش بەڕێوە دەچن."

سەرۆکی شین بێت، ڕۆنەن بار گوتی: ئیسڕائیل خۆی بۆ سێناریۆیەکی سەرهەڵدان لەنێو ئیسڕائیلییە عەڕەبەکان، لەو شارانەی عەرەب و جوولەکە پێکەوە دەژین، ئامادە کردوە.

کۆبوونەوەکە بە پەسەندکرانی ئۆپەراسیۆنەکە کە قەرار بوو کاتژمێر ٣ی بەرەبەیانی ١٣ی جوون، بە ژمارەیەک هێرشی پەشۆکێنەر بۆ سەر بەرگریی ئاسمانی، زانایانی ناوکی و فەرماندە سەربازییەکانی ئێران دەست پێ بکات، بە کۆی دەنگ کۆتایی‌هات.

لە ئیسڕائیل، ئاژیرەکان لە سەرانسەری وڵات لە چاوەڕوانیی بەرپەرچدانەوەی بەربڵاوی هاژەکیی ئێران دەنگیان دایەوە، بەڵام لە کۆتاییدا تا چەند کاتژمێر دواتر هیچ هێرشێک ڕووی نەدا.  

گەڕان بەدوای ڕێبەردا درێژەی هەبوو

پاش دەستپێکی ئۆپەراسیۆنەکە لە کاتی شەو، وەزیرەکان و بەرپرسانی ئاسایش جارێکی دیکە لە ڕۆژی هەینی، ١٣ی جوون کۆبوونەوە.

وەزیرەکان جەختیان لەسەر چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ یارمەتی وەرگرتن لە وڵاتە یەکگرتووەکان کردەوە، هەم بۆ پڕکردنەوەی سووتەمەنی فڕۆکەکان لە ئاسمان، کە ئیزنی بە جێتەکانی ئیسڕائیلی دەدا لە هێرشەکانیان بۆ سەر ئامانجی دوور مەودا بەردەوام بن و هەروەها زەخت خستنە سەر سەرۆککۆماری وڵاتە یەکگرتووەکان، دۆناڵد ترامپ، بۆ هەڵکردنی چرای سەوز بۆ هێرشی وڵاتە یەکگرتووەکان بۆ سەر فۆردۆ.

وەزیری کاروباری ستراتێژیک، ڕان دەرمەر لە کۆبوونەوەکەدا گوتی: کاتێک نەتانیاهو بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ ترامپ کردوە، بە "مانۆڕ و گوشارەکانی" هەوڵی داوە ترامپ بڕیاری ناردنی فڕۆکەی سووتەمەنی گەیێن بۆ یارمەتیدانی هێرشەکانی ئیسڕائیل، بدات.

لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو پرسیارە کە ئاخۆ واشینگتۆن هێرش دەکاتە سەر فۆردۆ، دەرمەر گوتی: بەرداشتی ئەو ئەوەیە کە ترامپ وێدەچێت ئەو کارە بکات، "بەڵام لە کاتێکی گونجاودا."

وەزیری بەرگریی، ئیسرائێل کاتز گوتی: وەزیری بەرگریی وڵاتە یەکگرتووەکان، پیت هاگەسەت پێی گوتووە کارەکان بۆ ناردنی فڕۆکەی سووتەمەنی گەیێن کراون، کە لە کۆتاییدا چەند ڕۆژ دواتر هاتن. کاتز ئەوەشی زیاد کرد، "من گرنگیی لێدان لە فۆردۆم بۆ شیی کردەوە."

فەرماندەی هێزەکانی بەرگریی ئیسڕائیل، ئەیال زەمیر گوتی: یەکەم هێرشەکان "دەستکەوتی لە ڕادە بەدەریان هەبووە،" ئەوەشی زیاد کرد کە هێرشەکە لەپێش وادەی دیاریکراوە و ڕۆژی داهاتوو هێرشی دیکەشی بەدوادا دەێت.

ئەو گوتی: "هەموو شتێک بەخێرایی جێبەجێ دەکرێت. بێتوو وڵاتە یەکگرتووەکان هاوکاریمان بکات، ئێمە دەتوانین لە ماوەی ٤٨ کاتژمێردا هێرش بکەین. ئێران بە هێرشەکان وەلەرزە کەوتووە،" ئەوەشی زیاد کرد کە ئێران "بە بەراورد لەگەڵ پێشبینییەکانمان، ژمارەیەک کەمتر ی هاویشتوون."

ڕێبەری حیزبی شاس، ئاریە دەری داوای لە هێزی سەربازیی کرد، کە هێرش بکەنە سەر ئەو ئەفسەرانەی وەک جێگرەوەی ئەوانی لە یەکەم هێرشەکاندا کوژراون، هەروەها هێرش بکەنە سەر بینای دەنگوڕەنگی دەوڵەتیی ئێران و بنکەی فەرماندەیی پۆلیس.

لە کاتێکدا کە بە ئاشکرا وەک یەکێک لە ئامانجەکانی جەنگەکە نەدرکێندرا، نووسراوەکانی کۆبوونەوەکان ئاشکرای دەکەن کە ئیسڕائیل هەروەها بە تەمای ناسەقامگیر کردنی ڕێژیم و تەنانەت کوشتنی ڕێبەری گەورە عەلی خامنەیی بووە.

وەزیری ئابووری، بەزالەل سمۆتریچ بە ئاماژە بە خامنەیی گوتی ئیسڕائیل پێویستە "درێژە بە گەڕان بەدوای ڕێبەردا بدات" دواتر کاتز گوتی: ئورشەلیم بە تەمای کوشتنی بووە بەڵام دەرفەتێک بۆ ئەو کارە هەڵنەکەوتووە.

لە کۆبوونەوەی ڕۆژی شەممەدا بە بەشداریی ڕێژەیەکی کەم لە وەزیرانی کابینەی ئەمییەتی، نەتانیاهو گوتی: "کاری سەرەکی" لێدان لە فۆردۆ و "چاوترسێن کردنی بەرچاوی" ئێرانە. ئەو گوتی: پێشترییەتی سەرەکی ئاگر تێبەردانی ئەمبارەکانی سووتەمەنی لە تارانە، هەولدان بۆ کوشتنی ئەو ئەفسەرانەیە کە بوونە جێگرەوەی ئەوانی کوژراو و هەروەها لەناو بردنی خامنەیی.

نەتانیاهو هەروەها گوتی: دەبێ تەواوەتی گەڕەک و ناوچەی ئێران چۆڵ بکرێن و، ئیسڕائیل دەبێ کار بۆ ناسەقامگیر کردنی ڕێژیمی ئیسلامی بکات.

ئەو گوتی: هێرش بۆ سەر فۆردۆ وەک دەستکەوتێکی دوو هێندەیە، بەرنامەی ناوکی لەناو دەبات و هەروەها "بێتوو خامنەیی بەرپەرچی هێرشی ئەمریکا بداتەوە، ئەوە دەتوانێت بە مانای کۆتایی ڕێژیم بێت." ئەو گوتی: "فۆردۆ دەبێتە هۆی کۆتایی‌هاتنی خێرای جەنگ. بێتوو ئێران درێژە بە هێرشەکانی بۆ سەر ئێمە بدات، دیسانیش ترامپ هەوڵ دەدات کۆتایی بە جەنگ بێنێت."

بە گوتنی ئەوە کە تا ئەو کاتی لە ئێران ٢٢٤ کوژراو و ١٣٣٠ بریندار هەن، زەمیر گوتی: ئامانجەکانی جەنگ دەتوانن لە پێنج بۆ شەش ڕۆژدا دەستەبەر بکرێن، بەڵام ئیسڕائیل دەتوانێت کاری زۆرتر بکات.

ئەو گوتی: "تا ئێستا، ئێمە خەریکی هێرش بۆ سەر فەرماندەیی لە ڕۆژاوا بووین و ئێستا هێرش دەکەینە سەر فەرماندەیی ناوەند،" مەبەستی ناوبراو ئەوە بوو کە هێرشەکانی هێزی ئاسمانی هاژەک هاوێژەکان و بەرگریی ئاسمانی لە ڕۆژاوای ئێران و پاشان لە ناوەندی ئێران لە ناو بردووە کە بووتە هۆی ئەوە تا فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسڕائیل بتوانن بە ئازادیی لە ئاسمانی تاران بسووڕێنەوە.

ژێرخانی مەدەنی

وەزیران گفتوگۆیان لە بارەی لێدان لە ژێرخانە مەدەنییەکان وەک پاڵاوگەی نەوت، دوای دانی هۆشداریی بە دانیشتووانی نزیک ئەو شوێنانە بۆ چۆڵکردن، کرد.

کاتز گوتی: "گواستنەوەی دانیشتووان شتێکی کردەنی و سیمبولیکە. ئێمە دەبێ لەژێرخانە مەدەنییە دەوڵەتییەکان بدەین تا ڕێبەر ناسەقامگیر بکات."

دەرمەر هاوڕا نەبوو، بەڵام گوتی: "بێتوو ئێمە ئێستا هێرش بکەینە سەر ژێرخانی مەدەنی، جەنگەکە دەتوانێ بەر لە دەستەبەر کردنی ئامانجەکانمان و هێرش بۆ سەر فۆردۆ، تەواو بێت. خامنەیی سەری لێشێواوە بەڵام مکوڕە و کۆنەپەرەستی ئایینییە. ئەو، وەکوو نەسرۆڵڵا، پێی وایە ئێمە کۆمەڵگەیەکی لاوازین."

کاتز وڵامی دایەوە، "ئەوان بە توندی کار بۆ چالاککردنەوەی بەکرێگیراوانیان دەکەن. حیزبۆڵڵا هێشتا تێکەڵ نابێت و لەبەر ئەو هۆیە دەخوازێت هێزی خۆی پیشان بدات،" و ڕوو بە بەشدارانی کۆبوونەوەکە گوتی: ئیسڕائیل ناتوانێ تا ڕۆژی هەینی کۆتایی بە جەنگ بێبێت.

کاتز گوتی: "خامنەیی کۆنەپەرەستێکی لاسارە. ئەگەر تەسلیم بن، ئەو بەرهەمی ژیانی خۆی لەکیس دەدات. من تەنیا بە مەرجێک لەگەڵ کۆتایی‌هێنان بە جەنگم، کە لەگەڵ فۆردۆ و چەند شتی دیکە هەڵسوکەوتمان کردبێت. بەڵام ئەوە بە دەست ئێمە نیە، بۆیە دەبێت بەو شێوەیە لەگەڵ شتەکان هەڵسوکەت بکەین کە هەن. ئێمە دوای چۆڵ‌کرانییان لە لایەن خەڵکی مەدەنییەوە چەند بینا وێران دەکەین، بێتوو ئێران درێژە بە هێرش کردن بۆ سەر ئامانجە مەدەنییەکان بدات. لە تاران چەند ئامانجی سەربازیی هەن کە لەنێو شوێنی ژیانی خەڵکی مەدەنی هەوڵکەوتوون. بێتوو خەڵک تاران جێهێڵن، ئەوە سەرکەوتنێکە."

بەڵام ئەو هۆشدارییدا کە لەکاتێکدا کە ئیسڕائیل هێشتا هیچ ژێرخانی مەدەنی نەکردوونە ئامانج، بێتوو هاژەکەکانی ئێران ژێرخانی ئیسڕائیل بە ئامانج بگرن، ئەوە دەگۆڕدرێت. ئەو گوتی: "بێتوو هێرش بکاتە سەر وێستگەکانی کارەبا، ئیتر ئێمە دوودڵ نابین. ئێمە ئێستا هێرش دەکەینە سەر ژێرخانی مەدەنی، ئەگەرچی ئەوانە ئامانجێکن کە دەمانهەوێت بۆ دواتر ڕایانگرین."

زەمیر، بە نۆرەی خۆی، بەشدارانی کۆبوونەوەکەی دڵنیا کردەوە کە هێزەکانی بەرگریی ئیسڕائیل "ئەو حەوتوویە هێرشێکی قووڵی بۆ سەر نەتەز و یەکیش بۆ سەر فۆردۆ و هەروەها هێرش بۆ سەر تارانی ئامادە کردوون." ئەو گوتی: "تێگەیشتن لە ئاستی سەرکەوتنەکانی ئێمە لە ئێران دژوارە. زیاتر لە ١٢٠ هاژەک هاوێژ لەناو چوون و، لانیکەم ٨٠ دانەیان کار ناکەن."

کاربەدەستێکی هەواڵگریی ناو نەدرکاو ئەوەی زیاد کرد کە ئیسڕائیل هەروەها ڕۆژی پێشتر هێرشی کردووەتە سەر بنکەی ناوەندیی فەرماندەیی ئێران، کە لە کەمبوونەوەی ڕێژەی هێرشەکانی ئێران و چوونە سەری ئاستی ئاشکرا کردنی هاژەکەکان بەرەو ئیسڕائیل دەردەکەوێت.

دەرمەر دڵنیاییدا بە بەشدارانی کۆبوونەوەکە کە وڵاتە یەکگرتووەکان "لە ماوەی ٤٨ کاتژمێردا لە حاڵەتی بەرگریی تەواودا دەبێت" چونکە ترامپ هێزەکانی وڵاتە یەکگرتووەکانی لە ناوچەدا بە‌هێزتر کردوە.

بەڵام، بۆ ڕۆژی دووشەممە وێدەچێ شێوازی ئاخاوتنی کاربەدەستانی بەرگریی گۆڕابێت، چونکە داوایان لە بەشدارانی کۆبوونەوەیک کرد کە بیر لە کۆتایی‌هێنان بە جەنگ بکەنەوە، کە ئەوە بووە هۆی تووڕەیی نەتانیاهوو.

نەتانیاهوو سەرزەنشتی ئەو لێدوانەی کرد و گوتی: "دەست لە داوای کۆتایی‌هێنان بە جەنگ بێنن. شتی ئەوتۆ نابێت. ئێمە کارمان تەواو نەبووە و، ئەو جۆرە داوایانە دەبێ کۆتاییان پێبێت. ئەو جەنگە تا هەر کات پێویست بێت و تا دەستەبەرکردنی ئامانجەکانمان درێژەی دەبێت. ئێمە لە لێواری سەرکەوتنین. ئێوە دەڵێن ئامانجەکان کۆتاییان هاتووە، ئەوە چ پەیامێک دەداتە دوژمنانمان؟ ئەوجار گوتەبێژی هێزەکانی بەرگریی ئیسڕائیل دەڵێ: ئێمە دەبێ کۆتایی پێبێنین؟ ئێمە سیاسەتێکمان هەیە. بە گوێرەی ئەو سیاسەتە کار بکەن. ئێمە تا دەستەبەرکردنی ئامانجەکانمان درێژە دەدەین. بیروڕای گشتیی لێرە گەلێک بەهێزە."

لە تەواوەتی ڕاپۆرتی ڕۆژی سێشەممەی کاناڵی ١٣، قەرارە وردەکاریی زۆرتر لە بارەی پێکرانی ڕاستەوخۆی ناوەندیی پزیشکیی سۆرۆکا لە بیرشێبە لە لایەن ئێرانەوە و زەختی ئیسڕائیل بۆ سەر ترامپ بۆ هێرش کردنە سەر فۆردۆ بڵاو بکرێتەوە.

ئێران بە هاویشتنی ٥٠٠ هاژەک و نزیکەی ١١٠٠ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان تۆڵەی هێرشەکانی ئیسڕائیلی کردەوە. بە گوێرەی کاربەدەستانی تەندروستی و نەخۆشخانەکان، هێرشەکان بوونە هۆی کوژرانی ٣١ کەس و بریندار بوونی ٣٠٠٠ کەس لە ئیسڕائیل.

لە سەر یەک، ٣٦ هاژەک و یەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کەوتنە شوێنەکانی نیشتەجێبوونی خەڵک، لە ئاکامدا ٢٣٠٥ خانوو لە ٢٤٠ بینا زەرەریان پێگەیشت، لەگەڵ دوو زانستگە و نەخۆشخانەیەک و بە سەر یەکەوە ١٣٠٠٠ ئیسڕائیلی ئاوارە بوون.