
لە قوتابخانەکانی شاری بۆکان و گوندەکانی ئەو شارە بڕە پارەیەکی زۆر وەک تێچووی کتێب لە قوتابییانی قۆناغی سەرەتایی داوا کراوە.
بەپێی زانیارییەکان ڕۆژی شەممە ٢٩ی خەرمانان بەڕێوەبەرانی قوتابخانەکان لە هەر قوتابییەکی پۆلی یەک تا شەشی بنەڕەتی داوای ٥٠٠ هەتا ٧٠٠ هەزار تمەنیان کردووە.
هەروەها پێشتر بە بیانووی نووسینی ناوی قوتابییان لانیکەم ٤٠٠ هەزار تمەنیان لە هەر کەس وەرگرتووە.
ئەوە لەحاڵێکدایە بەپێی یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، پێویستە خوێندن بەخۆڕایی بێت و هەموو کەس دەستی پێڕابگات. بەڵام وەرگرتنی بڕە پارەیەکی زۆر لە قوتابییان لە ڕاستیدا پێشێلکارییەکی ڕوونی ئەم یاسایەیە و نیشان دەدات کە ڕێژیم و دامەزراوە پەروەردەییەکان لەبڕی پشتیوانیکردنی منداڵان و بنەماڵە بێبەشەکان، بارگرانی قەیرانی ئابووریی خستووەتە سەریان.
دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە کارە نایاساییانە و گوشارە ماڵییانە بەتایبەتی بۆ ئەو بنەماڵانەی کە دوو یان سێ قوتابییان هەیە، کێشەی جیددی دروست کردووە و هێندەی تر بارودۆخی ژیانیان سەخت کردووە .