کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مێکانیزمی ماشە؛ زەنگی مەترسیی نوێ بۆ ئابووریی ئێران

10:48 - 31 خەرمانان 2725

لەگەڵ چالاکبوونی مێکانیزمی ماشە و گەڕانەوەی گەمارۆکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە خراپتربوونی قەیرانی ئابووریی ئێران هۆشداری دەدەن.

عەلیڕەزا کیانی، بەرپرسی کۆمیسیۆنی بازاڕی پارە و سەرمایە لە ژووری بازرگانی تاران، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی ''ئیتلاعات'' جەختی لەوە کردەوە، کە شەپۆلی نوێی گەمارۆکان دەبێتە هۆی دروستبوونی گوشاری هەڵاوسانی زیاتر و دەرچوونی سەرمایە خێراتر دەکات.

بە وتەی ناوبراو، درێژەدان بە سیاسەتی سەرکوتکردنی نرخی دراو، بازرگانان و بەرهەمهێنەران لە بازاڕ دوور دەخاتەوە و هیچ پاڵنەرێک بۆ وەبەرهێنان ناهێڵێتەوە.

کیانی قەیرانی ئێستای بە هۆی پەککەوتنی توندی سووڕانەوەی پارە و سەرمایە زانی و ئاماژەی بەوەش کرد، نەک هەر کەرتی تایبەت دەستڕاگەیشتنی بە سەرچاوەی پێویست نییە، بەڵکوو هیچ هیوایەک بۆ وەبەرهێنانەوەش نییە. ئەم دۆخە زیاتر لە جاران ئابووریی ئێران دەگەیەنێتە بنبەست.

لەلایەکی دیکەوە، حەمید حوسێنی، وتەبێژی یەکیەتیی هەناردەکارانی بەرهەمە نەوتییەکان هۆشداری دا کە بە کاراکردنی مێکانیزمی ماشە، هاوردەکردنی بێنزین بۆ ئێرانیش ڕووبەڕووی سنووردارکردن دەبێتەوە. هەرچەندە بێنزین ڕاستەوخۆ لە لیستی گەمارۆکاندا نییە، بەڵام ڕەنگە ئەمریکا ئەم ئامرازە بکاتە بیانوویەک بۆ گوشارە نوێیەکان.

بە وتەی چاودێران، سیاسەتە ناکارامەکانی کۆماری ئیسلامی و پشتبەستن بە چارەسەری کاتی، بەرگری وڵاتی لە بەرامبەر گەمارۆ نوێیەکان لاواز کردووە و بارگرانیی سەرەکیی ئەم قەیرانە دیسان دەکەوێتە سەر شانی خەڵک.