کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیه‌ندراوی کۆتایی کۆنگرەی نۆیەمی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

13:19 - 30 خەرمانان 2725

لاوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان!

ئەندامان و لایەنگرانی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان!

ڕێکخراو و دامەزراوەکانی لاوانی کوردستان!

سەرلەبەیانی ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٨ی خەرمانانی ١٤٠٤، بە بەشداریی دەیان نوێنەری دەرچووی کۆنفڕانسەکانی یەکیەتیی لاوان، نۆیەمین کۆنگرەی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ژێر ناوی کۆنگرەی "لاوانی دەروەست" و لە ژێر درووشمی "لەپێناو وەسەریکخستنەوەی وزەی لاوانی ڕۆژهەڵات لە هەموو مەیدانەکانی خەباتدا" دەستی بە کارەکانی کرد و بە شانازییەوە پێتان ڕادەگەیەنین کە تا شەوی هەمان ڕێکەوت کۆنگرەکەمان بە سەرکەوتوویی کۆتایی بە کارەکانی خۆی هێنا.

کۆنگرەی نۆی یەکیەتیی لاوان لە کەشێکی تەواو دێموکراتیک و لەسەر بنەمای گفتوگۆی ڕاشکاو، کۆمەڵێک بڕیار و ڕاسپاردەی نوێی بۆ قۆناغی نوێی خەبات و تێکۆشانمان پەسەند کرد و هەروەها ئەندامانی نوێی بەڕێوەبەریی بۆ قۆناغی نوێی تێکۆشانی ڕێکخراو هەڵبژارد و پاشان بە کۆی دەنگی بەڕێوەبەریی هەڵبژێردراوی کۆنگرە، هاوڕێ بێهزاد قادری وەک سکرتێری نوێی ڕێکخراو هەڵبژێردرا.

 

بەڕێزان!

نۆیەمین کۆنگرەی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کاتێکدا بەڕێوە چوو کە بارودۆخی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، بەخێرایی لە گۆڕاندایە و ئەم گۆڕانکاریانەش کاریگەریی بەرفراوانی نە تەنها لەسەر ئێران، بەڵکوو لەسەر هەموو ئەو دەوڵەتانە هەیە کە کوردستانیان بەسەردا دابەش بووە. بە سەرنجدان بە پێشهاتەکانی ئەو دواییانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئێران، بەتایبەتی دوای بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە ڕۆڵی کارا و ڕێبەرانەی لاوانی لەسەر شەقامەکانی کوردستان بەرجەستە کرد، دەبینین کە ئاسۆمان ڕوونە و لە هەموو بوارێکەوە دەرفەتی زێڕینمان لەپێشە و بەستێن بۆ چالاکی و بزووتنەوە و ڕاپەڕینێکی نوێ لە هەموو کات لەبارترە.

لە ئێستادا ئێران بەرەوڕووی دەیان قەیرانی جۆراوجۆر بووەتەوە و ئەو قەیرانانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرفراوانترن. دۆخی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە هێژموونی بیری شۆڤێنی لە ناوەندەوە بەسەرەوەیە، پرسەکەی بەتەواوەتی لە بەشەکانی دیکەی ئێران جیا کردۆتەوە ئەمەش وایکردووە کە مۆدێل شێوازی خەباتی ئێمە ڕەهەندی جۆراوجۆر بەخۆیەوە بگرێت و دەرفەتە سیاسی و مەدەنی و مەیدانییەکان بە فیڕۆ نەدەین و خەباتێکی داهێنەرانە بەرەو پێش ببەین.

لەلایەک کاریگەریی بزووتنەوە نێوخۆییەکان لە ئێران و بەتایبەتی لەڕۆژهەڵاتی کوردستان، وەکوو: بزووتنەوەی ژینا، بزووتنەوەی بایکۆتی شانۆگەری هەڵبژاردنەکان و بزووتنەوەی نەورۆز، لەلایەکیش فشارە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانیش، ڕێژیمی ڕووبەڕووی دژوارترین قۆناغی خۆی کردووە. ئەمەش دەرگای هەموو ئەگەر و دەرفەتێکی بۆ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد و نەتەوەکانی دیکە واڵا کردووە. ئەمەش پێویستی بە ڕێکخستنەوەی ڕیزەکانی نەتەوەکەمان، بەتایبەت لاوانە. کۆنگرەی نۆیەمی ئێمە ئەو دەرفەتەی خوڵقاند کە لە هەرەوەززێکی دێموکراتیکدا بۆ پتەوکردنی ئامانج و بەرنامەکانمان و هەروەها بۆ پێداچونەوە بە ڕێکخستنەکانی ڕێکخراوەکەمان، بڕیاری چارەنووسساز بدەین.

شەڕی ١٢ ڕۆژەی نێوان ئێران و، ئیسرائیل و هێرشی ڕاستەوخۆی ئەمریکا بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران و، لەناوچوون و لاواز بوونی پرۆکسییەکانی ڕێژیم لە ناوچەکەدا پێمان دەڵێ کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، هەرچەند لە ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەییدا پاشەکشەی پێ کراوە و دەسەڵاتی وەک جاران نەماوە، بەڵام هێشتا لە سەرکوتکاریی خۆی دژی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە.

چڕکردنەوەی گوشارەکان بۆ سەر چالاکییەکانی لاوان و چالاکانی مەدەنی و سیاسی لەلایەن دەزگای سەرکوتی ڕێژیم و هەوڵدان بۆ کۆنتڕۆڵی ژیانی ڕۆژانەی ئەندامانی کۆمەڵگا و چوونە ناو بنج و بنەوانی ژیانی ڕۆژانەی خەڵک، وێنای ئەو حکومەتە دیکتاتۆر و پاوانخوازانە دەهێنێتەوە بەرچاومان، کە پێش ڕووخانیان ئەم ڕێ‌وشوێنانەیان گرتبۆ بەر بەڵام بەرگەی ئیرادەی جەماوەرییان نەگرت. هەر ماوەیەک لەمەوپێش بوو کە شۆڕشی نوێی گەلی نیپاڵ بە ڕێبەرایەتیی لاوانی شۆڕشگێڕ سەرکەوت و حکوومەتی پاوانخواز و سانسۆڕچی ئەو وڵاتە لە ماوەیەکی کورتدا ڕووخێندرا.

 

لاوانی پڕ لە وزەی کوردایەتی!

خەباتی نەتەوەیی- دێموکراتیکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەڵگری چەمکگەلی وەک ڕزگاریخوازی، شوناسخوازی، دێموکراسی، مەدەنییەت و پێکەوەژیانە و، خاوەنی ڕاستەقینەی ئەو چەمکانە نەتەوەیەکی سازماندراوە بە بیری ژێکاف و حیزبی دێموکرات و کۆماری کوردستان کە ڕێکخراوی لاوان وەک میراتگری ئەو سەرمایە مەزنە، بڕیاریداوە کە وێڕای سوور بوون لەسەر ئەم بەها و پڕەنسیپانە، دۆست و بەردەنگی زیاتر بۆخۆی پەیدا بکات.

قۆناغی نوێی خەباتمان بە تێکۆشانی سازمانی و رێکخستنی لاوان و وەسەریەکخستنەوەی هەموو وزە و پتانسییەلەکانی لاوان لە سەرجەم مەیدانەکانی خەباتدا، چڕ دەکەینەوە و دەست لەناو دەستی یەک بۆ یەک ئامانج و مەبەست تێدەکۆشین. تێدەکۆشین بۆ ئەوەی سایەی ستەمێکی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی لەسەر کوردستان و لاوانی کورد نەهێڵین و سەربەستی وەدی بهێنین.

 

لە کۆتاییدا سەری ڕێز دادەنوێنین بۆ سەرجەم ئەو شەهیدانەی کە لە قۆناغە جیاجیاکاندا لە ڕیزی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆهەڵاتی کوردستان خەباتیان کردووە.

 

سەرکەوتوو بێت خەباتی ڕزگاریخوازیی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

سەرکەوتوو بێت یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

 

کۆنگرەی نۆیەمی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

٢٨ی خەرمانانی ١٤٠٤ی هەتاوی ‎