
ڕۆژی شەممە ٢٩ی خەرمانانی ١٤٠٤، گالێری زێڕی "کوردۆ" کە لە شەقامی "ئەدەب" لە شاری سنە هەڵکەوتووە، لەلایەن ئیدارەی ئەماکنی ڕێژیمەوە لەو شارە بە بیانووی بێ حیجابی پلۆمپ کرا.
پەیجی ئینستاگرامی ئەم گالێرییە، بە بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، نووسیویەتی: "بە بیانوویەکی سادە و بەهۆی بێ حیجابی بە ئاسانی پلۆمپ کرا". ئەم لاپەڕەیە لە درێژەدا نووسیویەتی "پلۆمپکردنی ئەم گالێرییە تەنیا داخستنی دووکانێک نییە، بەڵکوو بە مانای لەدەستدانی نانی زیاتر لە ١٥ بنەماڵەیە".
لە بەڵگەی پلۆمپی ئەم گالێرییەدا نووسراوە، "ئەم سەندیکایە بەپێی بڕگەی ٢٧ی یاسای سەندیکاکان پلۆمپ کراوە، و بە پشتبەستن بە تێبینی ٢ی بڕگەی ٢٧ی یاساکە، ئەو کەسانەی پلۆمپی ئەو شوێنانە بشکێنن یان شوێنەکانی ئاماژەپێکراوەکان بۆ کاسبیی دووبارە بەکار بهێنن، ئەو سزایانەیان بەسەردا دەسەپێنرێت کە لە یاسای سزادانی ئیسلامیدا دیاری کراون".
پلۆمپی ئەم گالێرییە لەحاڵێکدایە کە هیچ بڕگەیەک لە یاسای سەندیکاکاندا نییە کە باس لە بێ حیجابی بۆ داخرانی دووکانێک بکات، هەروەها بەپێی بڕگەی ٢٧، سەندیکاکان یان فەرمانگە پەیوەندیدارەکان لە ئەگەری سەرپێچی سەندیکای کرێکاران (بۆ نموونە نەبوونی مۆڵەتی بازرگانی، سەرپێچیی تەندروستی، یان حاڵەتی هاوشێوە) دەتوانن فەرمانی داخستن و پلۆمپکردنی دەر بکەن.