
دوابەدوای هەوڵەکانی سێ وڵاتی ئورووپایی لەمەڕ چالاکردنی مێکانیزمی ماشە و گەڕاندنەوەی گەمارۆکان، شۆرای باڵای ئەمنییەتی میللیی ڕێژیم بڕیاری دا هاوکارییەکانی خۆی لەگەڵ ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی بە شێوەی هەڵپەسێردراوی بهێڵێتەوە.
ڕۆژی شەممە ٢٩ی خەرمانانی ١٤٠٤ی هەتاوی، شۆرای ئەمنییەتی میللیی ڕێژیم لە دووتوێی ڕاگەیەندراوێکدا، هەوڵەکانی سێ وڵاتی ئاڵمان، بریتانیا و فەرانسەی بە "هەوڵە نەهەڵسەنگێندراوەکان" لەقەڵەم دا.
لەو ڕاگەیەندراوەی شۆرای ئەمنییەتی میللیی ڕێژیمیدا پێداگری لەسەر ئەوە کراوە وێڕای هاوکاریکردنی وەزارەتی کاروباری دەرەوە لەگەڵ ئاژانس و پێشنیاری گەڵاڵەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکان، ڕەوتی هاوکارییەکان ڕادەگیردرێت.
بڕیاری ئەو ناوەندەی ڕێژیم لەکاتێکدایە کە ڕۆژی هەینی ٢٨ی خەرمانان، شۆرای ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دژی لابردنی گەمارۆکانی سەر ڕێژیمی تاران بڕیاری دا و سزاکان دژی کۆماری ئیسلامی لە ڕێکەوتی ٦ی ڕەزبەرەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
مەسعوود پزیشکییان سەرۆککۆماری ڕێژیم، چەند کاتژمێر پێش بڕیاری ئەو شۆرایە لە دژکردەوە بە هەوڵەکانی سێ وڵاتی ئورووپایی لەمەڕ چالاککردنی مێکانیزمی ماشە وتبووی: "وڵاتانی ئورووپایی ناتوانن ڕێگە لە ئێران بگرن".
سەرۆککۆماری ڕێژیم بەئاماژەدان بە هێرشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ناوکییەکانی فۆردۆ و نەتەنز و بە شێوەی هەڕەشەئامێز باسی لەوە کردووە کە "ڕەنگە توانیبێتیان نەتەنز و فۆردۆ بکەنە ئامانج بەڵام لەوە تێنەگەیشتن لەوەی ئەوە مرۆڤەکانن نەتەنز و گرنگتر لە نەتەنزیش دروست دەکەن".
ئەو لێدوانە هەڕەشەئامێز و دژکردە توندانەی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لەکاتێکدایە کە نوێنەرانی وڵاتانی ئورووپایی و ئەمریکایی لە شۆرای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا پێداگرییان لەسەر ئەوە کردبووەوە کە بڕیاری گەڕاندنەوەی گەمارۆکان و چاککردنی مێکانیزمی ماشە بە واتای داخستنی دەرگای دیپلۆماسی نییە".