کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سیستمی خوێندن لە ئێران لە جیاتی پەروەردە لە خزمەتی ئیدۆلۆژیی ڕێژیمدایە

10:59 - 30 خەرمانان 2725

عەلیڕەزا کازمی، وەزیری پەروەردەی کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاندووە کە کۆمەڵێک نامیلکەی تایبەتیان بە نێوەڕۆکی شەڕ و هێزی مووشەکیی ئێران بۆ قوتابییان لە هەر سێ قۆناغی خوێندنی ئەمساڵدا ئامادە کردووە.
کازمی بە ئاماژەدان بە هێرشە مووشەکییەکانی سپای پاسداران بۆ سەر ئیسرائیل وتی: "نامیلکەیەکی تایبەت لەژێر ناوی زلەی توند، بۆ قوتابییان لە ئەمساڵی خوێندندا ئامادە کراوە".
ناوبراو زیادیشی کردووە کە قوتابییان دەبێت سەبارەت بەم بابەتە ئاگادار بن و هەروەها بە شێویەکی چالاکانە لە باسەکانیدا بەشدار ببن.
سیستمی پەروەردەی کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتاوە بە تێکهەڵکێشکردنی ئیدۆلۆژییەکانی "ویلایەتی فەقێ"، لەگەڵ بابەتە زانستییەکاندا، بە تەواوەتی لە خزمەتی پەرەدان بە بڕوا و هێماکانی دەسەڵات بووە.
وەزارەتی پەروەردەی کۆماری ئیسلامی کە لە ئیستادا لەگەڵ کێشە بنەڕەتی و پێکهاتەییەکان وەک نەبوونی کەرەستەی پێویست و بەڕۆژی خوێندن، بەبازرگانیکردنی خوێندن، دابەزینی ئاستی خوێندەواریی زانستیی مامۆستایان و بەڕۆژنەبوونەوەی زانستەکان، سیستمی بەڕێوەبەریی ناکارامە و یەکساننەبوونی پەروەردە بۆ هەمووان، بەرەوڕووە، هیچ هەنگاوێکی گونجاو بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەگەلە هەڵ ناگرێت.
تێکەڵبوونی ئیدئۆلۆژی لەگەڵ سیستمی پەروەردەی هەر وڵاتێک دەتوانێت تا ساڵانێکی زۆر لێکەوتەگەلێکی قووڵ و بەربڵاو لە سەر نەوەکانی داهاتووی کۆمەڵگە دابنێت.
لەلایەکی دیکەوە ڕێژیم لەهەوڵدایە تاکوو بەم شێوەیە و بە ناساندنی بابەتە سەربازییەکان لە سەر پۆلەکانی خوێندن، "جیلێکی شەڕانی" بۆ بەرەوپێشبردنی سیاسەتە ئیدۆلۆژیکییەکانی خۆی پەروەردە بکات.