
ئەرتەشی ئیسرائیل لە درێژەی هێرشەکانی خۆی دژی گرووپە تێرۆریستییەکانی سەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، بنکەکانی حیزبوڵڵای لە باشووری لوبنان کردووەتە ئامانج.
شەوی یەکشەممە ٩ی خەرمانان، ئەرتەشی ئیسرائیل لە دووتوێی ڕاگەیەندراوێکدا باسی لە بە ئامانجگرتنی بینایەک لە شاری عیتائۆلشەعب لە باشووری لوبنان کردووە.
بە گوێرەی ئەو ڕاگەیەندراوەی ئەرتەشی ئیسرائیل، ئەو بینایە شوێنی مانەوەی یەکێک لە ئەندامانی حیزبوڵڵا بە ناوی "محەممەدحوسێن قاسم" بووە کە حەفتەی ڕابردوو کوژراوە.
لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە کە ئەو بەرپرسە کوژراوەی حیزبوڵڵا لە هەوڵی نۆژەنکردنەوەی ژێرخانە سەربازییەکانی ئەو گرووپەدا بووە و ئەو بینایەش یەكێک لە دەیان بینا و بنکەیە کە لەلایەن "حوسێن قاسمــ"ـەوە نۆژەن کرابوویەوە.
ئەرتەشی ئیسرائیل چالاکیی حیزبوڵڵا لە باشووری لوبنان بە پێشێلکردنی ئەو ڕێککەوتننامە دەزانێت کە لە نێوان ئیسرائیل و لوبناندا واژۆ کراوە.
لە درێژەی هەمان هەوڵدا لە دژی دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیمی تاران لە ناوچەکەدا، ئەرتەشی ئیسرائیل ڕۆژی پێنجشەممە ٦ خەرمانان، لە هێرشێکی بەربڵاودا، شوێنی کۆبوونەوەی کابینەی حکوومەتی حوسییەکانی لە سەنعا کردە ئامانج و لە ئاکامدا سەرۆکوەزیران و حەوت وزیر و دەیان بەرپرسی ئەمنییەتی و سەربازیی ئەو گرووپە کوژران.
لەو هێرشەدا ئەحمەد ئەلڕەهەوی سەرۆکوەزیران و هەرکام لە وەزیرانی ئابووری، پیشەسازی، سەرمایەگوزاری، کاروباری کۆمەڵایەتی و کار، وەزیری دادگوستەری، وەرزش و لاوان، وەزیری هاتوچۆ و هەروەها جێگری کاروباری بەرگری و ئەمنییەتی، جێگری سەرۆکوەزیران، جێگری وەزیری نێوخۆیی و جێگری وەزیری وڵات لە ڕەوتی ئەو هێرشەدا کوژران.
هەروەها زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە محەممەد ناسر ئەلعاتفی وەزیری بەرگری و عەبدولکەریم ئەلغوماری سەرۆکی ستادی هێزە چەکدارەکانی حوسییەکان بە توندی بریندار بوون و باری تەندروستییان جێگیر نییە.
ئەو هێرشە لەکاتێکدا بوو کە پێشتر ئیسرائیل هۆشداریی دابوو کە بەهۆی هێرشی ئەو گرووپە بۆ سەر خەڵکی ئاسایی لە ناوەندی شارەکانی ئیسرائیل و بە ئامانجگرتنی فڕۆکەخانەی نێونەتەوەیی "بێن گۆریۆن"، بەهێزەوە وڵام دەدەنەوە.
هەر لەو پێوەندییەدا "ئەلعەرەبییە" لە زاری دوو ناوەندی بریتانیایی چالاک لە بواری ئەمنییەتدا باسیان لەوە کردووە کە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە ١٠ی خەرمانان حوسییەکان لە دژکردەوە بە هێرشی ئیسرائیل، کەشتییەکیان بە ئاڵای لیبریاوە لە دەریای سوور کردووەتە ئامانج.
هەروەها شیرکەتی ئەمنییەتیی دەریایی "ئەمبری" لە لەندەن جەختی لەوە کردەوە کە ئەو کەشتییەی حوسییەکان کردوویانەتە ئامانج، خاوەنە سەرەکییەکەی ئیسرائیلە.
شایانی باسە هەتا ئێستا حوسییەکان ئەو هێرشەیاان نەگرتووەتە ئەستۆ و پشتڕاستیان نەکردووەتەوە.