کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەرمانێک لە خەمەکانی خەرمانان

00:48 - 1 رەزبەر 2725

سەباح نیکخا

لەمسەر بۆ ئەوسەری "خەرمانانی سوور" هەتا چاو هەتەر دەکات، خەرمانەی چرای خوێنی خەباتکارانی ئەو خاکەیە؛ بووە بە ڕووناکیدەری ڕێبازی سەربەخۆیی و سۆمای چاوی ڕۆڵە چاونەترسەکانی خاوەن خولیای ئازادی لە خۆرهەڵاتی خۆڕاگری کوردستاندا. سەرقافڵەی شەهیدانی ئەم مانگەمان، شەهیدی سەرکردە مەلا ئاوارەیە کە ١١ی خەرمانانی ٤٧ لە لایەن ڕێژیمی پاشایەتیی پەهلەوییەوە تێکەڵ بە کاروانی نەمران بوو.

کۆماری ئیسلامییش، هەر هاتە سەر کار، شەڕێکی لەگەڵ کورد دەست پێ کرد کە هەتا ئەمڕۆیش بەردەوام قوربانی دەگرێ. شەڕێک کە بوو بە هۆی شەهیدبوونی خۆشەویستترین ڕۆڵەکانمان و کوشتارگەیەکیش بۆ داگیرکەر. شەهیدەکانی ئێمە قارەمانانی ڕێی ڕزگاری و مافخوازیی نەتەوەیەکن و تا هەتایە بیرناچنەوە و کوژراوەکانی ئەوانیش بە ڕووڕەشی چوونە نێو زبڵدانی مێژووەوە.

لەم شەڕی مان و نەمانەدا، بەناو سەربازەکانی ئیسلام بە فەتوای  أَشِـــدَّاءُ عـَلَـى الْكـُفـــَّارِ هەموو چەشنە تاوانێکیان لە کوردستاندا تاقی کردەوە و ئەمانەی خوارەوە تەنیا مشتێک لە نموونەی خەرواری برینەکانی "خەرمانانی خوێناوی"ن بە پێی جۆری پیلانەکانی ڕێژیمی ئاخوندی:

١. تیرۆر:

- یەکەمین ئەندامی ڕێبەریی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی ڕۆژهەڵات کە بە شێوازی تێرۆر شەهید کرا سەرگورد حەبیبوڵا عەباسی بوو، ١ی خەرمانانی ٥٩ لە مەهاباد. هەندێک لە سەرکردە تیرۆر کراوەکانی دیکەمان هەر لەم مانگەدا بریتین لە:

- سەعید یەزدان پەنا، ٢٨ی خەرمانانی ٧٠ لە گەڕەکی زەرگەتەی سلێمانی تێرۆر کرا.

- سدیق کەمانگەر کە ١٣ی خەرمانانی ٦٨ لە ئۆردووگای بەردانگا لە ڕانیە تێرۆر کرا.

- دوکتور سادق شەرەفکەندی و هاوڕێکانی: فەتاح عەبدولی و هومایوون ئەردەڵان کە ٢٦ ی خەرمانانی ٧١ لە بێرلینی پایتەختی ئاڵمان تێرۆر کران.

٢. بۆسە و پیلان:

-  کاک فوئاد مستەفاسوڵتانی، هاوڕێ لەگەل هونەرمەندی شۆڕشگێڕ تەهموورس ئەکبەری ٩ خەرمانانی ٥٨ لە کەمینێکدا لە گوندی بسامی سەقز تێرۆر کران.

- خاتوو عیففەت قازی، چالاکی سیاسی و کچی "پێشەوا قازی محەمەد" ١٥ی خەرمانانی ٦٩ لە شاری ڤێستۆسی سوێد بە تەقینەوەی بۆمبێکی چێنراو لە نامەیەکدا گیانی لێ ئەستێندرا.

- شەریف باجوەر و هاوڕێکانی کە ڕۆژی ٣ خەرمانانی ٩٧ بە تەقینەوەی مینێکی پێشوەختە و لە ئاگرکەوتنەوەیەکی ساختەدا لە گوندی سەڵەسیی مەریوان تێکەڵ بە کاروانی نەمران بوون.

٣. بۆردومان:

- ١٧ی خەرمانانی ٩٧ قەڵای دیموکرات لە کاتی بەستنی پلینیۆمی کومیتەی ناوەندیدا بە مووشەکی دوورهاوێژ کرایە ئامانج و ١٦ کادر و پێشمەرگە شەهید بوون کە لە نێویاندا ئەم ٦ کەسە ئەندامی ڕێبەری بوون: نەسرین حەداد، کەریم مەهدەوی، ئیبراهیم ئیبراهیمی، ڕەحمان پیرۆتی، هاشم عەزیزی و سوهەیلا قادری.

٤. قەڵاچۆ:

کۆمەڵکوژیی گوندەکانی قاڕنێ و قەڵاتان لە ١١ی خەرمانانی ٥٨ کە تەنیا لەم دوو گوندەدا ٦٨ کوردی مەدەنی شەهید کران.

٥. ئێعدامی بەکۆمەڵ:

شەش ڕۆژ دوای فتوای جیهادی جەللادەکەی جەماران دژ بە گەلی کورد، و لە دادگاییەکی ٥ خولەکیدا بە فەرمانی خەڵخاڵی جینایەتکار لە ٣ی خەرمانانی ٥٨ دا ٨ ڕۆڵەی تێکۆشەری کورد لە ناو پادگانی مەریوان گوللەباران کران، دوو ڕۆژ دواتریش لە فڕۆکەخانەی سنە ١١ خەباتکاری دیکەیان تیرباران کرد کە یەکێکیان بە برینداری و لەسەر "برانكارد" بردرایە بەر جوخەی ئێعدام.

=

٦. لەسێدارەدان:

ئێعدامەکان ڕێژەیام لەم مانگەدا زۆر زۆرە و تەنیا چوار گەنجی کورد بە نموونە دەهێنمەوە کە هاوکات لەگەڵ مووشەک بارانەکەی کۆیە و دوو ڕۆژی دواتردا لە تاران و میاندواو لەسێدارە دران: ڕامین حسەین پەناهی، لوقمان، زانیار مورادی و کەماڵ ئەحمەدی‌نژاد کە پارێزەراکانیان دەڵێن هیچیان شایانی سێدارە نەبوون و جگە لە کورد ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان و چالاکانی مافی مرۆڤ لە هەموو جیهاندا داوای ڕاگرتنی حوکمی سێدارەی ئەو کۆمەڵە بەندییە سیاسییەی کوردیان کرد. ئێستاکەش دایکە جەرگ سووتاوەکانیان لە گۆڕستانی خاوەراندا وێڵن بە دوای گڵکۆی ڕۆڵە گۆڕبزرەکانیاندا.

بە بێشەڵانی چڕی کارەسات و زامە جۆراوجۆرەکانی خەرمانانەکاندا هاتین و نەبەزین و  ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠١پارەکە گەیشتینە دەواری بسکە ئاڵۆزەکەی خاتوو ژینا ئەمینی؛ چڵێک لە داربەڕووی سەقز، ئەو داربەڕووەش ڕەگی لە کۆماری کوردستانەوە داکوتابوو و شەمشەمە کوێرەکانی تاران نەیانزانی ئەو کیژە شۆخەمان لە بەر سریوەی ئەستێرە ڕاکشاوەکانی فەیزوڵڵابەگی و تریفەی مانگی سوورە سوارەکەی کۆمەڵەدا باڵای کردووە و بە سانایی، نامرێ و ناوی ئەبێتە ڕەمز.

ئەو بسکە بوو بە تەونی قاڵییەک، بە پانتایی هەموو ئێران. لەو ساتەوە هەر هەڵاڵە برمە دەگرێت و هەتا ئێستاش تابلۆیەکی هیوابەخش و گوڵگوڵینە. ژینا ئێستا نەک هەر پەڵەی شەرمێکی دیکەیە بە نێوچاوانی دزێوی ڕژیمی ژنکوژی ئاخوندییەوە، بەڵکوو ناوی شۆڕشێکە، سەد هێندەی تر ئەو دەسەڵاتەی سووک و بێ‌ئیعتیبار کردوە و دروشمەکەی "ژن، ژیان، ئازادیی" سنوورەکانی کوردستان و ئێرانی بڕیوە و  زیاتر لە هەر ڕاپەڕینێکی ترمان کێشەی کوردی بە جیهان ناساندوە.

ناو و یاد و ڕێبازی شەهیدانی مانگی خەرمانان و سەرجەم شەهیدانمان، بەرز و بەڕێز و پڕ ڕێبوار بێ و بەڵێن بێ تا وەدیهاتنی ئامانجەکانیان لە خەبات بەردەوامین.