کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"مام وێنس" فیلمی چاکە، بیبینن!

00:35 - 1 رەزبەر 2725

عاشق ئیسماعیلی

"فیلمەکە باسی مامۆستایەکی نۆروێژی دەکا کە ناوی ئاکامە. ئەو مامۆستایە ژیانێکی ئاسوودە و بێ‌دەردەسەریی هەیە و لەگەڵ چەند هاوڕێی لە خانوویەکی هاوبەشدا دەژی. ئەو ژیانە ئارام و ئاسوودەیەی ئاکام بە کتوپڕ پەیدابوونی مامی، لە نیوەشەوێکدا کە بارانێکی توند دەبارێ،  پێچەوانە دەبێتەوە و تێک دەچێ. سەرەتا مامی دەڵێ: هەردوو شەوان لەلای دەمێنێتەوە و ئاکامیش لەگەڵ ئەوەی کە خانووەکەی هاوبەش و زۆر بەرتەنگە و بۆ میوان و میوانداریی نابێ، ڕێگا دەدا مامی بمێنێتەوە، تەختەکەی خۆی دەداتێ و بۆخۆی لەسەر تاقە مۆبڵێک کە دەنێو ژوورەکەدا هەیە، دەخەوێ. دوو ڕۆژەکە تێدەپەڕن، بەڵام مامی ئاکام دەمێنێتەوە و باسی ڕۆیشتنێ هەر ناکا.

بڕوا وەهابپوور، سیناریۆی فیلمەکەی نووسیوە، دەرهێنەریش هەر بۆخۆی بووە و ئەو فیلمەش ئەوەڵ فیلمی درێژیەتی. فیلمەکە بۆ یەکەمجار مانگی مارسی ٢٠٢٥، لە فێستیواڵی جیهانیی "ساوتوێست" لە تێگزاس هاتۆتە سەر پەردە و دواتریش فێستیواڵی فیلمی "کۆسمۆڕاما"ی لە شاری ترۆندهایمی نۆروێژ، پێ‌کراوەتەوە.

پەیمان عەزیزپوور کە لە دەوری "ئاکام"دا دەردەکەوێ و "هەمزە ئاگووشی" کە دەبێتە مام خدر، یان با بڵێین "مام وێنس"، دەورە سەرەکییەکانی ئەو فیلمە دەگێڕن. لە فیلمەکەدا ناوی "خدر" کراوەتە " Jens"، چونکە نۆڕوێژییەکان "خدر"یان باش بۆ نایە. (ئەڵبەت مام خدریش "Jens"ی بۆ نایە و هەر دڵێ: "وێنس". وەرگێڕ)

مام وێنس بەسەرهاتێکە لە جیاوازیی کولتوورەکان، ئەمبەرەوبەر‌کردنی مرۆڤەکان لە نێوان دوو کولتووردا، گرنگیی زمان بۆ ناسنامە و ئەو هەودا نادیارانە کە بنەماڵەکان و خزم و کەسوکار بەیەکەوە دەبەستنەوە.

فیلمەکە بە تێکەڵکردنی کۆمێدی و هێندێک جاریش شێوە دەربڕینێکی ڕاستەوخۆ، تیشک دەخاتە سەر ئەو بەرەنگاری و جیاوازییانە، کە هێندێک جار لە نێوان داب و نەریتە کۆنەکان و شێوەی ژیانی مۆدێڕن و نوێ پێک‌دێن".

(ئەوە تا ئێرە دەقی ناساندنی فیلمەکە بە زمانی سوئێدی بوو، کە سینەماکە کردوویەتی و من کردوومەتە کوردی)

 

ئێمەش "مام وێنس" مان دی

من و چەند کەس لە بنەماڵەکەمان ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٨ی ئاگۆستی، لەگەڵ ژمارەیەک کوردی دیکەی دانیشتووی شاری ڤێستڕۆس، لە خانووی کولتوور"Culturen"ی ئەو شارە، کە ناوەندێکی هونەری و کولتوورییە، فیلمەکەمان دی، کە بەرهەمێکی نۆروێژی ـ کوردییە و پێمان وایە هەم جوان دەرهێنراوە و هەم لە باری دەق و نێوەڕۆکەوە باش و دەوڵەمەندە.

لاوی بە بەهرە کاک بڕوا وەهابپوور، دەرهێنەری فیلمەکەیە. بڕوا تا ئێستا فیلمی دیکەشی بەرهەم هێناون و لە نێوانیاندا "شوانەکە"، کە ئاگووشی لە ویشدا دەوری گێڕاوە، ناسراوە.

لە فیلمەکەدا هەمزە ئاگووشی "مام وێنس"، لە وێنەی پیاوێکی کوردی پەنابەر و تەرە لە وڵاتی خۆیدا دەور دەگێڕێ و پەیمانی عەزیزپوور "ئاکام"، لە دەوری برازای هەمزەیدا دەردەکەوێ. ئەو دووانە کە ئەکتەرە سەرەکییەکانی فیلمەکەن، زۆرباشیان دەوری خۆیان گێڕاوە و ئەلحەق توانیویانە پەیام، یان پەیامەکانی بەسەرهاتەکە زۆر باش بخەنە بەرچاوی بینەر و سەرنجی بۆ هەڵسەنگاندنی مەبەستی فیلمەکە و ئەو ڕاستییە ورد و گرنگانە کە بەدرێژایی فیلمەکە، زەق دەبنەوە و زۆر پرسیاری بە وڵام و بێ‌وڵام دەخولقێنن، ڕابکێشن. هەروەها دەبێ بڵێم کە ئەکتەرە نۆڕوێژییەکانیش لە بەڕێوەبردنی دەوری خۆیاندا سەرکەوتوون.

لە نیوەشەوێکدا کە باران وەک گۆزەی سەرەوژێر دەبارێ و ئاکام دەغوڕابی خەوێ دایە، لە دەرگا دەدرێ و کاتێک ئاکام حەیران و سەرسووڕماو دەرگا دەکاتەوە، لەگەڵ "مام خدر"ی مامی ڕووبەڕوو دەبێ، کە دەڵێ تازە لە وڵاتڕا هاتووە و دەیەوێ دوو شەوان بە میوانی لەلای بمێنێتەوە.

ئاکام، کە بابیشی پێشمەرگە بووە، چکۆڵە بووە کە بنەماڵەکەیان وەک پەنابەر هاتوونەتە نۆڕوێژێ. ئەو لە نۆڕوێژێ گەورە بووە، پێگەیشتووە، بۆتە مامۆستا و ئێستا لە فێرگەیەکی ئەو وڵاتە وانە دەڵێتەوە. ئاکام ڕەبەنە و لەگەڵ چەند ژن و پیاوان لە خانوویەکدا بەشێوەی هاوبەش "collective" پێکەوە دەژین. لەو خانووەدا هەرکەسەو ژووری خۆی هەیە و چێشتخانە و ئاودەستیشیان پێکەوەن.

بۆ ئاکامی، کە لە وڵاتی نۆڕوێژێ گەورە بووە و بە کولتووری ئەو وڵاتە ڕاهاتووە، ئەویش بەو بارودۆخ و شێوە ژیانەوە کە ئەو هەیەتی و وەک باسمان کرد، لەگەڵ چەند کەسی نۆڕوێژی دەخانوویەکدا دەژی، ڕاگرتنی مام خدری زۆر زەحمەتە. چونکە مامی گوێ ناداتە ئەو جیاوازییانە، بە پێوەر و نەریتی خۆی لێ‌دەخوڕێ و هەڵسوکەوت دەکا و دیارە لەبەرچاوی هاوماڵەکانی زۆر نائاسایی و سەیر و سەمەرە دێتە بەرچاو. بەو حاڵەش ئاکام هێشتا ئاسەواری داب و کولتووری خەڵکی خۆی دەبیر و ویژدانیدا ماون. هەر بۆیەش هەرچەند مامی دوای دوو شەوانیش ناڕوا و بە هەڵسوکەوتە سەیر و سەمەرەکانی هەر جارە و کێشەیەکی بۆ دروست دەکا، هەوڵ دەدا تاقەت بێنێ و دڵی نایە مام خدری جواب کا.

هێندەی پێ‌ ناچێ، مام خدر یان مام وێنس هۆی هاتنی خۆی بۆ نۆڕوێژ لە لای ئاکام دەدرکێنێ و دەڵێ: بەهۆی یارمەتیدانی پێشمەرگەیەکی بریندارەوە لە کوردستان قاچاغ بووە و ناچار بووە هەڵێ. لێرەش نەیتوانیوە ئیجازەی مانەوە وەرگرێ و ئێستا بە قاچاغی دەژی.

شەوێک لەنەکاو پۆلیس لە دەرگا دەدا. مام خدر بە حاڵەحاڵ دەتوانێ بە پەنجەرەی لایەکی دیکەی هاڵی ماڵەکەیدا خۆی فڕێ داتە دەرێ و لە گرتن ڕزگاری بێ. پۆلیس ماڵی ئاکام دەپشکنێ و ئاکامیش دەخەنە بەر لێکۆڵینەوە، بەڵام ئەو حاشا دەکا و جێگای مامی ئاشکرا ناکا.

لێرە بەدواوە ئاکام دەکەوێتە نێو گێژاوی کێشەیەکی قورسەوە. لە لایەک هەستی پاراستنی یاسا و ئەرکی هاووڵاتیبوون لەم وڵاتە، گوشار بۆ بیر و دەروونی دێنن و بەهۆی پەنادانی مام خدریەوە  تاوانباری دەکەن و لە لایەکی دیکەشەوە ویژدانی کوردایەتی و مرۆڤایەتی و سۆزی مام و برازایەتی تێی ڕادخوڕن کە دەبێ هەر چۆنێک بێ یارمەتیی مامی بکا و بیپارێزێ.

لەگەڵ تێپەڕینی کات و سات، گێژاوی ئەو کێشە و بێنەوبەرەیە، دەروونی ئاکامی لاو، ئاڵۆزتر دەکا. جارێکیان هەتا سنووری ڕاپۆرتدان لە مامی هان دەدرێ، بەڵام سەرەنجام سۆزی خزمایەتی و هەست بە کوردبوون و هاودەرد بوون بەسەر ویژدانیدا زاڵ دەبێ و وای لێ‌دەکا هەر چۆنێک بێ یارمەتیی مام خدری بکا و بێ‌پشت و پەنای نە‌هێڵێتەوە.

تایبەتمەندییەکی فیلمەکە کە هەستێکی خۆش و جوان دەدا بە بینەری کورد، ئەوەیە کە بەشی زۆری فیلمەکە بە زمانی کوردییە و تێکستی سوئێدیی (لێرە لە سوئێد) بۆ دانراوە، هەر بۆیە تەنانەت ئەو بینەرە کوردانەش کە بە تەواوی شارەزای زمانەکانی سوئێدی و نۆروێژی نین، دەتوانن دەمەبەستی فیلمەکە بگەن و چێژ لە دیتنی دیمەنەکانی وەرگرن. ئەوەش با بڵێم هێندێک ئەکتەری دیکەش کە لە فیلمەکەدا دەورێکی کەمتریان هەیە، لە ڕێستووڕانێکن و هاوڕێ و یارمەتیدەری مام خدرن، وەک ئەمیر و عوسمان و... لەگەڵ ئەوەی پێشتر لە فیلم و شتی وادا یارییان نەکردوە، بەو حاڵەش توانیویانە دەوری خۆیان بە باشی بگێڕن.

لە کۆتاییدا مام وێنس ئاکام بەجێ‌دێڵێ و بێسەروشوێن ون دەبێ، تەنیا سەعاتەکەی دەستی لەسەر پەردە زەق دەکرێتەوە، کە ڕۆژێک ئاکام بە جەفەنگ داوای لێ کرد و ئەویش دەستبەجێ گوتی: "پێشکەشت بێ. ئێمەی کورد ئەگەر خۆشەویستێکمان داوای شتێکی ماڵی خۆمان لێ‌بکا، پێشکەشی دەکەین و پەژیوانیش نابینەوە"، بەڵام ئاکام گوتی: مامە گاڵتە دەکەم، پێشکەشی خۆت بێ. مام یۆنس ئەو سەعاتەی لەبەر دەرگای ماڵەکەی بۆ بەجێ ‌هێشتوە.

ئیدی وڵامی ئەو پرسیارە کە ئەو بۆ کوێ دەچێ و سەرەنجام چارەنووسی ئەو کوردە بێ‌ئەنوایە چیی لێ دێ، بۆ بینەر دەمێنێتەوە. ئەوەش بە باوەڕی من لایەنێکی بەهێزی فیلمەکەیە. ئاخر فیلمەکە بەشێوەیەکی سیمبولیک بەسەرهاتی کوردی مافخوراوی بێدەسەڵاتی بێ وڵاتە، کە ئێستاش ناتوانێ لە نیشتمانی خۆی بە ئازادی بژی و هەروا یان ژێردەست و دەستبەسەرە، یان ماڵ لە کۆڵ و دەربەدەرە و ئەو چیرۆکەش هەروا درێژەی هەیە!

بڵێی ئەو سەعاتە کە دوایین چرکەکان دەردەکەوێ، گەورە دەبێتەوە و هەموو پەردەکە دادەگرێ، ئەو ڕەمزە نەبێ کە کات و ساتی ڕزگاریی گەلی ئێمەش سەرەنجام دەگاتێ و با هیواداربین کە ئەو ڕۆژە دوور نیە؟!