کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەسێدارەدانی شەش بەندکراوی دیکە لە بەندیخانەکانی کەرەج، زەنجان و سنە

10:36 - 12 خەرمانان 2725

بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکانی مافی مرۆڤی ئێران، لانیکەم شەش بەندکراو لە بەندیخانەکانی کەرەج، زەنجان و سنە لە بەرەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ١١ی خەرمانانی ساڵی ١٤٠٤ لە سێدارە دراون.

بە پێی ڕاپۆرتی "هێرانا" سەرلەبەیانی ڕۆژی سێشەممە چوار بەندکراو لە زیندانی قەزڵحەسار لە شاری کەرەج و کەسێکیش لە زیندانی زەنجان لە سێدارە دران.

هەروەها لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە، محەممەد بابایی، بەندکراوی تەمەن ٤٤ ساڵ خەڵکی گوندی دزڵی سەربە سەوڵاوا لە سێدارە درا.

بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە مانگی ڕابردووی زایینیدا لانیکەم ١٥٢ کەس لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی لەسێدارە دراون، ڕێژەیەک کە بە بەراورد بە مانگی ئاگۆستی ٢٠٢٤ کە ژمارەی لەسێدارەدانان ٩٤ کەس بووە، نزیکەی ٧٠ لەسەد زیادی کردووە.

هێرانا و تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان جەختیان لەوە کردووەتەوە کە دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمی ئێران هێشتا وردەکاری و ناسنامەی بەشێک لە کەسانی لەسێدارەدراویان بە فەرمی ئاشکرا نەکردووە و پرۆسەی لەسێدارەدان بەبێ ئەوەی زانیاری ڕوون بدرێتە بنەماڵەکان و میدیاکان بەردەوامە.