
یوسی کۆهێن، بەرپرسی پێشووی موساد، ڕایگەیاند کە بە سەرنجدان بە ئەزموونی درێژماوەی لە بابەت کۆماری ئیسلامی لەسەر ئەو باوەڕەیە کە "گۆڕینی ڕێژیم پێویستە و ئەم پێویستییە تەنیا بۆ بەرژەوەندیی جیهان نییە، بەڵکوو لەپێناو خەڵکی ئێرانیشدایە کە لە نێوخۆدا خوازیاری گۆڕانکارین".
کۆهێن لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کاناڵی ''سی ئێن ئێن'' ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی خەرمانان وتی: ''ڕەنگە ڕێژیمی ئێران ڕواڵەتێکی ئایینی هەبێت یان ڕەنگە هێندێک لە ڕێبەرانی ڕێژیم کەسانی ئایینی بن، بەڵام خەڵک چیتر نایانەوێت ژیانیان لەلایەن دیکتاتۆریەتێکەوە بەڕێوە بچێت.''
ئەمە یەکەمجار نییە کە کۆهێن باس لە "گۆڕینی ڕێژیم" لە ئێران دەکات.
مانگی پووشپەڕی ساڵی ڕابردوو، لە کاتی شەڕی کۆماری ئیسلامی و ئیسرائیل، ناوبراو لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کاناڵی ١٢ی ئیسرائیل، خوازیاری ڕووخاندنی تەواویەتی ڕێژیمی ئێران بوو و وتی: ''پێشنیاری سەرۆکوەزیران ئیسرائیل و جیهانی ڕۆشنبیر دەکەم کە لەم دەرفەتە ناوازەیە بۆ ڕووخانی یەکجارەکی ڕێژیم کەڵک وەربگرن. پێموایە زانیاریی پێویست بۆ ئەم مەبەستە لەبەر دەستدایە".
بەرپرسی پێشووی مووساد وتی: ''من وتم دوای هێرشی زۆر سەرکەوتووی ئیسرائیل و ئەمریکا، کە بە دوایدا فڕۆکەی بی-٢ هاتە نێو کایەوە، دەبا هەتا کۆتایی چووبان. من وتم پێویستە لە ئێستاوە بچینە پێشەوە و ئەو ڕێژیمە بڕووخێنن. بە بڕوای من ڕەنگە ئەو ساتەوەختە لاوازترین خاڵی ڕێژیمی ئێران لە ساڵانی ڕابردوودا بووبێت.
لە کاتی شەڕی ١٢ ڕۆژەدا سەرۆکوەزیران و سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ڕایانگەیاند کە گۆڕینی ڕێژیم بەشێک لە پلانە فەرمییەکانی ئیسرائیل نییە، هەرچەندە دەرئەنجامێکی لەو شێوەیە خوازراو بوو.
هەروەها یەکی پووشپەڕ، دۆناڵد ترامپ، پشتیوانیی لە گۆڕینی ڕێژیمی ئێران کرد و ڕایگەیاند کە گۆڕانکارییەکی لەو شێوەیە دەتوانێت ببێتە هۆی گەشەسەندنی ئەم وڵاتە.