کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سزادانی تۆڕێکی دیکەی پێوەندیدار بە قاچاخی نەوتی ئێران

10:47 - 12 خەرمانان 2725

لە درێژەی هەوڵەکانی دەوڵەتی ئەمریکا لەهەمبەر کۆماری ئیسلامی و ڕەچاوکردنی سیاسەتی گوشاری هەمەلایەنە، وەزارەتی خەزێنەداریی ئەم وڵاتە کۆمەڵێک سزای نوێی پێوەندیدار بە فرۆشی نەوتەوەی لە سەر تاران دانا.
ڕۆژی سێشەممە ١١ی خەرمانان، وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا ڕایگەیاند کە یەک کەس، ٧ کۆمپانی و ٩ نەوتهەڵگری بەهۆی هەبوونی ڕۆڵیان لە قاچاخی نەوتی ئێران و پێشێلکردنی گەمارۆکانی سەر تاران سزا داوە.
بەپێی بەیاننامەیەک کە ئەم وەزارەتخانەیە بڵاوی کردووەتەوە، کەسێک بە ناوی "وەلید خالید حەمید ئەلسامرایی"، بازرگانی عێراقیی نیشتەجێ لە وڵاتی ئێمارات کە بەڕێوەبەری تۆڕێک لە کۆمپانییە بازرگانییە نەوتی و بارهەڵگرەکانە، سزا دراوە.
بەیاننامەکە زیادی دەکات کە ئەلسامرایی بە تێکەڵکردنی نەوتی عێراق و ئێران و پاشان فرۆشتنی بە ناوی نەوتی عێراقەوە، ساڵانە ٣٠٠ میلیۆن دۆلار داهاتی بۆ کۆماری ئیسلامی و خۆی تەرخان کردووە.
ئەم وەزارەتە شی دەکاتەوە کە نەوتهەڵگرەکانی کۆمپانیی ئەلسامرایی لە کەنداو و بەندەرەکانی عێراق لە ڕێگەی گواستنەوەی کەشتی بۆ کەشتی کە زیاتر لە شەودا ئەنجام ئەدرێت، نەوتی ئێران تێکەڵی نەوتی عێراق دەکەن و پاشان بە سیستمی ساختەیی ناسینەوە، خاوەندارێتیی ڕاستەقینەی نەوتهەڵگرەکان دەشارنەوە.
سکات بێسێنت، وەزیری خەزێنەداریی دەوڵەتی ترامپ، لەم بەیاننامەیەدا بە ئاماژەدان بە دابینکردنی پێداویستییەکانی نەوت بەبێ نەوتی ئێران جەختی کردووەتەوە کە بە گرتنەئامانجی ڕەوتی داهاتە نەوتییەکانی تاران، تواناکانی کۆماری ئیسلامی بۆ ئەنجامی هێرشەکانی بەدژی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی زیاتر لە ڕابردوو لاواز دەبێت و ئەمریکاش لە درێژەدان بەم پرۆسەیە بەردەوام دەبێت.