
بڵاڤۆکی ماری تایم ئێکسێکیۆتیڤ کە لە بواری پیشەسازیی دەریاوانیدا چالاکە، لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە ئەو گەمارۆ نوێیانەی کە لەگەڵ مێکانیزمی ماشە دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی چالاک دەبن، زۆر دژوارتر و توندتر لە گەمارۆکانی ئێستایە و بە تەواوەتی لەسەر کەشتیوانیی ڕێژیم شێوێندانەری دەبێت.
ئەو بڵاڤۆکە لە ڕاپۆرتی ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی خەرمانانی خۆیدا نووسیویەتی: "ئەگەر سزاکانی شۆرای ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەو شێوەیەی چاوەڕوان دەکرێت لە ٥ی خەزەڵوەردا کارا بکرێتەوە، تەواوی ناوگانی بازرگانیی شیرکەتی کەشتیوانیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و شیرکە پێوەندیدارەکان لەخۆ دەگرێت".
ڕاپۆرتی ئەو بڵاڤۆکە پەرژاوەتە سەر وردەکاریی زیاتری زیانەکانی سەر کەرتی کەشتیوانیی ڕێژیم و ئاماژەی بەوە داوە کە مێکانیزمی ماشە، ١١٥ کەشتی و ٣٨ نەوتکێشی گەورە سەر بە شیرکەتی میللیی نەوتکێشەکانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ قەیرانی جیددی بەرەوڕوو دەکاتەوە.
شۆرای ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی هەینی ٢٨ی خەرمانان دژی بەدواخستنی گەمارۆکان دژی کۆماری ئیسلامی بڕیاری دا.
ئیمانۆئێل ماکرۆن سەرۆککۆماری فەرانسە، لەبارەی کاراکردنی مێکانیزمی ماشە لە ڕۆژی هەینی ٢٨ی خەرماناندا پێداگریی لەسەر ئەوە کردەوە کە گەڕاندنەوەی سزاکان دژی کۆماری ئیسلامی بەدڵنیاییەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
گەمارۆکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هەموو بوارەکانی هەناردەکردنی نەوت، گاز، کەشیوانی، بانکداری، دەسپێڕاگەیشتن بە سیستەمی ماڵی نێونەتەوەیی، بەرهەمهێنان و هاوردەکردنی چەکوچۆڵ و تێکنۆلۆژییە هەستیارەکان لەخۆ دەگرێت.
بڕیاری شۆرای ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دژکردەوەی بەربڵاوی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بەدواوە بووە.
شایانی باسە دوابەدوای هەوڵەکانی سێ وڵاتی ئورووپایی لەمەڕ چالاکردنی مێکانیزمی ماشە و گەڕاندنەوەی گەمارۆکان، شۆرای باڵای ئەمنییەتی میللیی ڕێژیم بڕیاری دا هاوکارییەکانی خۆی لەگەڵ ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی بە هەڵپەسێردراوی بهێڵێتەوە.