
لە درێژەی سەرکوتی بەربڵاوی هاووڵاتییانی کورد لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە، دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد لەلایەن دادگای بەناو دادوەریی ڕێژیمەوە سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "کوردپا"، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "ئومید ڕەش" خەڵکی گوندی "کۆسەکەرێز"ی شاری مەهاباد، لەلایەن لقی یەکی بە ناو دادگای ڕێژیمەوە لەم شارە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی ڕێژیم" بە ٦ مانگ بەندکران سزا دران.
هەروەها کوردپا ئاماژەی بەوە داوە کە لقی یەکی دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە شاری مەهاباد بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی ڕێژیم"، هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی شاری مەهاباد بە ناوی "سرووش یووسفزادە"ی بە ٦ مانگ بەندکران سزا داوە.
ئومێد ڕەش ڕۆژی ٣١ی خەرمانانی ئەمساڵ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و بۆ لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی ڕێژیم گوازراوەتەوە. دوای تەواوبوونی لێپرسینەوە، ناوبراو بۆ بەندیخانەی مەهاباد گوازراوەتەوە و دواتر پاش زیاتر لە مانگێک بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد و نیوی ئازاد کرا.
هەروەها سرووش یووسفزادە لە ٢٩ی خەرمانانی ئەمساڵ دوای هەڵکوتانە سەر ماڵەکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوو. ناوبراو دوای ٢٥ ڕۆژ لە دەسبەسەرکردن و لێپرسینەوە، بە بارمتەی یەک میلیارد تمەنی تا کاتی دادگاییکردن بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.