
ژینا مودەڕس گورجی، ڕۆژنامەوانی کورد و چالاکی مافەکانی ژنان و لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژینا، ڕۆژی دووشەممە ٣١ی خەرمانانی ١٤٠٤، پاش کۆتاییاهنی ماوەی سزاکەی لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی سنە ئازاد کرا.
ئەم چالاکە مەدەنییە لە خەزەڵوەر ١٤٠٣دا بۆ جێبەجێکرانی سزاکەی ڕەوانەی بەندیخانە کرا و سەرجەم ٣٢٥ ڕۆژ لە بەندیخانەی سنە ڕاگیرا.
سزای بەندکرانی ژینا مودەڕس گورجی، لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی سنەوە لە ٢١ ساڵ بەندکرانەوە بۆ ٢٨ مانگ گۆڕدرا و بەپێی ئەم سزایە، ناوبراو لە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتی دوژمن" بێتاوان ناسراوە و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە یەک ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی "دروستکردنی دەستە و گرووپی نایاسایی بە مەبەستی ڕووخانی نیزام" بە ١٦ مانگ بەندکرانی داسەپاو سزا دراوە.
ژینا، لە سەرەتاکانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا، ڕۆژی چوارشەممە، ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە شەقامی سەفەریی سنە بە توندوتیژیی هێزەکان دەسبەسەر کرا و پاش ٤٠ ڕۆژ دەسبەسەری لە بەندی ژنانی زیندانی سنە، ڕۆژی ٨ی خەزەڵوەری ١٤٠١ بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا. لێپرسی دۆسییەکەی، بارمتەکەی بۆ یەک میلیارد تمەن بەرز کردەوە.
ناوبراو پێش لە دەسبەسەرکران لەلایەن ئیتلاعاتی سپاوە بانگهێشت کرابوو و هێزە ئەمنییەتییەکان هەڕەشيیان لێ کردبوو کە لە ئەگەری بەشداری لە ناڕەزایەتییەکانی شاری سنەدا، "خۆر بۆ چاوی خۆت نابینی."
لە مانگی دێسامبری ٢٠٢٤دا، ناوی ژینا مودەڕس چوووە ریزی ١٠٠ ژنی کاریگەری جیهانەوە کە لەلایەن بی بی سییەوە بڵاو دەکرێتەوە.
بی بی سی بە بڵاوکردنەوەی ئەم ڕیزبەندە ڕایگەیاند: کە ژینا مودڕس گورجی لە سەرەتای بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادییەوە دوو جار دەسبەسەر کراوە و جاری یەکەم بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" سزای ٢١ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە و ئێستا بۆ تێپەڕاندنی ماوەی ١٦ مانگ سزای بەندکران، لە بەندیخانەدایە.