
زیاتر لە ٧٠ نوێنەری مەجلیسی ڕێژیمی ئێران بە واژۆکردنی نامەیەک ڕوو بە بەرپرسانی سێ دەزگای جێبەجێکار، یاسادانان و دادوەری و هەروەها ئەنجومەنی باڵای ئەمنییەتی میللیی ڕێژیم، خوازیاری گۆڕینی دوکتۆرینی بەرگری و هەنگاونان بەرەو "دروستکردنی چەکی ئەتۆمی" بوون.
لە دەقی نامەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە هەرچەندە بەپێی فەتوای خامنەیی لە ساڵی ١٣٨٩ کەڵکوەرگرتن لە چەکی ئەتۆمی بە "حەرام" ناسێندرا، بەڵام دروستکردن و ڕاگرتنی وەک بەرگێڕەوە بە پرسێکی جیا دادەنرێت و دەتوانرێت لە ڕوانگەی شەرعییەوە بە گۆڕانی بارودۆخەکە پێداچوونەوەی بەسەردا بکرێت.
هەڵوێستێکی لەو جۆرە بە مانای بەزاندنی بەڵێنییە نێودەوڵەتییەکانی کۆماری ئیسلامی و پشتگوێخستنی پەیماننامەی ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی (NPT) دێت؛ کردەوەیەک کە نەک هەر ئێران دەکێشێتە ناو گێژاوی گەمارۆکان و گۆشەگیریی بێوێنە، بەڵکوو هەڕەشەیەکی جیددی لەسەر سەقامگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەمنییەت جیهانیش دادەنێت.
نوێنەرانی واژۆکەری ئەم نامەیە، داوایان لە شورای باڵای ئەمنییەتی میللیی ڕێژیم کردووە کە دەستبەجێ ئەم پێشنیازە بخاتە بەرنامەی کارەوە.
جێگەی ئاماژەیە ئاشکرابوونی داواکاریی نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیم بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی، سیاسەتی شاراوەی ناوکیی کۆماری ئیسلامی دەردەخات کە ساڵانێکە دەیشارێتەوە.