
کۆمەڵێک لە چالاکانی مەدەنی و سیاسی لە پارێزگاکانی ئیلام و کرماشان بەبۆنەی سێهەمین ساڵوەگەڕی شۆڕشی ژینا و هاوکات لەگەڵ ساڵوەگەڕی هێرشەکانی سپای پاسداران بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات، بەیاننامەکیان بڵاو کردەوە.
لەو بەیاننامەدا هاتووە کە شۆڕشی ژینا لەگەڵ ڕژانی خوێنی ژینا ئەمینی، لە گۆڕستانی ئایچی سەقز و لەژێر دروشمی جیهانیی "ژن، ژیان، ئازادی" دەستی پێ کرد؛ دروشمێک کە تەنیا دروشمێکی ناڕەزایەتی نەبوو بەڵکوو مانیفێستێک بوو بۆ ئازادی، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و بەرابەریی نەتەوەکانی ژێردەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی.
ئەو شۆڕشە سەرەڕای سەرکوتی توندی کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی دەسبەسەرکردن، ئەشکەنجە، لەسێدارەدان و سەرکوتی خوێنین لە ماوەی ئەو سێ ساڵەدا نە تەنیا ئەو شۆڕشە کۆتایی نەهاتووە بەڵکوو بووەتە هاواری هاوبەشی ئازادیخوازانی نەتەوە ستەملێکراوەکانی ئێران.
بەیاننامەکە هەروەها پەرژاوەتە سەر هێرشی مووشەکی و پەهپادیی سپای تێرۆریستیی پاسداران بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە تەنیا دوو حەفتە پاش شۆڕشەکە دەستی پێ کرد؛ ئەو هێرشانە بووە هۆی شەهیدبوونی ڕێژەیەکی بەرچاو لە لاوە خەباتگێڕەکانی کورد.
چالاکانی مەدەنی و سیاسی لە ئیلام و کرماشان ئەو هەوڵانەی کۆماری ئیسلامییان بە "بەڵگەیەکی جینایەتکارانە، دژەمرۆیی و سنووربەزاندنەکانی کۆماری ئیسلامی" لە قەڵەم داوە.
لە نێوان ئەو شەهیدانەدا، ناوی ڕێحانە کەنعانی، ژنێکی لاو و دووگیان کە هاوکات لەگەڵ کۆرپەکەی شەهید بوون وەکوو هێمایەکی لە ستەملێکراوی و بێبەزەییانەی ئەو هێرشانەیە.
ئەو چالاکانە پێداگرییان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە خوێنی شەهیدانی شۆڕشی ژینا و حیزبی دێموکرات نەک بۆ لێترسان نابێت بەڵکوو سەرمایە و چلچرای ڕێگەی بەردەوامیی خەباتن.
ئەو چالاکانە ڕوو لە کۆماری ئیسلامی نووسیویانە: "ئەو ڕێژیمە دەبێت بزانێت بە مووشەک، تێرۆر و سەرکوت، ناتوانێت شۆڕشی ئازادیخوازانەی نەتەوەکانی ئێران کپ بکات.
لە بەشی کۆتایی ئەو بەیاننامەدا، داوا لە کۆمەڵگەی جیهانی، ناوەندە مافی مرۆییەکان و دەوڵەتە ئازادیخوازەکان کراوە کە کۆتایی بە بێدەنگیتان لە بەرانبەر جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی پێبێنن.
نووسەرانی ئەو بیاننامەیە پێداگرییان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە "بێدەنگی لە بەرانبەر ئەو ڕێژیمەدا، بە واتای هاودەستی لەگەڵ سەرکوت و تێرۆریزمی دەوڵەتییە. ئەمڕۆ ئەرکی هەر مرۆڤێکی ئازادیخوازە کە هاواری نەتەوە ستەملێکراوەکانی ئێران ببیستێت و خواستی ڕووخانی ئەو ڕێژیمە بکاتە ئیرادەیەکی جیهانی".
لەو بەیاننامەیەدا سەرەڕای بەرزنرخاندنی یادی شەهیدان، جارێکی دیکە لەسەر پێوەندیی شۆڕشی ئازادیخوازانە لەسەرانسەری ئێران و سەرهەڵدانەوە و بەردەوامیی شۆڕشی ژینا پێداگرییان کردووە.