
بەڕێوەبەریی سەقت و ناکارامەی وەزارەتی پەروەردەی ڕێژیم هەر وەک وەزارەتخانە و بەڕێوەبەرایەتییەکانی دیکە لە ئێران، بووەتە هۆی گرفت و کێشە بۆ مامۆستایان و قوتابییان بەتایبەتی لە ناوچە پەراوێزخراوەکانی وەک کوردستان.
لەم پێوەندییەدا مامۆستایەکی قوتابخانە لە شاری مەریوان باسی لە کۆمەڵێک لە کێشەکانی مامۆستایان و قوتابییان بەتایبەتی لە بەرەبەری دەسپێکی ساڵی نوێی خوێندندا کردووە و کۆمەڵێک زانیاریی وردی لەسەر ئەم کێشانە بۆ ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ناردووە.
ئەم مامۆستایە بارودۆخی قوتابخانەکانی لە ئێستادا بە دۆخێکی کارەساتبار لە قەڵەم داوە و ڕایگەیاندووە کە خوێندنگاکان بۆ ناونووسیکردنی قوتابییان وەک پێشمەرج داوای پارەیان لە بنەماڵەکانیان کردووە.
ئەمە لەکاتێکدایە کە بەپێی یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی خوێندن دەبێت بۆ هەمووان بە خۆڕایی بێت و وەک مافی هاووڵاتییان دیاری کراوە، بەڵام لە ڕاستیدا هەموو قوتابخانە دەوڵەتییەکان ساڵانە بڕە پارەیەک لە بنەماڵەکان وەردەگیرێت.
ناوبراو کە خۆی مامۆستای پۆلەکانی خوێندن لە یەکێک لە قوتابخانەکانی مەریوان بووە دەڵێت: "پاش ماوەیەک وانەوتنەوە، بەڕێوەبەری قوتابخانەکە کە کچی یەکێک لە جاشە بەناوبانگەکانی مەریوانە، بە هاوکاریی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری مەریوان لەو قوتابخانەیە دەریان کردم".
سەرچاوەکە پشتڕاستی دەکاتەوە کە بەڕێوەبەرانی قوتابخانەکان بە شێوەی ڕاستەوخۆ لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بۆ هەڵبژاردنی مامۆستاکان چاوەدێری دەکرێن و جەختیشی کردووەتەوە کە ئەم بەڕێوەبەرانە، مامۆستاکانیان ئاگادار کردووەتەوە کە بە هیچ شێوەیەک نابێت لە پۆلەکاندا باس لە قەیرانەکانی ناوخۆی ئێران بکەن.
ئەم مامۆستایە لە بەشێکی دیکەدا باسی لە کێشە نەبڕاوەکانی خوێندن لە قوتابخانەکانی کوردستان کردووە و ڕایگەیاندووە کە بەپێچەوانەی ستانداردەکانی خودی کۆماری ئیسلامی بۆ ڕێژەی قوتابییان لە پۆلەکاندا، هەموو پۆلەکانی خوێندن بەهۆی کەمی و نەبوونی قوتابخانەی پێویستەوە لە ٣٦ تا ٤٠ قوتابی پێک هاتووە کە زۆر زیاتر لە ڕێژەی ستانداردی جیهانی و ناوخۆییە.
کەمیی و کۆنبۆنی قوتابخانە و خوێندنگە لە کوردستان و ئێران کێشەیەکی بنەڕەتییە کە پاش تێپەڕبوونی نزیک بە ٥ دەیە لە تەمەنی کۆماری ئیسلامی، هێشتا چارەسەر نەکراوە.
ئەم بابەتە لە کوردستان و ناوچە پەراوێزخراوەکانی ئێران بە چەند قات زیاتر لە ناوچە ناوەندییەکانە.